بە دیمەن

لە کەرکوک بە ناونیشانی "نەورۆز جەژنی ئاشتی و تەبایی" کۆڕێک بەڕێوەچوو

بەبۆنەی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی کوردییەوە، بە ناونیشانی "نەورۆز جەژنی ئاشتی و تەبایی" کۆڕێک لە لایەن کۆمیسیۆنی باڵای مافی مرۆڤ ئەنجام درا.

ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٣ی ئادار، لە هۆڵی کۆشکی ڕۆشنبیری و هونەری، لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، بەبۆنەی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی کوردییەوە، بە ناونیشانی "نەورۆز جەژنی ئاشتی و تەبایی" کۆمیسیۆنی باڵای مافه‌کانی مرۆڤ به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ به‌شی په‌یوه‌ندییه‌ کلتوورییه‌ گشتییه‌کانی کۆشکی ڕۆشنبیری و هونه‌ری له‌ که‌رکوک، هەستان بە سازکردنی کۆرێکی گفتوگۆی کراوە بۆ "سرود مەحمود" بەرپرسی پەروەردە و رۆشنبیری لە نووسینگەی کەرکوکی کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ، سەبارەت بە "رۆژی جیهای جەژنی نەورۆز".

لەسەرەتای کۆڕەکەدا، سرود مەحمود باسی لە مێژووی جەژنی نەورۆز کردو پاشان ئاماژەی بەوەکرد، "نەورۆز نەریتێکی کولتوورییە کە زۆرێک لە گەلان ئاهەنگی بۆ دەگێڕن، بۆنەیەکی دێرینە کە سەرەتای ساڵی نوێی کوردییە و یەکەم ڕۆژی بەهار و نوێبوونەوەی سروشت دیاری دەکات، ئەم جەژنە بەهاکانی ئاشتی و تەبایی نێوان نەوەکانی ناو خێزانەکان، هەروەها ئاشتەوایی و دراوسێیەتی باش بەرەوپێش دەبات، بەمەش بەشداری دەکات لە فرەچەشنی کولتووری و دۆستایەتی نێوان گەلان و کۆمەڵگاکان، گەلی کورد وەک سەرەتای ساڵی نوێ یادی نەورۆز دەکەنەوە ئەم ئاهەنگە نەریتێکی مێژووییە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ دەوروبەری سەدەی شەشەمی پێش زایین، دەستپێکی ساڵێکی نوێ و هاتنی بەهار و لە دایکبوونەوەی سروشت، هەروەها نەورۆز هێمای سەرکەوتنی چاکە بەسەر خراپەدا، و شادی بەسەر خەمدایە، ئاهەنگی نەورۆز کۆمەڵێک ڕێوڕەسم و ڕێوڕەسمی ناوازە لەخۆدەگرێت، هەروەها چەندین بۆنەی کولتووری و چێژ وەرگرتن لە هاوبەشکردنی ژەمێکی تایبەت لەگەڵ خێزان و ئازیزان لەخۆ دەگرێت".

'بەپی دەستور ئەرکە لەسەر دەوڵەتی عێراق بە چالاکی یادی نەورۆز بکاتەوە'

سرود مەحمود بەرپرسی پەروەردە و ڕۆشنبیری لە نووسینگەی کەرکوکی کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ، بۆ ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF) ڕایگەیاند: "بەبۆنەی رۆژی جیهانی جەژنی نەورۆز کە لە ساڵی ٢٠٠٩ لەلایەن یونیسکۆ وەکو رۆژێکی جیهانی و کەلەپوریی نەتەوەیی دیاری کراوە، کە گەلانی ناوچەکە لەم رۆژەدا ئاهەنگ ئەگێرن کە سەری ساڵی نوێ کوردییە، لە کۆڕەکەدا جەختم لەوەکردەوە کە نەورۆز جەژنێکی تایبەت بە گەلی کوردە، لە عێراق بەشێوەیەکی فەرمی دانی پێدادەنرێت و کراوەتە پشووی فەرمی، هەروەها لە کۆڕەکەدا باسی برگەنامە نێودەوڵەتییەکانم کرد سەبارەت بە جەژنی نەورۆز، لە دەستوری عێراقیش ئاماژەی پێکراوە کە گرنگی بە ئاهەنگی نەورۆز بدرێت و لەسەر دەوڵەتە چالاکی بۆ یادکردنەوەی نەورۆز بکات، ئەم کۆڕەی ئەمرۆش لەو چوارچیوەیەیە کە وەزارەتی رۆشنبیری عێراق یادی نەورۆز بەرز ڕادەگرێت".

'دەسەڵاتە سەردەستەکان لە ڕی دژایەتی نەورۆز دژایەتی کورد دەکەن'

لەلای خۆیەوە، یوسف تەیب، بەڕێوبەری کۆشکی ڕۆشنبیری و هونەر لە کەرکوک، کە نوێنەرایەتی وەزارەتی رۆشنبیری عێراق دەکەن، لە سەرەتای قسەکانیدا باسی لەوەکرد کە سەڕەڕای ئەوەی گەلانی سەردەست یادی نەورۆز دەکەنەوە وەکو دژایەتی کردنی نەورۆزی کورد بەڵام نەورۆز موڵکی گەلی کوردە، و ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا ووتیشی: "دەسەڵاتە سەردەستەکان و داگیرکەرانی کوردستان دژایەتی نەورۆز دەکەن چونکە نەورۆزی جەژنێکی کوردییە و لەڕێگەی دژایەتی نەورۆزەوە دژایەتی کورد دەکەن، ئیستا خەباتی کورد لە هەرچوار پارچەی کوردستان ڕوو لە سەرکەوتنە بۆیە کەسێکی وەکو ئەردۆگان ناچار بووە کە بلێت داوا دەکات نەورۆز بکرێتە پشۆی فەرموو، لە کاتێکدا نەورۆزی ساڵی پار ٣٠هەزار ٧٠٠ گەنجی دەستگیرکردووە لەبەر ئەوەی جلی کوردییان پۆشیوە و ئاگری نەورۆزیان کردۆتەوە".

'نەورۆزی ئەمساڵ نەورۆزی ئازادی و سەرکەوتنە بۆ کورد'

سەبارەت بە گرنگی نەورۆزی ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانی دیکە ناوبراو بە گرنگەوە باسی لە بانگەوازە مێژووییەکەی سەرۆک ئاپۆی کرد و ڕایگەیاند: "نەورۆزی ئەمسال نەورۆزی ئازادیی و سەکەوتنە بۆ گەلی کورد، بەتایبەتی دوای نامەکەی سەرۆک ئاپۆ بۆ ئاشتی، هەروەها گفتوگۆ و سەرکەوتنەکانی رۆژئاوای کوردستان و ئەو ئازادییەی لە باشوری کوردستان هەیە، کاریگەری خۆی هەیە لەسەر هاتنە کایەوەی ئاشتی و ئازادی، هیوادارین لە ساڵانی داهاتوو تەواوی نەتەوەکان بەگروتینەوە لەگەڵ گەلی کورد بەشداری نەورۆز بکەن، تەنها ئاشتی و تەبایی خۆشی بەدوای دێت، شەڕ و ململانێ تەنها ماڵوێرانییە و هیچ قازانجی نیە بۆ تەواوی گەلان".

'ساڵانە لە ڕێگەی چالاکی جیاوازەوە یادی نەورۆز دەکەینەوە'

یوسف تەیب ئاماژەی بەوەشکرد: "ئێمە وەکو نوێنەری وەزارەتی ڕۆشنبیری لە کەرکوک، پابەندین بەوەی کە ساڵانە لە ڕیگەی چالاکی جۆراوجۆرەوە یادی نەورۆز بەرز ڕابگرین، لە ڕێکخراوی یونیسکۆ کە سەر بە نەتەوەیەگرتووەکانە، یادی نەورۆز کراوەتە ناو لیستی یادە زیندووەکانی نەتەوەکان، چونکە دەوڵەتی عێراق یەکێکە لەو ١١ دەوڵەتەی کە لە نەتەوە یەکگرتووەکانی واژی لەسەر ئەم یادە کردووە و پابەنەدە بە ڕێکخستنی چالاکی، لە ساڵی ٢٠١٩دا لەسەردەمی ئیدارەی پێشووی کەرکوک هەوڵیاندا ڕێگری بکەن لە سازکردنی ڤستیڤاڵی نەورۆز، هەرچەندە ئەوەی وەزارەتی رۆشنبیری عێراق بودجەی بۆ تەرخان کردبوو، بەڵام سەرەڕای ڕێگرییەکانی ئیدارەی پێشووی کەرکوک ڤستیڤاڵی نەورۆزمان سازکرد و سەرکەوتنێکی باشمان بەدەستهێنا، لەم کۆڕەشدا هەموو نەتەوە جیاوازەکانی شاری کەرکوک ئامادەبوون".

'هیوادارم نەورۆزی داهاتوو نەورۆزی برەودان بێت بە خەباتی نەتەوەیی گەلەکەمان'

لە کۆتایی قسەکانیدا، یوسف تەیب بەڕێوبەری کۆشکی ڕۆشنبیری و هونەر لە کەرکوک، گووتی: "جەژنی نەورۆز رۆژی ئاشتی و تەبایی و برایەتییە، پیرۆزبایی نەورۆزیش لە تەواوی گەلانی ناوچەکە بەگشتی و گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان بەتایبەتی دەکەم، هیوادارم نەورۆزی داهاتوو نەورۆزی ئاشتی، ئازادی، برایەتی و سەقامگیری بێت، وە برەودان بێت بە خەباتی نەتەوەی گەلەکەمان، لەپێناو بەدیهێنانی ئاشتی لەسەرتاسەری جیهان".