کوردیناسیونی کۆمەڵگای ئێزدییەکانی ئەورووپا هێرشەکانی سەر شەنگاڵی ئیدانە کرد

کوردیناسیونی کۆمەڵگای ئێزدییەکانی ئەورووپا (KCÊ-E) هێرشی سوپای عێراقی بۆ سەر شەڕڤانانی یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال (یەبەشە) ئیدانە کرد و داوای لە سوپای عێراق کرد دەست لە هەڵوێستی دوژمنکارانەی دژی ئێزدییەکان هەڵبگرێت.

کوردیناسیونی کۆمەڵگای ئێزدییەکانی ئەورووپا  (KCÊ-E) بەناونیشانی "پێویستە سوپای عێراق دەست لە هەڵوێستە دوژمنکارییەکانی بەرامبەر گەلی ئێزدی هەڵبگرێت" بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە.

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بە هەڵاتنی سوپای عێراق لە کاتی هێرشی داعش بۆ سەر شەنگال کردووە و ڕایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ بە بیانووی "ئاسایش" لە هەوڵی سەپاندنی چەکدانانی قوربانیانی کۆمەڵکوژی شەنگالن.

لە درێژەی بەیاننامەکەدا هێرشی سوپای عێراق بۆ سەر هێزەکانی یەبەشە بە کارێکی دوژمنکارانە لە دژی پاراستن و خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی شەنگال وەسف کرد.

هەروەها لە درێژەی بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەکراوە: "لەم کاتە هەستیارەدا هەوڵی سوپای عێراق بۆ سەپاندنی چەکدانان بەسەر ئێزدییەکان جێگەی سەرنجە و نیگەرانییەکان زیاتر دەکات."

کوردیناسیۆنی کۆمەڵگەی ئێزدییەکانی ئەورووپا لەو بارەوە داوای یەکگرتوویی سەرجەم هێزەکانی ئاسایش و پاراستنی شەنگال کرد و داوای پێکهێنانی یەکێتی نەتەوەیی ئاراستەی هەمووان کرد.