لە قەڵای دێرینی کەرکوک ئاگرکرایەوە و نەورۆز پیرۆز کرا
هاوکات لەیادی ڕاپەرین و نەورۆز، بە دەستپێشخەڕی حیزبە کوردستانیەکانی کەرکوک و بە بەشداری تەواوی چین و توێژەکانی شارەکە ئاگری نەورۆز لە قەڵای دێرینی کەرکوک کرایەوە و نەورۆز پیرۆز کرا.
هاوکات لەیادی ڕاپەرین و نەورۆز، بە دەستپێشخەڕی حیزبە کوردستانیەکانی کەرکوک و بە بەشداری تەواوی چین و توێژەکانی شارەکە ئاگری نەورۆز لە قەڵای دێرینی کەرکوک کرایەوە و نەورۆز پیرۆز کرا.
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنج-شەممە، لە قەڵای شاری کەرکوکی باشووری کوردستان، بە ئامادەبوونی نوێنەری حزب و لایەنە کوردستانییەکانی کەرکوک، و دەیان هەزار هاووڵاتی کوردی شارەکە بە سەرجەم چین و توێژەکانەوە، بەجۆش و خرۆشەوە بەشداری ئاهەنگەکەیان کرد و پێکەوە یادی ٣٥هەمین ساڵیادی ئازادکردنی شارەکە و یادی نەورۆزیان پیرۆز کرد و ئاگری نەورۆزیان لەسەر قەڵای شارەکە کردەوە.
'جیاواز لە ڕابردوو کوردانی کەرکوک بە ئازادی یادی نەورۆز دەکەنەوە'
مامۆستا سەبرییە ئەبوبەکر، بەڕێوبەرێ خوێندنگایەکی شارەکەیە و بەشداری ئاهەنگی کردنەوەی ئاگری نەورۆزی کردبوو لە قەڵای کەرکوک، سەبارەت بە ئاهەنگی نەورۆزی ئەمساڵ بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) وتی: "بەبۆنەی جەژنی نەورۆزەوە پیرۆزبایی لە سەرجەم کوردانی هەرچوار پارچەی کوردستان و جیهان دەکەم، نەورۆز تایبەتمەندی خۆی هەیە بۆ کەرکوکییەکان بەتایبەتی لەئیستادا کە پارێزگاری شارەکە کوردە و خەڵکی بە ئازادی یادی نەورۆز دەکەنەوە، لە ڕابردوودا بەهۆی ئەوەی دەسەڵات بەدەستی کورد نەبوو خەڵکی بە ترسەوە لە شاری کەرکوک یادی نەورۆزیان دەکردەوە بەڵام ئیستا دۆخەکە گۆڕاوە و بە ئازادی ئاگری نەورۆز ئەکەینەوە و هەستی نەتەوەیی خۆمان دەردەبڕین، منیش وەکو بەڕێوبەرێکی قوتابخانەیەکی شاری کەرکوک بە شانازییە ئاڵای کوردستانم لە قوتابخانەکەم بەرزکردۆتەوە کە ئەمە جێگای شانازییە".
'نەورۆز بۆ کەرکوک یادێکە تایبەتی خۆی هەیە'
مامۆستا جەبار عەبدوڵا، بەڕێوبەری "قوتابخانەی ئامادەیی کوردستان"ە لە شاری کەرکوک، وەکو کوردێکی شاری کەرکوک خۆشحاڵی خۆی بە جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێ کوردییەوە دەربڕی کە لە هەمان کاتەدا ئەم رۆژە دەکاتە رۆژی ڕاپەرین وئازاد کردنی شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، مامۆستا جەبار سەبارەت بە یادەکە بەم شێوەیە دوا، "پیرۆز بایی لە تەواوی کوردان دەکەم بەتایبەتی لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، ئەمڕۆ جەژنێکە کە هەموو کورد دەکاتە یەک، یادکردنەوەی جەژنی نەورۆز لە شاری کەرکوک تامێکی تایبەتی هەیە، لە ساڵانی ٧٠ و ٨٠کان کە رژێمی پێشووی بەعس کوردی ڕاودەنا و ڕێگای نەدەدا یادی نەورۆز بکەینەوە بەڵام ئێمەی کەرکوکی سەڕەڕای ڕێگری و مەترسییەکان، بە ئیرادەیەکی بەهێز ئەو یادەمان بەرز ڕادەگرت و ئاگری نەورۆزمان دەکردەوە".
'نەورۆز هێمای ئازادییە یەکێتی کوردانی لێدەکەوێتەوە'
هەروەها ئەو مامۆستایەی شاری کەرکوک ووتیشی: "ئەمساڵیش چونکە پۆستی پارێزگاری شارەکە دیسانەوە بۆ کورد گەڕایەوە، ئەوە بەشێوەیەکی زۆر ڕێک و پێک و بە ئازادی یادی ئەم رۆژەمان کردەوە، نەورۆز یەکێتی هەموو کوردانی لێدەکەوێتەوە بەبێ جیاوازی بیروباوەڕ و ئایدلۆژیا، پێویستە هەموو کوردێک لەم رۆژەدا جلی کوردی لەبەر بکات و دەربچێتەوە دەرەوە چونکە سەری ساڵی کوردییە و هێمای ئازادی کوردە".
'پەیامەکەی ئۆجەلان نەورۆزی ئەمساڵی کردە ساڵیکی گرنگ'
لە کۆتایی قسەکانیدا، مامۆستا جەبار عەبدوڵا، بەگرنگەوە باسی پەیامە مێژوویەکەی ڕێبەر ئاپۆی کرد و ووتی: "نەورۆزی ئەمساڵ ٢٧٢٥ی کوردی ساڵێکی زۆر گرنگە بەتایبەتی دوای پەیامە مێژوویەکەی عەبدوڵا ئۆجەلان کە داوای ئاشتی بۆ تەواوی کوردستان دەکات، پێم وایە ئەم سەدەیە سەدەی کوردە، هەرچوار پارچەی کوردستان بە جۆش و خرۆشەوە نەورۆز پیرۆز کرد، بەتایبەتی لە ڕۆژهەلاتی کوردستان کە بینیمان بە بەشداری سەدان هەزار کەس نەورۆز بەشێوەیەکی زۆر جوان و بە پۆشینی جلی کوردی ڕەنگاو ڕەنگ پیرۆز کرا".
'پۆشینی جلی کوردی هێمای ئازادی و نەتەوایەتیمانە'
لەلای خۆیەوە لاڤە سەباح کە کچە قوتابییەکی شاری کەرکوکە، وە بەبۆنەی جەژنی نەورۆزەوە جلی کوردی پۆشیبوو، ئاماژەی بە گرنگی پۆشینی جل و بەرگی کوردی کرد و گووتی: "پۆشینی جل و بەرگی کوردی هێمای ئازادی و نەتەوایەتی کوردە، کاتێک کە جلی کوردی دەپۆشینی هەستێکی نەتەوایەتیمان پیدەبەخشێت، جێگای خۆشحاڵییە ئەمساڵیش لە سایەی بوونی پارێزگارێکی کورد لە شارەکە توانیومانە بە ئازادی جلی کوردی بپۆشین و یادی نەورۆز و سەری ساڵی کوردی بەرز ڕابگرین".
'ئازادانە ئاڵای کوردستان بەرز دەکەینەوە و جلی نەتەوەیی دەپۆشین'
هەروەها، سیما سەباح کچێکی دیکە شاری کەرکوکە و بەم شێوەیە دەربارەی گرنگی نەورۆز بۆ کورد بەگشتی و بۆ کەرکوک بەتایبەتی قسەی کرد، "جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی کوردیی رۆژێکی تایبەتە بۆ هەموو کوردانی جیهان و پیرۆزبایی لە هەموو گەلی کورد دەکەم، نەورۆز بۆ ئێمەی کەرکوکی هەستی خۆش دەبەخشێت بە دەتوانین بە ئازادنە ئاڵای کوردستان بەرز بکەینەو جلی نەتەوەیی کوردی بپۆشین".