ئەنفال: بێدەنگی و یادەوەریی

کاتێک کە سەیری جینۆسایدی ئەنفال دەکەین، دەبینین کە ئەمە پرسیارێکی قووڵە دەربارەی چۆنیەتی پەیوەندی نێوان یادەوەری و ناسنامە، نێوان توانای گێڕانەوە و نەگوتراوەکان، نێوان مرۆڤبوون و ئەو هێزانەی هەوڵی سڕینەوەی مرۆڤەکان دەدەن.

لە قووڵایی هەستی کوردەواریدا، ئەنفال تەنیا ڕووداوێکی مێژوویی نییە، بەڵکو پرسیارێکی بوونناسییە سەبارەت بەوەی چۆن دەکرێت لە سایەی کارەساتێکی وەهادا بەردەوام بین لە بوون؟ وەک چۆن ئادۆرنۆ دوای جینۆسیایدی هۆڵۆکۆست لە توانای شیعر گومانی کرد، ئێمەش دوای ئەنفال لە توانای زمان بۆ گەیاندنی قووڵایی ئازار  گومان بکەین و لێی بپرسینەوە. ئەم کارەساتە سنوورێکی مەعریفی بۆ کولتووری کوردی دروستکردووە: چۆن تێبگەین لەوەی کە لە سنووری تێگەیشتنماندا ناگونجێت؟ کاتێک باس لە ئەنفال دەکەین، باس لەو دۆخە دەکەین کە تێیدا مرۆڤ لە هەموو مافێک داماڵراوە و بووەتە تەنیا «ژیانێکی ڕووت»بە مانا ئاگامبێنیەکەی، ڕووتکراوە لە هەموو پێناسەیەکی مرۆییانە. گەرمیان لەو سەردەمەدا بوو بە شوێنی هەڵپەساردنی یاسا، ئەو شوێنەی کە دەسەڵات بە ڕەهایی تیایدا جێبەجێ دەکرێت. ئەمە دەرخەری ترسناکترین لایەنی دەوڵەتی مۆدێرنە: دۆخێک کە تێیدا کوشتن دەبێتە مافێکی نۆرماڵی دەسەڵات.

پرۆسەی لە مرۆڤخستن کە لە ئەنفالدا ڕوویدا، ڕەنگدانەوەیەکی ڕاستەوخۆی ئەو «کاڵفامی خراپە»یە کە هانا ئارێنت باسی دەکات لە جینۆسایدی هۆڵۆکۆستی جووەکاندا. لەو چوارچێوەیەدا، بەرپرسانی بەعس بە ڕێگای بیرۆکراسی و سیستەمی زنجیرەیی فەرمان، توانیان کردارێکی دڕندانە جێبەجێ بکەن بەبێ ئەوەی هەست بە گەورەیی تاوانەکەیان بکەن. ناتوانایی خۆخستنە شوێنی قوربانییەکان، ئەو شتەیە کە ئەم جۆرە تاوانانە مومکین دەکات، کاتێک کورد بوو بە «ئەویتر»ـی تەواو، ئەوەی کە شایەنی هیچ هاوسۆزییەک نییە. لە نێوان ئەزموونی قوربانییەکان و تواناکانی زمان بۆ گێڕانەوە، کەلێنێکی قووڵ هەیە. ئەم «ناکۆکییە» بووەتە بەشێکی سەرەکی لە هەوڵی تێگەیشتن لە ئەنفال. هەندێک ئەزموون بەدەر لە توانای گێڕانەوەن، وەک ئەو دایکەی منداڵەکەی لە باوەشیدا کوژرا، یان ئەو پیاوەی بە چاوی خۆی بینی چۆن خێزانەکەی یەک بە یەک گوللەباران کران. چۆن دەتوانین ئەمانە بگێڕینەوە؟ پێویستمان بە گێڕانەوەیەکی نوێیە، گێڕانەوەیەک کە نەک تەنیا باس لە ڕووداوەکان بکات، بەڵکو ئەو بێدەنگییەش بخاتەڕوو کە لە ناخی ڕووداوەکاندا هەیە.

یادەوەری لە ئەنفالدا، وەک پۆل ڕیکۆر ئاماژەی پێدەکات، کردارێکی چالاکە بۆ داڕشتنەوەی داهاتوو. «هێرمێنیۆتیکای یادەوەریی» لە چوارچێوەی ئەنفالدا، هەوڵێکە بۆ لێکدانەوەی بەردەوامی ڕابردوو تاوەکو واتای نوێ بدۆزینەوە. یادەوەری کۆیی گەلی کورد لە ئەنفالدا، تەنیا کۆکردنەوەی زانیاری نییە، بەڵکو پرۆسەیەکی بەردەوامی تێگەیشتن و داڕشتنەوەی مانای ژیانە دوای تراومایەکی گەورە. بێ دادپەروەری تەواو، گەرمیان لە نێوان دوو جەمسەردا ڕاگیراوە: یادەوەری وەک بارێکی قورس و یادەوەری وەک سەرچاوەی هێز و بەرگری. فەرهاد شاکەلی لە تیۆرییەکانیدا، «گرژی یادەوەریی» بەکاردێنێت. بۆ کورد، یادەوەری ئەنفال بۆتە شوێنێک بۆ بەرگری لە ناسنامە و چارەنووس. شاکەلی ئاماژە بەوە دەکات کە تراوما دەگوازرێتەوە، واتە نەوەکانی دوای ئەنفالیش هەڵگری بریندارییەکی ناسنامەیین، ئەگەرچی ڕاستەوخۆ ئەزموونی کارەساتەکەیان نەکردووە. لەم ڕوانگەیەوە، ئەنفال بەشێکی سەرەکییە لە «ڕەچەڵەکناسی ئازار» لە کولتووری کوردیدا، ئەو پرۆسەیەی کە تێیدا ئازار دەبێتە بەشێک لە پێناسەی دەستە کۆیی. وە شوێنەواری بێدەنگی ئەنفال خاڵێکە کە زمان تێیدا دەگاتە سنووری خۆی و ناتوانێت بەردەوام بێت.

کاتێک کە سەیری کارەسات-جینۆسایدی ئەنفال دەکەین، دەبینین کە ئەمە پرسیارێکی قووڵە دەربارەی چۆنیەتی پەیوەندی نێوان یادەوەری و ناسنامە، نێوان توانای گێڕانەوە و نەگوتراوەکان، نێوان مرۆڤبوون و ئەو هێزانەی هەوڵی سڕینەوەی مرۆڤەکان دەدەن. ئەنفال بە دەربڕینە «هایدیگەر-بادیۆ»کەی دەبێ وەک «ڕووداوێکی بوونناسانە» سەیر بکرێ، ڕووداوێک کە سنوورەکانی تێگەیشتنمانی لە چەمکەکانی مرۆڤبوون، یادەوەری، داد، و حەقیقەت گۆڕیوە. بە مانایەکی دیکە؛ ئەنفال بانگەوازێکە بۆ بیرکردنەوەیەکی قووڵتر دەربارەی چۆنیەتی ژیان دوای کارەسات، چۆنیەتی تێگەیشتن لە ئازارێک کە لە زمان بەدەرە، و چۆنیەتی داڕشتنەوەی پێکهاتەی کۆمەڵگایەک کە لە دوای تراوما و زەبرێکی گەورە بەردەوام دەبێت لە بوون. ئەنفال فێرمان دەکات کە بێدەنگی خۆی زمانێکە، ئەو زمانەی کە لە سنووری وشە و دەربڕینەکان دەچێتە دەرەوە، بەڵام هێشتا پێویستە گوێی لێ بگیرێت.