کۆمیتەی ئازادیی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان لە باشووری کوردستان، لە ئاهەنگی پیرۆزکردنی جەژنی نەورۆز لە قەندیل، پەیامێکیان پێشکەش کرد، پەیامەکە لەلایەن شۆڕش خدر، ئەندامی کۆمیتەکەوە خوێندرایەوە.
دەقی پەیامەکەی کۆمیتەکە بەمشێوەیەیە:
“با نەورۆزی ئەمساڵ بکەینە نەورۆزی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتی”
هەڤاڵان جەژنی کوردانە بەهارە جەژنی نەورۆزە
بەدڵ لێتان دەکەین لەم ڕۆژەدا جەژنە پیرۆزە
هاونیشتمانیانی ئازیز بەشداربووانی مەراسیمی پیرۆزکردنی جەژنی نەورۆزی گەلان، بە بارتەقای پیرۆزی و بەهاداری ئەم ڕۆژە پیرۆزبایی گەرمتان لێ دەکەین، پیرۆزە لەو ڕێبەرەی هەموو ژیانی نەورۆز بوو، لە ڕێبەری ئازادیی گەلان ڕێبەر ئاپۆ، پیرۆزە لە شەهیدانی نەورۆز و تەواوی شەهیدانی ڕێگەی ئاشتی و ئازادیی و دیموکراسی، پیرۆزە لە گەریلاکانی چیای ئازاد و شەڕڤانانی بەرخۆدێر لە بەرەکانی جەنگ لە ڕۆژئاوای کوردستان، پیرۆزە لە تەواوی زیندانییانی سیاسی، پیرۆزە لە خانەوادە و کەسوکاری شەهیدان، پیرۆزە لە هەموو ئەو کەسانەی لە پێناو ئاشتیی و ئازادیی و دادپەروەری تێدەکۆشن و ڕەنج دەدەن، پیرۆزە لە تەواوی مرۆڤایەتی ئاشتیخواز و ئازادیخواز.
گەلی هەڤاڵنۆ: ئێمە لە ساتەوەختێکدا جەژنی نەورۆز پیرۆز دەکەین پەیام و بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیکی ڕێبەر ئاپۆ ڕۆژەڤی هەرە سەرەکی گەلەکەمان و گەلانی ناوچەکە و جیهانە. ڕێبەر ئۆجالان لە پەیامی خۆیدا مانیفێستێکی چارەسەری پرسی کورد و پرسی گەلانی ناوچەکەی پێشکەش کردووین و داوامان لێ دەکات لە ناوەڕۆکی بانگەوازییەکەی تێبگەین و هاوکات بە ڕۆحی بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ ئەم قۆناغەدا بکەین و خۆمان ئەرکدار ببینین بەرامبەر سەرخستنی ئەم پێڤاژۆیە گرنگ و هەستیارە. ڕێبەرمان لە بانگەوازییەکەی خۆیدا بەشێوەیەکی ستراتیژی نزیکی ئاشتی دەبێتەوە و شانس دەداتە کۆمەڵگاکان بەتایبەت کۆمەڵگای کورد و تورکی تاوەکو کۆتایی بەشەڕ و کوشتار و دووبەرەکەی و ئاڵۆزی بێنن. لەم پێناوەشدا لە بەرزترین ئاستدا نەخشەڕێی ئاشتی و چارەسەری بۆ ڕای گشتیی بەیان کردووە. ڕێبەر ئۆجالان پێشنیاری مۆدیلی نوێی تێکۆشانی ئازادیی بۆ تەڤگەر و گەلەکەمان دەکات و سەرکردایەتی پراکتیکی ئەم تێکۆشانەش بەشایستەی گەل دەبینێت. ڕێبەر ئاپۆ دەخوازێت ئیتر لەمەولا تاک بەتاک و ئەندام بەئەندام و هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگای کوردی ڕۆڵی پێشەنگ بگێرن لە سەرخستنی ئەم تێکۆشانەی نزیکەی ٥٠ ساڵە گەلێک بەرهەم و بەها و پیرۆزی و سەرکەوتنی مەزنی بەگەلەکەمان بەخشیوە و ئێمەی گەیاندووەتە ئاستێکی هوشیاری و زهنی و ئەخلاقی و سیاسی و ڕێکخستنی وەها، ئەگەر بەگیانێکی بەرپرسیارانە و لە خۆبووردووانە هەڵسوکەوت بکەین ئەوا مسۆگەر دەتوانین لەئاستی پێشەنگایەتیدا باری شۆڕش و پێداویستییەکانی سەردەم و باری ئەو مۆدیلە لەتێکۆشانی نوێ هەڵبگرین کە ڕێبەرمان بەشایستەی ئێمەی دەبینێ.
ئامادەبووانی بەڕێز
ئاهەنگێڕانی جەژنی ئاشتی و پیکەوە ژیانی کۆمەڵگاکان:
بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆ هێز و مۆڕاڵی بەخشیوە بەهەموومان. هەر کەسی ناچار کردووە دەمەتەقێ لەسەر ئاشتی و چارەسەری بکات. ڕێبەرمان وەک چۆن لە قۆناغی شەڕی ڕزگاری گەلەکەماندا جەنگاوەر و فیداکار و ڕەنجدەری هەرە مەزن بوو، بۆ ئاشتیش جەنگاوەر و ڕەنجەدەری هەرە مەزنە و ئامادەیە بۆ ئاشتی. لەو باوەڕەداین هەموو مەراقی ڕێبەر ئۆجالان ئەوەیە کە لە ناوەڕۆکی بانگەوازییەکەی تێبگەین و لەو چوارچێوەیەدا خۆمان سەفەربەر و بە ڕێکخستن بکەین. سەرەتا گرنگە ئێمە وەک کۆمەڵگای کوردی وەرچەرخانی زهنی لە خۆماندا دروست بکەین و بەگوێرەی پرنسیپ و پێداویستییەکانی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتی بێینە لای یەک و خۆمان بەهێز بکەین و لەنێو تێکۆشانی نوێدا جێگە بگرین.
هەڤاڵانی هێژا و خۆشەویست:
ڕەنجدەرانی ڕێگەی ئازادیی کوردستان:
دەبێت باش لەو ڕاستییە تێبگەین کە هێشتا مەترسی و پیلانگێڕی زۆرن و هێشتا عەقڵییەت و زهنییەتێک لەناوچەکەدا لەسەر کارە کە بەرژەوەندی لە ئاشتی و پێکەوەژیانی ئازادانەی گەلاندا نییە. ئەوە ئێمەین کە بەپشت بەستن بەبانگەوازییەکەی ڕێبەرمان ئەو دوژمنە و ئەو عەقڵییەتە بهێنینە سەر ڕێگای ئاشتی و داننان بەماف و ئازادییەکانی گەلەکەمان. لەم پێناوەشدا مێژوو فەرمانمان پێ دەکات پێهەڵبگرین و ئەم شانسە مێژووییەی هاتووەتە پێش لەدەست نەدەین و وەک گەلێکی پێشەنگ بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتیی و ئازادیی و دیموکراسی و دادپەروەری لەناوچەکەدا ڕۆڵ بگێڕین.
وەک کۆمیتەی ئازادیی ئۆجالان بەهەستکردن بەبەرپرسیارێتی و سەنگی پەیام و بانگەوازییەکەی ڕێبەر ئاپۆ خۆمان ئەرکدار ئەبینین، سەرەتا بەهەوڵدان بۆ ئازادکردنی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ و هاوکات لە بەژیانکردنی ناوەڕۆکی مانیفێستی ڕێبەرمان و هەموو هەوڵ و کۆششێکی خۆمان ئەدەین لەپێناو بەرقەرارکردنی ئاشتی و هێنانە ئارای کۆمەڵگایەکی دیموکرات.
بژی نەورۆز جەژنی ئازادیی گەلان
بژی گەلی بەرخۆدێر و ئاشتیخواز و ئازادیخوازی کوردستان
بژی مانیفێستی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکرات
بژی هەر بژی ڕێبەر ئۆجالان”