نەورۆزی ئانتاڵیا: بژی بەرخۆدانی ئیمرالی

لەجەژنی نەورۆزی ئانتاڵیادا، بەردەوام دروشمەکانی "ژن، ژیان، ئازادی"، "بژی بەرخۆدانی ئیمرالی" و "بژی ڕێبەر ئاپۆ" بەرز کرایەوە.

 لە گۆڕەپانی شاری ئانتاڵیا جەژنی نەورۆز بەڕێوەچوو، لە جەژنەکەدا گەنجان بە جۆشێکی زۆرەوە بەشدارییان تێدا کرد. بەردەوام لە گۆڕەپانەکەدا دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی' و 'بژی ڕێبەر ئاپۆ' وترایەوە.

مەراسیمەکە دوای خولەکێک بێدەنگی بۆ یادی شەهیدان دەستیپێکرد، هاوسەرۆکی دەم پارتی ئانتالیا سەلامی ئۆزیاشار قسەی کرد و ڕایگەیاند؛ "ئێمە زۆر ئازار و ستەم و توندوتیژیمان بینیوە، ئێستا دەمانەوێت لە وڵاتێکی دیموکراتیکدا بژین. هەروەها بە زمانی دایکیمان پەروەردەمان دەوێت. ئیتر سیاسەتی شەڕ، نکۆڵی، گوشار، ستەم، دەستبەسەرداگرتن بەسە. ئێستا کاتی ئاشتی و خوشک و برایەتییە." ئۆزیاشار ڕایگەیاند؛ عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد ڕێگەی بۆ ئاشتی کردووتەوە بۆیە پێویستە حکومەت هەنگاو بنێت. لە میانەی قسەکانیدا ئۆزیاشار بەرامبەر دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو سەرۆکی شارەوانیی ئەستەنبوڵ کاردانەوەی نیشان دا.

ئەڤین ئاکدۆغان هاوسەرۆکی دەم پارتی ئانتاڵیا قسەی کرد و وتی: "پارادایمی بەڕێز ئۆجالان بووەتە مانیفێستێک بۆ گەلانی بندەست. کوتکی کاوەی ئاسنگەر و قەڵەمی بەڕێز ئۆجالان هەمان شت دەڵێن. بژی بەرخۆدانی گەلی کورد."

زەینەب ئۆدونجو جێگری دەم پارتی ئێلح ڕایگەیاند وا  ١٠٠ساڵە ئاگری نەورۆز بۆ ئازادی و ئاشتی دەکرێتەوە و وتی: "لە ساڵی ٢٠٢٥  بەرێز عەبدوڵا ئۆجالان لە ئیمرالیەوە بانگەوازێکی کرد. ئێمەش لەم بارەوە بۆ دروستکردنی کۆمەڵگایەکی دیموکراتیک درێژە بە تێکۆشانمان دەدەین."

لە کۆتاییدا، ساروخان ئۆلوچ جێگری دەم پارتی ئانتاڵیا، سەرنجی بۆ بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ ڕاکێشا و وتی: "بەڕێز ئۆجالان گۆشەگیریی هەڵوەشاندەوە و بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیکی ڕاگەیاند. ئەو خاڵەی کە لە ماوەی ٥٢ ساڵدا پێی گەیشتووین ئەوەیە کە تێکۆشانمان بۆ ناسنامە، کولتوور، زمانی دایکی و ئازادی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەهێزترین ئاستدایە.

هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد لە کاتی ئاشتیدا بەردەوامبوون لە سیاسەتی قەیوم قبوڵ ناکرێت. ئەوانەی پێشتر دەیانگوت 'کورد بوونی نییە، ئێستا دەڵێن 'کورد هەیە و زمانی کوردیش بوونی هەیە. ئەمەش بە بەرخۆدان بەدەست هاتووە. ئێمە لەگەڵ بانگەوازەکەی بەڕێز ئۆجالانین. بەڕێز ئۆجالان بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ گرتووە و ئێمە هەموومان بەرپرسیارێتی هێنانەدی ئاشتی و چارەسەری دەکەوێتە ئەستۆمان."

ئۆلوچ بەرامبەر بە دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبوڵ کاردانەوەی نیشاندا و دوای وتارەکان ئاهەنگەکانی جەژنی نەورۆز بە پێشکەشکردنی بەرهەمی هونەرمەندان بەردەوام بوو.