پەکەکە لە کوردستاندا شۆڕشێکی فیکری و ویژدانییە

لە ناو کۆمەڵگەدا پەکەکە شۆڕشێکی گەورەی عەقڵێ ئافراند. بە ئاگری شۆڕش عەقڵێتی چەقبەستووی سەد ساڵەی هەڵوەراند و ژیانێکی نوێی خوڵقاند.

لە ٢٧ی تشرینی دووەمدا ساڵوەگەڕی ٤٦هەمینی دامەزراندی پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە پیرۆز دەکرێت. ڕەنگە یەکێک لە پرسە سەرەکیەکانی سەردەممان ئەوەبێت؛ تێکۆشانی بێهاوتا و بەردەوامەکەی پەکەکە بۆ ٤٦ ساڵ لە کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چ جۆرە گۆڕانکارییەکی سازکرد؟ بۆ ئەوەی وەڵامێکی دروستی ئەم پرسیارە بدرێتەوە پێویستە بە دروستی شۆڕشی پارتی (پەکەکە) پێناسە بکرێت. ڕاستییەکەی ئەوەیە شۆڕشی پەکەکە بە تەنها شۆڕشێکی سیاسی یان سەربازی نیە، بەڵکو شۆڕشێکە کە ئامانجەکانی لە کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا وەک بونیاتنانی کەسێتی و عەقڵیەتی نوێ پێناسە کردووە.

پەکەکە کۆمەڵگەیەکی سیاسی و ئەخلاقی بە بنەما وەردەگریێت کە لەسەر بناغەی نەتەوەی دیموکراتیک، ئازادیخوازی ژن، ئێکۆلۆژی خوڵقاوە. هەربۆیە تێکۆشانی زەحمەت لە نێو پەکەکەدا تێکۆشانی فکرییە. پێش هەموو شتێک پەکەکە کاری دەستپێکی خۆی لە بواری فیکری دەکات و دەیەوێت عەقڵیەتی کۆمەڵایەتی لە دەسەڵاتداری و باوکسالاری و چەوساندنەوە پاکژ بکاتەوە. ئازادی ژن جەوهەری ئەم تێکۆشانەیە، چونکە سیستەمی باوکسالاری و دەوڵەتگەرای ٥ هەزار ساڵە ژنی لە ژێر فشاردا هێشتووەتەوە، ڕەنجی ژنی بە گوێرەی بەرژەوەندی عەقڵیەتی پیاوسالار بەکارهێناوە. بە کۆیلەکردنی ژن کۆمەڵگە و سروشتی لە ژێر سەروەری دەسەڵاتدارییدا هێشتووەتەوە. بۆیە مرۆڤ دەتوانێ بۆ پەکەکە بڵێت تەڤگەری سەرڕاستکردنەوەی مێژووی درۆیینەیە. پەکەکە بە میراتی بەرخۆدانی کۆمەڵایەتی مێژوویی هەوڵدەدات لە چوارچێوەی مۆدێرنێتەی دیموکراتیکدا بەهای ئەخلاقی و مەعنەوی کۆمەڵگەی سروشتی سەرلەنوێ بژێنێتەوە و پەیڕەوی بکات. هەر لەبەر ئەمەیە ئامانجی بنەڕەتی پەکەکە خوڵقاندنی ژیان و کۆمەڵگەیەکی نوێیە، عەقڵێکی نوێیە بە پێشەنگایەتی ژیانی ئازاد.

دوای ئەوەی بە کورتی پێناسەیەکی پەکەکەمان کرد، ئێستا دەتوانین کاریگەری پەکەکە لە کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستد هەڵسەنگێنین. کاتێک مرۆڤ سەرنج دەخاتەسەر سەردەمی دامەزراندی پەکەکە، دەبینێت کۆمەڵگەی کوردی پارچە ببوو، کەس و کۆمەڵ بە هەرێمەکان، هۆزەکان، مەزهەبەکان و تەریقەتەکان لە پەیوەندییەکی بەهێزدا بوون. لە هەمانکاتدا ڕۆڵی ژنان لە چوارچێوەی نەریتپارێزی توند و ئاینی کۆمەڵگەی فیوداڵدا زۆر کەم بوو. لەگەڵ دامەزراندنی پەکەکەدا گۆڕانکاری بنەڕەتی لە کوردستاندا پێکهاتن. پێشترینیان؛ ژنان لەو دۆخە ڕزگاری بوو و بوونە سیمبوڵی ناسنامەی کۆمەڵگەی نوێ و تێکۆشانی ئازادی. دووەمیش گرنگی سنورەکانی نێوان هۆز و هەرێمەکان بێ کاریگەر و بێ مانا بووەوە و لە نێو کورداندا هەستی یەكێتی نەتەوەیی پێشکەوت. پەکەکە لە ناو کۆمەڵگەی کورددا لە ڕووی فیکرییەوە هەژانێکی گەورەی پێکهێنا، قاڵبی وشکی سەدساڵەی بە ئاگری شۆڕش هەڵوەران و مەودای بە ڕووی ژیانێکی نوێدا کردەوە. لە سەردەمی ئێستادا هێشتا کۆمەڵگە نەگەشتووەتە ئاستی کۆمەڵگەی سیاسی و ئەخلاقی بەڵام کۆمەڵگەیەکی کلاسیک نیە کە بە سیاسەتی فشار و قڕکردن کاریگەر ببێت.

پەکەکە گۆڕدرا بۆ هیوای ستەم لێکراوان

پەکەکە باوەڕی بەوەیە تا لە کوردستاندا فکری ئازاد بە پێش نەکەوێت ئەوا کۆمەڵگە و وڵات ئازاد نابێت. لەبەرئەمە پەکەکە لە تێکۆشانی نیوسەدەیدا گرنگی داوە بە خوڵقاندنی فکر و کەسێتی نوێ. پەکەکە پشت دەبەستێتە ئایدۆلۆژیا لەسەر بنەمای فکر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ. لە دەستپێکی شۆڕشدا ڕێبەر ئاپۆ ئەم حەقیقەتەی دەستنیشانکرد؛ لە کوردستاندا تا فکرێکی سەربەخۆ و ڕێکخستن بوو نەخوڵقێت، گۆڕانێکی بنەڕەتی کۆمەڵایەتی دروست نابێت. بۆیە ڕێبەر ئاپۆ لە چوارچیوەی سۆسیالیزمی زانستییدا مانیفیستۆی شۆڕشی کوردستانی ئامادە کرد. لەسەر ئەم بنەمایە پەروەردەکردنی کادرانی دەستپێکرد. ڕێبەر ئاپۆ ئەکادیمیای پەروەردەی دامەزراند و بە نێرینی کۆمەڵایەتی و مێژووی دەستی بە لێکۆڵینەوەی کەسێتی کورد کرد.

ڕێبەرایەتی هەموو کات دەیگوت، "ئەوەی لێرەدا هەڵدەسەنگێنرێت تاک نیە کۆمەڵگەیە، سات نیە مێژووە". ڕێبەرایەتی کارێکی زۆری لەم بوارەدا کرد. دوای کاری چەندین ساڵە، ئەزموون و پراکتیکی لە گۆڕەپانی ڕێبەر ئاپۆ، گەیشتە ئەو دەرنجامەی کەوتنی کۆمەڵگەی کوردی وەک کەوتنی ژنە. هەربۆیە تا ژن سەرلەنوێ هەڵنەستێتەوە کۆمەڵگەی کوردیش ناتوانێت هەڵسێتەوە. لەبەر ئەمە ڕێبەرتی بە ساڵان کاری ئایدۆلۆژی بەڕێوەبرد، بابەتی کۆیلایەتی ژنی هەڵسەنگاند و کارەکتەری ژنی شیکردەوە. لەبەرئەمە لە ٨ی ئاداری ١٩٩٨دا ئایدۆلۆژیای ڕزگارکردنی ژنی ڕاگەیاند و زانستی ژنۆلۆژی پێشکەشی ژنانی ئازادیخواز لە جیهان کرد.

لەبەرئەمە پەکەکە لە دژی سیستەم لە ناو کۆمەڵگەدا وەک ئەڵتەرناتیڤێک دەرکەوت، ڕۆچووە دڵی ملیۆنان کورد و ئەنتەرناسیۆنالیست. پەکەکە لە سەردەمی بێ بەزەیی و توندوتیژی مۆدێرنێتەی سەرمایەدارییدا بووە مەشخەڵی پرۆمیسۆس و بۆ پاشەڕۆژی مرۆڤایەتی بووە ڕووناکی هیوا. پەکەکە کە گۆڕداریە کەشتییەکی نوح بۆ مرۆڤایەتی لە نێو قەیران و ئاژاوەدا ژیانێکی نوێ و ئارام سەرپێ دەخات. پەکەکە نەک بە تەنها بۆ گەلی کورد، هەروەها لەسەرووی هەموویەوە بۆ ڕێکخستنی ژن و گەنجان، بۆ تەواوی ستەملێکراوان بوو بە هیوا. تاکو پەیڕەوی لە پەکەکە نەکرێت هاوسەنگی سیاسی و سەربازی لە  کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نەکردەنییە، ئیدی ئەمە لای هەموو کەسێکیش ڕوونە. گەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دڵی جیهان بێت، کوردستانیش دڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێت، ئەوا پەکەکە ڕەگی بنەڕەتی ئەم دڵەیە کە دیموکراسی و ئازادی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاودەکاتەوە.