بە دیمەن

باقرخان: سەرئەنجامی ئەم ڕێگایە ئازادییە!

هاوسەرۆکی دەم پارتی تونجەر باقرخان لە نەورۆزی ئامەد وتارێکی پێشکەش کرد و وتی: "بە ڕۆحی نەورۆز و بە باوەڕی کاوە و بە هیمەتی ستەملێکراوان بەردەوام دەبین لەسەر ڕێبازەکەمان. کۆتایی ئەم ڕێگایە ئاشتییە، کۆتایی ئەم ڕێگایە دیموکراسی و ئازادییە."

تونجەر باقرخان هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) لە جەژنی نەورۆزی ئامەد دا قسەی بۆ سەدان هەزار کەس کرد.

تونجەر باقرخان وتی: "ئەمڕۆ دڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە نەورۆزی ئامەد دا لێدەدات. ئەمڕۆ نەک تەنها ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵکو هەموو جیهان چاوی لە ئامەدە، گۆڕەپانەکە بە هێماکانی نەورۆز خەمڵێندراون. چونکە نەورۆز هاتووە. لێرەوە نەورۆزی بەڕێز ئۆجالان پیرۆز دەکەین کە گەلی کوردی گۆڕی بۆ گەلی نەورۆز. ساڵی نوێتان پیرۆز بێت بەرێز ئۆجالان."

بانگەوازییەکەی بەڕێز ئۆجالان، بانگەوازێکە بۆ کردنەوەی گرێکانی میزۆپۆتامیا و ئەنادۆڵ و دەستپێکردنەوەی سەرلەنوێی مێژووە. بەرێز ئۆجالان مێژووییترین هەنگاوی لە ڕێگای چارەسەری دیموکراتیکدا ناوە کە لە ساڵی ١٩٩٣دەستی پێکردبوو. ئەم بانگەوازە باس لە ڕاستی گەلێک دەکات کە چەندین سەدەیە بەرخۆدان دەکات و دەیان ساڵە بۆ چارەسەری دیموکراتیک خەبات دەکات. مانیفێستی پێکەوەژیانی نێوان گەلانی میزۆپۆتامیا و ئەنادۆڵە. جەوهەری بانگەوازییەکەی، ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک و ڕێککەوتنی دیموکراتیکە. ئەم بانگەوازە خاڵی وەرچەرخانە، خاوەنی ئەم بانگەوازەش ئێوەی گەلی بەکەرامەتی گۆڕەپانی ئامەدن.

ئیوە بە بەدیلە بەنرخەکانتان ئێمەتان گەیاندە سەروبەندی ئازادیی. ئێمە لە پرسێکی مێژووییەوە بەرەو ئاشتی و چارەسەرێکی مێژوویی دەڕۆین. بەدرێژایی مێژوو تورک و کورد دەرگای پێکەوە ژیانیان بەڕووی یەکتردا کردۆتەوە و چارەنووسی هاوبەشیان بووە. بەڵام لە سەدەی ڕابردوودا ئەم خوشک و برایەتیە بە دیوار و هەڵاواردن لێک جیا کراونەتەوە. ئەو کەسانەی کە بەهەزار ساڵ لەمەوبەر دەرگای ئەنادۆڵیان بەڕووی گەلی تورکدا کردۆتەوە، وا ١٠٠ ساڵە لە پشتی دەرگاکەدا دوور خراونەتەوە. ئێستا کاتی کۆتایی هێنان بەم مێژووە جیاکارییەیە."

لێرەوە دووپاتی دەکەمەوە بڕیار، هەڵوێست و کردەوەکانمان ڕوونە. ملیۆنان کەس لە ئێمە ئاشتی و یەکسانی و کۆمەڵگایەکی دیموکراتیکی دەوێت. دەبینن ملیۆنان کەس هاتوونەتە گۆڕەپانی نەورۆز و داوای ئاشتی و چارەسەری دیموکراتیک دەکەن. پێویستە هەموو کەسێک بە وردی پەیامی نەورۆز بخوێنێتەوە. ئەم گۆڕەپانانەی نەورۆز بانگەوازییە بۆ ڕێککەوتنی ئاشتی سەدە. تورکیە پێویستە لەگەڵ کوردانی دەرەوەی سنوورەکانی دۆستایەتی بکات نەک دوژمنایەتی.

گەلی هێژای تورکیە لە پێشی ملیۆنان کەس ڕایدەگەیەنم ئەو کورد و عەرەب و تورکمانانەی لە دەرەوەی سنوورەکانی تورکیە دەژین تەنها دراوسێی ئێمە نین، بەڵکو هاوڵاتی، خزم و کەسوکاری هەموومانن. ئەو پەیوەندییە بەهێزەی کە لەگەڵ ئەم کەسانەدا دروستی دەکەین، نەک تەنها بۆ ئاشتی لە تورکیە، بەڵکو بۆ ئاشتی لە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا زۆر گرنگە. دەمەوێت ئەوەتان بیر بخەمەوە کە تورکیە پێویستە لەگەڵ ئەو کوردانەی لە دەرەوەی سنوورەکانی دەژین دۆستایەتی بکات نەک دوژمنایەتی. دوژمنایەتی بۆ تورکیە سوودی نییە. بەڵام خوشک و برایەتی و دیالۆگ دەستکەوتی زۆر گەورە بۆ تورکیە دەبێت."