ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە ٢٧ ی شوبات ڕاگەیاندراوەکەی ئاشکرا کرد کە گفتوگۆی زۆری لەبارەوە کرا. ڕایگەیاند "هەلومەرجی سەردەمی دەرکەوتنی پەکەکە، گۆڕاون" و بانگەوازی لە پەکەکە کرد "کۆنگرە ببەستن و لە کۆنگرەدا بڕیاری چەکدانان بدەن و خۆتان هەڵبوەشێننەوە". تەنانەت ڕایگەیاند، هەم لەڕووی چارەسەری پرسی کورد و هەم لەڕووی تێکۆشانی سۆسیالیستییەوە، ئەم پرۆسەیە لە سەرەتای ساڵانی نەوەدەکانەوە کەوتووەتە ڕۆژەڤەوە، بۆیە درەنگ کەوتووە.
بێگومان ڕاگەیاندراوەکەی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان بە ناونیشانی "بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک" گرنگی و واتایەکی مێژوویی هەیە. پەکەکە و چەندین لایەن تیشکیان خستووەتە سەر ئەم گرنگییە و ئەم بانگەوازەیان بە "مانیفێستۆی سەدە" و "مانیفێستۆی سەردەم" ناوبردووە. دیارە بڕیار و بانگەوازێکی وەها بۆ گۆڕینی هەیکەلی ڕێکخستنی پەکەکە و گۆڕینی ڕاستی تێکۆشانی تاکتیکی و ستراتیژی، دەرخەری پێگەی ڕێبەرێتییە. ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان بەم بانگەوازە دیسانەوە وەسفی ڕێبەرێتی خۆی نیشانی هەمووان دا.
ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بۆ ئەم بانگەوازەی کرد؟ زۆر ڕوونە، چونکە ڕەوشی ڕێکخستنی ئێستەی پەکەکە و هێڵی تێکۆشانی بۆ ڕێکخستن و تێکۆشانی شارستانییەتی دیموکراتیک و مۆدێرنیتەی دیموکراتیک، بە گونجاو نەبینیوە. بۆیە ئەم بانگەوازەی کرد. هەلومەرجی سەربازی و سیاسیی ئێستەی بۆ ئەم گۆڕانە وەک دەرفەتێکی گرنگ بینی، بڕیاریدا ئەم گۆڕانکارییە ڕیشەییە ئێستە ئەنجام بدات. بەم شێوەیە پێشبینی دەکات پەکەکە بگۆڕێت و گۆڕانی دیموکراتیک لە تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوین پێش بخات.
کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پەکەکە بە ڕاگەیاندراوێک لە ١ ی ئادار، "ئاگربەست"ـی ڕاگەیاند و دووپاتی کردەوە "ئامادەن بۆ بەستنی کۆنگرە". واتە ڕایگەیاند ڕێگە دەکاتەوە بۆ جێبەجێکردنی بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک. هەڵبەتە بۆ ئەوەی لە کۆنگرەدا بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانان بدرێت، دەبێت ڕێبەر ئاپۆ ئازاد ببێت و دەرفەتی کار و خەباتی ئازادی بۆ بڕەخسێت. واتە دووپاتی دەکاتەوە، دەبێت ئەم بڕیارانە ڕاستەوخۆ بە پێشەنگایەتی ڕێبەر ئاپۆ بدرێن.
ئەوەی تا ئێستە دەربارەی پرۆسەکە هەیە، ڕوون و ئاشکرایە. سەرەتا ڕێبەر ئاپۆ بانگەوازەکەی کرد، کەس چاوەڕێی ئەم بانگەوازە نەبوو، پاشان پەکەکە ئاگربەستی ڕاگەیاند "پابەند دەبن" بە ناوەڕۆکی بانگەوازەکە.هەڵبەتە بۆ کاری کۆنگرەیەکی وەها دەبێت ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان ڕاستەوخۆ بەشداربێت. واتە دەڵێت بە پێشەنگایەتی ڕێبەر ئاپۆ کە ئەم پارتەی ئافراندووە و پێشەنگایەتی کردووە، دەتوانرێت بڕیاری هەڵوەشاندنەوە بدرێت.
پێویستە عەبدوڵا ئۆجالان لە هەلومەرجێکی ئازاددا کار بکات و بتوانێت پەیوەندی و گفتوگۆ لەگەڵ هەمووان بکات بە پەکەکەشەوە. لەژێر هەلومەرجی ئەشکەنجە و گۆشەگیری ئیمراڵییەوە، گوتنی با پەکەکە کۆنگرەی خۆی ببەستێت و 'خۆی هەڵبوەشێنێتەوە'، بە پراکتیکی جێبەجێ نابێت. لەو کاتەدا خاڵی گرنگ بۆ پێشکەوتنی پرۆسەکە ئەوەیە کە دەستبەجێ هەلومەرجی ئازادیی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان بڕەخسێنرێت. بێگومان ئەوەی ئەم کارە دەکات،ئەو هێزەیە کە درێژە بە سیستەمی ئیمراڵی دەدات، واتە دەوڵەتی کۆماری تورکیا. ئیتر تۆپەکە لە ساحەی دەوڵەتی تورکیا و سیاسەتەکەیدایە. هەروەها یەکێک لە ئەندامانی شاندی ئیمراڵی، سری سورەیا ئۆندەر، ڕایگەیاند "لەم هەفتەیەدا ڕەوشەکە ڕوون دەبێتەوە" و چاوەڕوانی خۆی دەربڕی.
لەڕاستییدا، بەم شێوەیە تەنها بۆ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان چوارچێوەیەکی یاسایی نوێ درووست ناکرێت. هەندێک لایەنی جەهەپەش لەمەدا گیر ماون، ڕاستییەکەی ئەمە تەنها ڕوواڵەتەکەیە. شتە ڕاستەکە ئەوەیە، چوارچێوەی یاسایی نوێ بۆ ئازادی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان، بۆ دیموکراتیکبوونی تورکیا دەبێتە دەسپێکی گۆڕانی یاسایی. ئەگەر ئەم هەنگاو بنرێت، ئەوکات قاڵبێک هەڵدەوەشێتەوە و پاشان بەئاسانی هەنگاوی پێویست بۆ دیموکراتیکبوون دەنرێت.
لەلایەکی ترەوە، وەڵامدانەوەی ئەرێنی ئەم پرسیارە، ڕەوشێکی ناچارییە. چونکە دەبێت ئیتر سیاسەتی تورکیا ببێتە هێزی بەرهەمهێنانی چارەسەر. ڕەوشی ئێستە بەرئەنجامی ئەوەیە کە پێشتر ئەم سیاسەتە نەبووەتە هێزی چارەسەر. ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالانیش ئاماژەی بەمە کردووە و دەڵێت "پێشتر، لەبەرئەوەی سیاسەتی دیموکراتیک نەبووە، هێڵی پەکەکە بەهێز بوو".
ئەگەر سیاسەتی تورکیا بەردەوام بێت لە ئەزموونکردنی هەمان ناچارەسەری و بڵێت "ئیتر پەکەکە ئاگربەستی ڕاگەیاندووە و خۆی هەڵوەشاندووەتەوە، بۆیە کێشەکە چارەسەر دەبێت"، ئەگەر ئەو هۆکارانەی کە پەکەکەی داهێنا، واتە پرسی کورد و لاوازی دیموکراسی لە تورکیا، پشتگوێ بخرێت، ئەوە ڕوونە کە هەڵەیەکی گەورە دەکەن. لەو حاڵەتەدا ڕەنگە پەکەکە بڕوات، بەڵام ئەوانی تر جێگەی دەگرنەوە. با سەیری مێژووی دوو سەدەی ڕابردوو بکەین؛ سەرهەڵدانێک تێپەڕی، بەڵام دواتر سەرهەڵدانێکی نوێ هات و لە کۆتاییدا بزووتنەوەیەکی وەک پەکەکە، کە نیو سەدەیە بەرخۆدان دەکات، پەیدابوو. ئەگەر پرسی کورد لەسەر بنەمای دیموکراتیککردنی تورکیا چارەسەر نەکرێت، لە داهاتوودا ڕووداوی جیاوازتر و وێرانکەرتر سەرهەڵدەدەن.
کوردان بە بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ بوێری و فیداکارییەکی مەزنیان نیشاندا. سیاسەتی تورکیا دەبێت لە زەحمەتی ئەم شتە بۆ کۆمەڵگەی کوردی تێبگات و جددی وەری بگرێت. لە چەند بەشێکی کۆمەڵگەدا قسەی جۆراوجۆر دەردەکەون کە مرۆڤ ناڕەحەت دەکەن. دایکان بە گوتنی "ئاگربەست تاکلایەنە نابێ، دەبێت هەردوولا چەک دابنێن" هەڵوێستیان نیشاندا. بۆیە دەبێت بزانن چەندێک زەحمەتە پەکەکە ئەو شتە بکات کە داوای لێ دەکرێت.
ئەگەر دەربڕینەکە گونجاو بێت، ئێستە تۆپ لە ساحەی دەوڵەت و دامەزراوە سیاسییەکاندایە. ئەوەی پێیان دەگوت "ئەو تیرۆرەی ڕێگرە لەبەردەم هەموو شتێک" ئیتر نەما. ڕێگەی سیاسەت بەتەواوەتی کرایەوە. ئیتر دەبێت دەسەڵات ڕێگەچارە نیشان بدات. پێویستە لەبیر نەکرێت کە ئەو زەمینەیەی هەموو جۆرە توندوتیژی و تیرۆرێک دەردەخات، سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی سیاسەتی دیموکراتیک. لەم ڕووەوە، دامەزراوەکانی سیاسەت لەبری بینینی ناچارەسەر و سەرڕاستکردنەوەی، بەردەوام ڕەخنە لە توندوتیژی دەگرن، ئەمە هەڵوێستێکی ڕاست نییە و چارەسەری لێ ناکەوێتەوە، دیارە ڕەوشی ئێستە لە سیاسەتی تورکیادا بە ئەزموونێکی مێژووییدا تێدەپەڕێت، ئەگەر ئەم ئەزموونە سەربکەوێت، دیموکراسی تورکیا دەبێتە نموونە، بەپێچەوانەوە، تورکیا دەکەوێتە نێو تاریکییەکی مەزنتر.
بەهیواین لایەن و دامەزراوەکانی سیاسەت بەباشی ئەم ڕاستییە ببینن و ئەم ئەزموونە مێژووییە بە سەرکەوتوویی تێپەڕێنن. هەڵبەت بۆ ئەمە هەوڵ و پشتگیری دامەزراوەکانی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیران و هونەرمەندان و ئەکادیمی و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی گرنگە. ئەگەر گفتوگۆ و هەڵوێست و پشتگیریان هەبێت، هاوکاردەبن بۆ سەرکەوتنی ئەم ئەزموونە مێژووییە. ئەوکات ئەم ئەزموونە مێژووییە دەبێتە سەرکەوتنێکی هاوبەش بۆ هەمووان.
سەرچاوە: یەنی ئۆزگور پۆڵەتیکا