کەجەکە: پەیامی نەورۆزی ٢٠٢٥ "پێویستە ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ بێتەدی" بوو
کەجەکە پیرۆزبایی لە گەلی کورد دەکات بەبۆنەی بەشداری بەرچاویان لە نەورۆز، دووپاتی دەکاتەوە پەیامی نەورۆزی ٢٠٢٥ داوای ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ بوو.
کەجەکە پیرۆزبایی لە گەلی کورد دەکات بەبۆنەی بەشداری بەرچاویان لە نەورۆز، دووپاتی دەکاتەوە پەیامی نەورۆزی ٢٠٢٥ داوای ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ بوو.
هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە دەربارەی ئاهەنگەکانی نەورۆزی ئەمساڵ ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.
ڕاگەیاندراوەکە بەم جۆرەیە:
" نەورۆز کە جێگەیەکی زۆر گرنگی هەیە بۆ نیشاندانی ئیرادەی گەلی کوردستان، ئەمساڵ بە بەشدارییەکی بەهێزتر لە ساڵانی ڕابردوو ئیرادەی خەڵکی کوردستانی نیشان دا، و لە ڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە چووە لاپەڕەکانی مێژووەوە. نەورۆزی ٢٠٢٥ چ لە ڕووی بەشداریکردن و حەماسەتێکی بەهێز و چ لە ڕووی پەیامە سیاسییەکانییەوە، گەیشتە بەرزترین ئاست. بە تایبەت لە چوار پارچەی کوردستان، لە هەر شوێنێک کە کوردی لێیە، جەژنی نەورۆز بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە، بە گۆرانی ئازادی و هەڵپەڕکێ و هەلهەلە پیرۆزکرا، گۆڕەپانەکانی نەورۆز بە دروشمەکانی ئازادی کە لە لایەن ملیۆنان کەسەوە بەرزکرابوونەوە، لەرزین. گەلی کورد لەڕێگەی ئاهەنگی نەورۆزەوە لە بەرزترین ئاستدا هەموو جۆرە هێرش و پیلانگێڕیی و یارییەکی دژ بە خۆی پووچەڵ کردەوە و بە ڕوونی ئیرادەی خۆی نیشان دا. لە دڵەوە پیرۆزبایی لە گەلەکەمان دەکەین بۆ بەشداری بەهێزی نەورۆز و سڵاو لە هەڵوێستی بەرخۆدەریان دەکەین.
لە نەورۆزدا داوای ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ کرا
نەورۆزی ٢٠٢٥ بە جۆش و خرۆش و بەشدارییەکی مەزن لە چوار پارچەی کوردستان بەرز ڕاگیرا. گەلی باکوری کوردستان بەبەشدارییەکی ملیۆنان کەسی ڕژانە سەر شەقامەکان، لە هەموو پارچەکانی کوردستان، لە سەرحەدەوە تا دێرسیم، لە بۆتانەوە تا فورات، بە بەهێزی نەورۆزیان پیرۆزکرد. نەورۆزی ئامەد بەرزترین ئاستی ئەمە بوو. ئەمساڵ گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ساڵانی ڕابردوو بەهێزتر بەشداری ئاهەنگی نەورۆزیان کرد. ڕۆحی 'ژن، ژیان، ئازادی' لە نەورۆزدا زاڵ بوو. نەورۆز بەشکۆیەکی مەزنەوە پیرۆزکرا. لە ڕۆژئاوای کوردستان، نەورۆز لە جۆش و باوەڕی شۆڕشدا هەبوو. هەڵوێست و پێداگری بەرخۆدانی ئەمساڵ، نەورۆزی ئەمساڵی ڕۆژئاوای لە هەر کاتێک شکۆدارتر کرد. گەلی باشووری کوردستان لە هەموو جێیەک و بەتایبەت لە قەندیل، بەجۆشێکی مەزن نەورۆزی پیرۆزکرد. لە هەموو ئاهەنگەکانی چوار پارچەکە، بەبەهێزی داوای ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ کرا و خاوەنداری لە بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک کرا. لە نەورۆزدا، هێڵی وڵاتپارێزی و تێکۆشان و ئازادی ڕێبەرێتی لەپێش بوو، گەلی کورد حەسرەتی خۆی بۆ ئازادی و یەکێتیی نەتەوەیی دەربڕی.
تا ئێستاش نەورۆز لە زۆر شوێن بە تایبەت لە دەرەوەی وڵات بەڕێوە دەچێت. هاوشێوەی کوردستان، گەلەکەمان لە دەرەوەی وڵات بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە جەژنی نەورۆز دەگێڕێت. بە حەسرەتی ڕێبەرێتی ئازاد و وڵاتێکی ئازاد، نەورۆز لەلایەن گەلەکەمانەوە بە جۆش و خرۆشێکی زیاتر لە جاران بەڕێوەچوو. جارێکی تر بە جۆش و خرۆشەوە جەژنی نەورۆز لە گەلەکەمان لە تاراوگە و دۆستانمان پیرۆز دەکەین.
خاوەندارییەکی بەهێز لە بانگەوازە مێژووییەکەی ڕێبەر ئاپۆ کرا
بێگومان ئەوەی وای کرد نەورۆزی ئەمساڵ واتادار و مێژوویی بێت، "بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک"ـی ڕێبەر ئاپۆ بوو. لە نەورۆزدا، گەلی کورد بەشێوەیەکی بەهێز وەڵامی بانگەوازە مێژووییەکەی ڕێبەر ئاپۆی دایەوە. بە درووشمی "ڕێبەرێتی ئازاد و کۆمەڵگەی دیموکراتیک" بێ شک و گومان نیشانی دا کە خاوەنداری لە بانگەوازە مێژووییەکەی ڕێبەر ئاپۆ دەکات. هەموو دەڤەر و ساتێکی بە درووشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ" تەنی و دڵسۆزی و خۆشەویستی خۆی بۆ ڕێبەر ئاپۆ نیشان دا. بەکورتی گەلی کورد حەقی درووشمی نەورۆزی ٢٠٢٥ ـی دا، وەک نەورۆزی "ڕێبەرێتی ئازاد و کۆمەڵگەی دیموکراتیک" پێشوازی لەم نەورۆزە کرد. بە دڵنیاییەوە لە نەورۆزدا، دڵسۆزی بەهێز بۆ ڕێبەر ئاپۆ و خاوەنداری بەهێز لە بانگەوازە مێژووییەکەی ڕێبەر ئاپۆ، بوو بە پەیامی نەورۆزی گەلی کورد. پەیامەکانی گەلی کورد لە نەورۆزدا گرنگییەکی مێژوویی هەیە. چونکە گەلی کورد هەمیشە لە نەورۆزدا لە ڕێگەی پەیامەکانییەوە ئیرادەی خۆی دەردەبڕێت. لە نەورۆزی ئەمساڵدا گەلی کورد بە دروشمەکانی خۆی ئیرادەی خۆی دەربڕی. گەلی کورد بە هەڵوێستی ڕوون و یەکلاکەرەوەی خۆیەوە ڕایگەیاندووە کە پێویستە سیستەمی ئیمراڵی هەڵبوەشێتەوە و ڕێبەر ئاپۆ بە شێوەیەکی جەستەیی ئازاد بکرێت. ئەمە پەیامی نەورۆزی ٢٠٢٥ـە. گرنگە ئەم پەیامەی گەلی کورد باش تێبگەن. مەرجی دۆستایەتی لەگەڵ کورد، مەرجی پێکەوەژیان لەگەڵ کورد، ئەمەیە. ئەو نزیکایەتییەی ئەمە نادیدە بگرێت، ئاشکرایە دوژمنایەتی گەلی کورد دەکات. چارەنووسی ئەوانەی وەها نزیک دەبنەوە لەناوچوونە، مێژوو ئەمەمان پێ دەڵێت. بەکورتی ئەوانەی دەیانەوێت دوژمنایەتی کورد نەکەن، دەبێت ئیرادەی گەلی کورد لەبەرچاوبگرن.
پێویستە سیستەمی ئیمراڵی هەڵبوەشێتەوە، ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ بێتەدی
پرسی کورد گەیشتووەتە ئاستێک کە ئیتر پێویستی بە چارەسەرە. چیتر هەڵاتن لە چارەسەرکردنی پرسی کورد ڕێی تێ ناچێت. نەورۆز جارێکی تر ئەم ڕاستییەی خستە ڕوو. ئێمە پێمان وایە گونجاوترین چارەسەر بۆ پرسی کورد چارەسەرێکە لەسەر بناغەی سیاسەتی دیموکراتیک و کار بۆ ئەوە دەکەین. ڕێبەر ئاپۆ جارێکی دیکە بە بانگەوازە مێژووییەکەی بۆ 'ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک'، ئیرادەی خۆی بۆ چارەسەری دیموکراتیکی پرسی کورد نیشان دا. گەلی کورد جارێکی دیکە لە نەورۆزدا نیشانی دا کە دڵسۆزی ئەم ئیرادەیە. پێویستە لەسەر ئەم بناغەیە هەنگاوبنرێت، شتی سەرەکیش ئەوەیە، بۆ پێشڤەچوون و سەرکەوتنی پرۆسەکە، دەبێت سیستەمی ئیمراڵی هەڵبوەشێتەوە و ڕێبەر ئاپۆ بەشێوەی جەستەیی ئازاد ببێت، هەلومەرجی ژیان و کاری ئازادی بۆ بڕەخسێت.
ڕێبەر ئاپۆ و گەلی کورد ئەم ئیرادە بەهێزەیان نیشاندا، لە بەرامبەردا دەبێت دەستبەجێ هەنگاوی پێویست بنرێت. بەڵام تا ئێستە لای دەوڵەتەوە هیچ هەنگاوێک نەنراوە، ئەم کێشەیەکە لە هەڵوێستی ئەواندا. چارەسەری پرسی کورد کە لە بنەڕەتدا پرسی دیموکراتیزەکردنە، لەم دواییانەدا بە فشار و دەستگیرکردن لە دژی کورد و هێزە دیموکراسیەکان و ئۆپۆزسیۆن دەرکەوت، ئەمەش نیشانی دەدات کە دەسەڵات دوورە لە چارەسەرکردنی پرسی کورد. نزیکایەتییە دژە دیموکراسیەکانی دەسەڵاتی ئاکەپە ئەوە نیشان دەدات کە بە شێوەیەکی ئەرێنی لە چارەسەری پرسەکە نزیک نابێتەوە، بەڵکو دەیەوێت پرۆسەکە بە پێی بەرژەوەندییە تەسکەکانی خۆی بەکاربهێنێت. پرسی کورد پرسێکی جددی و بنەڕەتییە کە بە ڕوونی بە نزیکایەتییە تەسکەکانی دەسەڵات چارەسەر ناکرێت. دیارە ئەم جۆرە نزیکایەتییانە، وەک ئەوەی تا ئێستا هەبووە، لەمەودوا بە شێوەیەکی ئەرێنی لەلایەن گەلی کوردەوە پێشوازی لێناکرێت. ئێمە زۆر باش دەزانین کە ئەگەر زیهنیەت و نزیکایەتییەکی دیموکراتیک نەبێت تورکیا دیموکراتیک نابێت و پرسی کورد چارەسەر نابێت".