نەورۆز لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان واتایەکی جیاوازی هەیە بەراورد بە شارەکانی دیکەی کوردستان، چونکە لە ڕاپەرینە مەزنەکەی گەلی باشوری کوردستان لە بەهاری ١٩٩١دا شاری کەرکوک لە نەورۆزدا لەلایەن خەڵکی شارەکە و هێزی پێشمەرگەوە ئازاد کراوە، دوای ئازادکردنی شاری کەرکوک لە ٢٠ی ئاداری ١٩٩١ بۆ یەکەم جار لەماوەی سەدان ساڵدا ئاگری نەورۆز لەسەر قەڵای کەرکوک کراوەتەوە و گەلی کورد بە ئازادانە نەورۆزیان پیرۆز کردووە.
ئێوارەی رۆژیی پێنج شەممە لە شاری کەرکوک، بەبۆنەی جەژنی نەورۆز و هاتنی سەری ساڵی نوێی کوردی، لە تەواوی شەقام و گەڕەکەکانی شارەکە هاووڵاتیان جلی ڕەنگاو ڕەنگی کوردییان پۆشی و ئاڵای کوردستانیان هەڵگرت و بەکردنەوەی ئاگری نەورۆز سەری ساڵی کوردییان پیرۆز کرد.
'کلتوورمان ناسنامەی ئێمەی کوردە و پێویستە بیپارێزین'
یەکێک لەو گەڕەکانەی شاری کەرکوک کە خەڵکی و کەسایەتییە رۆشنبیرییەکانی شارەکە و تیدا کۆبوونەوە بۆ کردنەوەی ئاگری نەورۆز، گەرەکی بارودخانە بوو، هۆزان موزەفەر کە کچە خوێندارێکی زانکۆیە و لە چالاکی کردنەوەی ئاگری نەورۆز بە خۆش و خرۆشەوە بەشداربوو،
هۆزان موزەفەر، بەبۆنەی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردییەوە، بۆ ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF) ووتی: "ئەمرۆ رۆژێکی خۆشە بۆ ئێمەی کورد چونکە جەژنی نەتەوەییمانە، بێگومان هەستێکی خۆشە کە جل و بەرگی کوردییمان پۆشیوە ئێمە بە کلتووری خۆمانەوە جوانین، هەموو ساڵێک وەکو پارچەکانی دیکەی کوردستان لە بۆنەتە نەتەوەییەکانی گەلەکەمان بە جلوبەرگی کوردی دەردەکەوین، پەیام ئەوەیە کە هەمووان کلتووری خۆیان بپارێزن و بزانن کە ناسنامەی ئێمە کوردە و کلتوورمان ناسنامەمانە".
'نەورۆز یاخیبوونە دژ بەداگیرکەران'
تاریق کارێزی خەڵکی کەسایەتی رۆشنبیر و خاوەن کتێبخانەی کارێز، کە ناوبراو لەپێش ماڵەکەی خۆی لەگەڵ خەڵکی گەڕەکە ئاگری نەورۆزی کردبووەوە، سەبارەت بە گرنگی جەژنی نەورۆز بۆ گەلی کورد، بەم شێوەیە دوا: "نەورۆز تەنها دەستپێکی سەری ساڵی نوێی کوردی نیە، بەڵکو بە پێچەوانەوە مرۆڤی کورد بە تێکڕای هەبوونی خۆیدا دەچێتەوە لەو ڕۆژە، کە ساڵێکی نوێ دێت، نەتەوەی کورد کۆمەڵێک پرسیار لە خۆی دەکات، لە هەر شوێنێک کورد ئازاد نەبوو، کوردستان سەربەخۆ نەبوو، نەورۆز جۆش و خرۆشێکی زیاتری دەبێت، چونکە واتایەکی قوڵتری دەبێت، چونکە نەورۆز یاخیبوونە دژ بەداگیرکەران، لە نەورۆزدا مرۆڤی کورد پرسیاری قورس دەکات کە "من کە هەم بۆ ئازاد نەبم؟" بۆیە ئەگەر تەمەشای ئەو ناوچانە بکەین کە لەژێر دەستی داگیرکەرانی کوردستان دایە نەورۆز بە جۆشتر دەبێت".
'کورد لە کەرکوک شەڕی ناسنامە دەکات'
هەروەها لە درێژەی قسەکانیدا، تاریق کارێزی ووتیشی: "شاری کەرکووک یەکێکە لەو شارانەی کە زیاتر لە سەد ساڵە، کورد شەڕی ناسنامەی لەسەر دەکات، قوربانی زۆری لەپێناو ناسنامەی کوردستان بوونی کەرکوک داوە، ئێستا کە لەژێر دەستی دەوڵەتی عێراق دایە و دەوڵەت نەیویستووە ناسنامەی کوردستانی شارەکە بسەلمێنێت، بۆیە خەڵکەکە دەستپێشخەربووە بۆ ئەوەی داکۆکی لە ناسنامەی کوردستانی شارەکەی بکات، بۆیە هەست دەکەیت نەورۆز لە کەرکوک وەکو باکور و رۆژهەڵاتی کوردستان واتایەکی قوڵتری هەیە، کە دەوڵەت هەوڵی قەدەغەکردنی ئاهەنگی نەورۆز دەکات بەڵام خەڵکەکە بە جۆشتر نەورۆز پیرۆز دەکەن بۆئەوەی داکۆکی لە ناسنامەی خۆی بکات، خەڵکی کەرکوک بەوە ناسراون کە هەستی شانازی کردنیان بە ناسنامەکەی خۆیانە هەیە".
'چەمکەکانی ناسنامەی کورد لە نەورۆزدا چڕ دەبێتەوە'
لە کۆتایی قسەکانیدا، ئەو نووسەرە ئاماژەی بەوەکرد: "بەڕاستی نەورۆز سیمبولێکی زۆر گەورەیە هەموو چەمکەکانی ناسنامە لە نەورۆزدا چڕ دەبێتەوە، لە نەورۆزدا ئێمەی کورد پرسیارە قووڵەکان لە خۆمان دەکەین، کە "ئێمە کێین بۆ ئازاد نیم؟، بۆچی ووڵاتی من داگیر کراوە؟ بۆچی داگیرکەران هەوڵدەدەن هەبوونی من، پێشکەوتنی من لە ژێر کۆنتڕۆڵی ئەوان دابێت" نەورۆز یاخی بوونێکە دژبە داگیرکەران، دژ بە کۆیلایەتی، دژ بە ژێردەستی، بۆیە لە کەرکوک وەک ئامەد و مەهاباد تا ئەندازەیەک وەک قامیشلۆ کە تائێستا نەگەیشتوون بە قۆناغی ئازادی، بۆیە خەڵکەکەی بەگوڕتر بەجۆشتر نەورۆز پیرۆز دەکات، چونکە نەورۆز گوزارشتە لە ناسنامەی نەتەوەییمان، گوزارشتن لە نوێبوونەوەی ژیان و سەر لەنوێ دەستپێکردنەوەی خەبات و تێکۆشان لەپێناوی ئەوەی کە وڵات و نەتەوەکەمان پێشکەوتووبێت و کۆت و بەندی دیلی بشکێنین و بەسەر فرازی و ئازادی بگەین".