بە دیمەن

لە کەرکوک پێشانگایەکی تایبەت بە تاوانی کیمیابارانی هەڵەبجەی کرایەوە

لە پێشانگایەکی فۆتۆگرافی دۆکیومێنتەریدا لە کەرکوک ٣٧هەمین ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە کرایەوە.

بۆ یادکردنەوەی کارەساتی مەزنی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە، شەوی هەینی (٢١ی ئادار) لە "باخچەی مارف بەرزنجی" لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، لە چوارچێوەی چالاکییەک بۆ بەبیرهێنانەوەی ٣٧هەمین ساڵیادی کارەساتی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و کۆڕەوە مەزنەکەی گەلی کورد لە باشور ڕێکخرا، بەڕێوبەرایەتی رۆشنبیری و هونەری کەرکوک، هەستا بەکردنەوەی پێشانگایەکی فۆتۆگرافی دۆکیۆمێنتاری بۆ هونەرمەندی فۆتۆگرافەر مەهدی شەفیق.

جێگای باسە، پێشانگاکە بەدەستپێشخەری بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری و هونەری کەرکوک و بەهاوکاری هونەرمەند مەهدی شەفیق کرایەوە کە ناوبراو خاوەن ١٥٠ هەزار وێنەی دۆکیومێنتارییە، لە پێشانگاکەدا سەد وێنە نمایش کران کە پێکهاتبوون لە وێنەکانی کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە و کۆڕەوە مەزنەکەی کوردانی باشوری کوردستان، پێشانگاکە ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت، ڕۆژانە شەوان لە کاتژمێر ٧ تا کاتژمێر ١ی شەو بەڕووی ئامادەبووان کراوە دەبێت.

'هیچ کات شەهیدانی گەلەکەمان لەبیر ناکەین'

مەهدی شەفیق، هونەرمەندی فۆتۆگرافەر، بەم شێوەیە دەربارەی پێشانگاکەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دوا: "لەم پێشانگایەدا یادی ٣٧هەمین ساڵیادی تاوانی کیمیابارانی هەڵەبجە و کۆڕەوە مەزنەکەی گەلی کورد لە باشوری کوردستان دەکەینەوە، هەموو ساڵێک یادی کیمیابارانی هەڵەبجە دەکەمەوە، هەوڵم داوە لەڕێگەی ئەم پێشانگایەدا نەوەکانی دوارۆژمان باوباپیرانیان ببینن کە چ کارەساتێکیان بەسەر هاتووە، لە کۆڕەوکەدا ناچار کران زێدی خۆیان بەجێبهیلن، پێویستە خەڵکی هەڵەبجە بزانێت کە ئێمەی کەرکوکی هیچ کات قوربانیانی هەڵەبجە لەیاد ناکەین، ئەو ئازادییەی ئیستا کوردانی باشوری تیدا دەژێن لە سایەی خوێنی شەهیدانی گەلەکەمانە، هەزار سڵاو لە روحی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان".

'نەهێڵین جارێکی دیکە ئەم مەرگەساتە بەسەر نەتەوەکەمان بێت'

هەروەها مەهید شەفیق ووتیشی: "بەڕاستی کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە جینۆسایدێکی گەورەبوو دژ بە گەلی کورد ئەنجامدراوە، هەروەها ماوەی ١٠ رۆژی دیکەدا ساڵرۆژی کۆڕەوە مەزنەکەی گەلی کوردە لە باشوری کوردستان، لەم پێشانگایەکەدا سەد وێنەی تایبەت بە تاوانی کیمیابارانی هەڵەبجە و کۆڕەوە مەزنەکە نمایش کراون، لەم وێنانەدا مەرگەساتێک دەبینین کە دەبێت جارێکی دیکە نەهێڵین بەسەر نەتەوەکەمان دووبارە بێتەوە، پێویستە هەموو ساڵێک یادی هەڵەبجە لەیاد نەکەین کە زیاتر لە پێنج هەزار کەس شەهیدبوون و نزیکەی ١٦هەزار کەس برینداربوون کە تا ئەمرۆ بەهۆی برینەکانیان دەناڵێنن، هەروەها لە کۆڕەوە مەزنەکەدا هەزاران کەس لە منداڵ، ژن و پیر لەو ڕێگەیە بوونە قوربانی کە وێنەی زۆر ئازارکێش هەبوون بەڵام نمایشمان نەکرد لەبەرئەوەی هەموو کەس بەرگەی ئەو وێنە پڕ لە ئازارانە ناگرن".

'لەم پێشانگایەدا دەبینین کە کورد چەند پڕ لە ئازارن و ئازاریان چەشتووە'

لەلای یەکی دیکەوە، فاخیر حەمید کە رۆژنامەنووسێکی شاری کەرکوکە و سەردانی پێشانگاکەی کردبوو، فاخیر بەم شێوەیە باسی لە ئازاری جینۆسایدی گەلی کورد کرد، "کردنەوەی پێشانگایەکی لەم جۆرە پێمان دەڵێت گەلی کورد بەگشتی و کەرکوکییەکان بەتایبەتی لە ماوەی سەدەی ڕابردوو ئەوەندە پڕ لە ئازارن و ئازارێکی زۆریان چەشتووە، کورد لە سەرتاسەری هەر چوار پارچەکەی کوردستان هەمیشە ئەوەندە ئازاری چەشتووە، کاتێک پێشانگایەکی لەم جۆرە کە پڕە لە ئازاری کوردە، لە هەر شوێنێک نمایش بکرێت یان بکرێتەوە شایستەی ئەوەیە دەستخۆشی لە ڕێکخراوانی بکرێت، پێویستە هەموومان بە گەرم و گوڕی بچین بە دەم کردنەوەی ئەم جۆرە پێشانگایانە تاوەکو مێژووی کارەسات و قوربانییەکانی گەلەکەمان لەبیر نەکەین".

'لە فۆتۆکانەوە بۆت دەردەکەوێت کە کورد چ ئازارێکی چەشتووە'

هەروەها فاخیر حەمید، باسی لە گواستنەوەی ڕووداوە کارەساتبارەکان و ئازارەکانی کورد کرد بۆ نەوەکانی ئیستا و داهاتوو لە ڕێگەی فۆتۆ و بە دۆکیومێنت کردنی ئازارەکانی گەلی کورد و ووتی: "ئەوەی لەم فۆتۆیانە دەیبینم بەڕاستی پڕن لە کوالێتی بەرز کە پڕۆفیشناڵانە ڕۆژنامەنووس و فۆتۆگرافەر کاریان تێدا کردووە، چەند ئازارەکەیان بینیوە دە ئەوەندە توانیویانە ئەو ئازارە بگوازنەوە بۆ ئێستا، کە دوای تێپەڕبوونی ٣٧ ساڵ، کە فۆتۆیەک دەبینیت وادەزانیت ئێستا ئەو ڕووداوە ڕوویداوە یان لەگەڵ ئەو ڕووداوە ژیاویت، لەبەرئەوەی لە ڕێگای فۆتۆکانەوە بۆت دەردەکەوێت کە ئەو خەڵکە چ ئازارێکی چەشتووە، بۆیە بەڕاستی جێگای دەستخۆشییە و پێویستە لەسەر ئاستی باڵا لەم شارەدا بە هەموو چین و توێژەکانەوە بتوانن سەردانی پێشانگاکە بکەن و ئەم فۆتۆیانە ببینن کە ئێمەی کورد هەمیشە لە ئازارداین".

'یەکڕیزی گەلی کورد ڕێگر دەبێت لەبەردەم کۆمەڵکوژی سەر گەلەکەمان'

لە کۆتایی قسەکانیدا، فاخیر حەمید رۆژنامەنووسی دیاری شاری کەرکوک ڕایگەیاند: "کارەسات و کۆمەڵکوژییە یەک لەدوای یەکەکانی سەر گەلی کورد پێمان دەڵێت کە کورد پێویستی بەوەیە یەکڕیز بێت و هەمیشە پشتی یەک بگرێت، بۆئەوەی لە ئازار، کارەسات، و خۆشی و ناخۆشییەکاندا بتوانێت دڵی یەک بداتەوە و بتوانێت هاوخەمی بۆ یەک دەرببڕێت، لەپێناو ڕێگری کردن لە کۆمەڵکوژی و کارەساتی سەری گەلی کورد، یەکڕیزی نەتەوەیی گەلەکەمان لە هەر چوار پارچەی کوردستان زۆر گرنگە، بۆیە یەکڕیزی نەتەوەیی گەلی کورد ڕێگر دەبێت لەوەی کە جارێکی دیکە تووشی ئەو کۆمەڵکوژی، ئازار و نەهامەتییەی لەم شێوەیە ببینەوە کە بەدرێژایی مێژووی بەسەر گەلەکەمان هاتووە".