فەهمی بورهان: لە سەرژمێری کەرکوک یەکڕیزی و تەبایی کورد-مان بینی

فەهمی بورهان: "هەوڵێکی دوژمنانی کورد هەبوو کە کەرکوکییە ڕەسەنەکان لە زێدی خۆیان تۆمار نەکرێن، بەڵام ئەو ئامانجەیان نەهاتەدی و کەرکوکییەکان گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان".

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنج-شەممە، لە باخچەی دەزگایی میدیایی کەرکوک، فەهمی بورهان سەرۆکی دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، لەبارەی بەڕێوەچوونی پرۆسەی سەرژمێری لە ناوچە کوردستانییەکان کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی ڕێکخست و تیشکی خستە سەر چەند ڕاستییەک لە کاتی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە لەو ناوچانەدا، هەروەها ناوبراو هۆشداریدا لەوەی لە هەندێک ناوچەکانی دەوروبەری خانەقین و کوڵەجۆ و سنوری نەینەوا "جۆرێک لە بەردەوامیدان بە بەعەرەبکردن" بەردەوامە.

لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا سەرۆکی دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: "کاژێر ١٢ی ئەمشەو، قۆناغی سێیەمی سەرژمێری کۆتایی دێت، ئێمەش بەهەموو لایەکی رادەگەیێنین کە پێویستە پڕۆسەی سەرژمێری تەواو بکەین چونکە زۆر گرنگە، تەواوبوونی پڕۆسەکە بە مانای بەدیهێنانی سەرجەم ئامانجەکانی سەرژمێری دێت، ئێمە لە دەستەی ناوچە کوردستانییەکان لە سەرەتاوە هەندێک سەرنج و تێبینیمان لەسەر پڕۆسەی سەرژمیری گشتی لە ناوچەکانی مادەی ١٤٠ هەبوو، خۆشبەختانە دەتوانین بڵێین دیاریکردنی سەرژمێری ساڵی ١٩٥٧ وەکو بنەمایەک بۆ ئەم سەرژمێرییە بۆ ئێمە باش بوو، بەشێک لەو نیگەرانییانەی لەسەر پڕۆسەکە هەمانبوون، رەواندنییەوە".

جێگای باسە، فەهمی بورهان تیشکی خستەسەر بەردەوامی پرۆسەی بەعەرەب کردنی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، ئاشکرای کرد: "لە چەند ناوچەیەکی دەوروبەری کوڵەجۆ و خانەقین جۆرێک لە بەردەوامیدان بە بەعەرەبکردن دەبینین، دەرفەتیان نەداوە تائێستا بەشێک لەو گوندانە سەرژمێرییان تێدا بکرێت، هەروەها لە ناوچەی مەخمور و چەند ناوچەیەکی نەینەواش کێشەی لەو جۆرە هەبوونە".

سەرۆکی دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان ووتیشی: "هەموو ئەوانە بنەماڵانەی لە کەرکوک بوون خەڵکی ڕەسەنی کەرکوکن، نابێت هەندێک کەس و لایەن بە گوتاری نەتەوەیی و سیاسی، بایەخی ئەو بۆنە کۆمەڵایەتییە مەزنە کەمبکەنەوە کە کەرکوییەکان ماڵەکانیان بۆ خزم و دۆستانیان کردەوە و میوانی دۆستی کۆمەڵایەتیان نیشاندا، ئەو لایەنە سیاسیانەی گوتار و پەیامی نەتەوەیی و سیاسیانە بڵاودەکاتەوە دەبێت لە کەرکوکییەکانەوە فێربێت، هیچ کەسێک لێرە تۆمار نەکراوە کە کەرکوکی نەبێت، هیوادارین سیاسییەکانیش بە گوتاری سیاسی و نەتەوەیی بایەخی ئەم میواندۆستییەی کەرکوکییەکان کەم نەکەنەوە".

هەروەها سەبارەت بە رۆڵی یەکڕێزی و حزب و لایەنە کوردییەکان لە هاندانی خەڵکانی کەرکوک بۆ گەڕانەوە و تۆمارکردنی ناوی خۆیان لە زێدی خۆیان، فەهمی بورهان بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاند ووتی: "هەمیشە تەبایی و برایەتی و یەکڕیزی ئامانجە قورسەکانیشی بەدەستهێناوە، زۆرجار دەستکەوتی بچوکیش بە لێکترازان کەوتووەتە مەترسییەوە، هیوادارین ئەم یەکڕیزییەی لە سەرژمێرییدا لەنێوان حزب و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان هەبوو، لە دوای سەرژمێری و بۆ سەرجەم پرسە نیشتمانییەکان هەبێت".

لە کۆتایی قسەکانیدا، فەهمی بورهان سەرۆکی دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، باسی لە هەوڵەکانی دوژمنانی کورد کرد لە بەرەی تورکمانی و عەرەب شۆڤێنییەکان بۆ پەشیمانکردنەوەی کوردانی کەرکوک لە گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان و ڕایگەیاند: "هەوڵ هەبوو کە بەرچاوی کەرکوکییە رەسەنەکان لێڵ بکرێت تاوەکو نەگەڕێنەوە و شارەکەیان و لە زێدی خۆیان تۆمار نەکرێن، بەڵام ئەو ئامانجەیان نەهاتەدی و کەرکوکییەکان گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان".

جێگای باسە، دوێنێ چوارشەممە قۆناغی سێیەمی پڕۆسەی سەرژمێری سەرتاسەری لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد، ئەمڕۆ پێنج-شەممەش دوایین رۆژی تۆماری ئەندامانی خێزان بوو و قەدەغەی هاتووچۆش کۆتایی دێت، دواتر قۆناغی چوارەمی سەرژمێری دەستپێدەکات کە فۆڕمێکە و زیاتر لە ٧٠ پرسیاری لەخۆ دەگرێت.