لە ناوەندی کۆمەڵگەی دیموکراتیکی کورد مەراسیمی پرسە و سەرەخۆشی بۆ حاجی ئەحمەدی هاوسەرۆکی پێشووی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک)، کە بە هۆی نەخۆشیەوە لە شاری کۆڵنی ئەڵمانیا کۆچی دوایی کرد، لە ڕۆژی سێیەمدا کۆتایی هات.
لەمەراسیمەکەدا هاوسەرۆکی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە)، ئەحمەد کاراموس، سیاسەتمەدارانی کوردی دەرەوەی وڵات و بنەماڵە و هاوڕیانی بەشداریان لە پرسەکەدا کرد.
لە میانەی مەراسیمی پرسەکەدا حاجی شۆرش برازای حاجی ئەحمەدی قسەی کرد و سوپاسی بەشداربوانی کرد.
پاشان ئەحمەد کاراموس هاوسەرۆکی کەنەکە قسەی کرد و ڕایگەیاند کە جاجی ئەحمەدی گیانی خۆی لە پێناو خەباتی گەلی کورد و ئازادیدا بەخت کرد. کاراموس ئاماژەی بەوەدا کە سیاسەتمەدار حاجی ئەحمەدی بە هەڵوێستە سیاسی و هۆشیارییە نەتەوەییەکانی لەدوای خۆی ڕێبازێکی بەجێهێشت. ئەوەشی ئاماژە پێدا کە لە تێکۆشانی خۆیدا کە لە تەمەنی گەنجیەوە دەستی پێکردووە، خۆنەویستانە لە پێناو گەلەکەی کاری کردووە و هەمیشە لە سیاسەتی کوردیدا هەڵوێستێکی مێژوویی نواندووە.
هەروەها ڕاگەیەندراوە کە لە ٣٠ی ئادار لە شاری کۆڵنی ئەڵمانیا ڕێوڕەسمێکی یادکردنەوە بۆ حاجی ئەحمەدی بەڕێوەدەچێت. بڕیار دراوە کە مەراسیمەکە لە هۆڵی ٢٠٠٠ بەڕێوە دەچێت.