لە کەرکوک کۆڕی "ئەنفال لە میدیای بەعسدا" بەڕێوەچوو

لە ٣٧هەمین ساڵیادی پرۆسەی بەدناوی ئەنفال و جینۆسایدی گەلی کورد، لەژێر ناونیشانی "ئەنفال لە میدیای بەعسدا" لە شاری کەرکوک کۆڕێک بۆ نووسەر و رۆژنامەنووس ئەسعەد جەباری سازکرا.

ئێوارەی ئەمرۆ دووشەممە ، لە ساڵۆنی شەقامی جمهوری، لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، بەئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتی رۆشنبیر، نووسەر و ئەدیب، مامۆستا، چالاکوانان و میدیاکاران، لەژێر ناونیشانی "ئەنفال لە میدیای بەعسدا" کۆڕێک بۆ ئەسعەد جەباری نووسەر، رۆژنامەنووس و پێشمەرگەی دێرین ڕێکخرا کە ناوبراو لەسەر ئەو بابەتە توێژینەوەیەکی کردووە و کتێبێکی چاپکردووە.

'حکومەتی عێراق لە ڕێگای میدیاوە ڕەوایەتی داوە بە جینۆسایدی کورد'

سەرەتای کۆڕەکە بە ساتێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان و قوربانیانی پرۆسەی بەدناوی ئەنفال دەستی پێکرد، پاشان لە کۆڕەکەدا نووسەر ئەسعەد جەباری بە تیشکخستنەسەر ناوەڕۆکی  تۆژینەوەکەی، ئاماژەی بەوەدا، بەدرێژایی مێژوو دەوڵەتی عێراق دەوڵەتی ئاگر و ئاسن و خوێن بووە، لە میدیای و رۆژنامەکانی عێراق تاوانی ئەنفال و کۆمەڵکوژی گەلی کورد تۆمارکراوە، حکومەتی عێراق زۆر وریا و زیرەکانە رۆژنامەکانی دەوڵەتی خستۆتەکار بۆ ڕەوایەتیدان بە کوشتنی گەلی کورد، لە رۆژنامەکانی عێراق ژمارەی قوربانیان تۆمارکراوە تاوەکو مانگی پێنج ئەو ساڵە، بەڵام دوای مانگی پێنج لەترسی بە بەڵگە بوون دژ بە رژێمی پێشووی بەعس تۆمارکردنی تاوانەکانی جینۆسایدی کورد لە ئەرشیفی رۆژنامەکانەوە وەستاوە".

'میدیاکانی بەعس کوردیان تا سەر ئێسقان هاڕیوە'

هەروەها نووسەر لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوەش کرد کە دەسەڵاتی پێشووی حکومەتی بەعس لە عێراق لە چوارچێوەی ڕەوایەتیدان بە جینۆسایدی گەلی کورد لە پرۆسەی بەدناوی ئەنفال، میدیایەکی زۆر گەورەی خستۆتەکار کە هەتا سەر ئێسقان کوردی هاڕیوە، ئەگەر عێراق تووشی لێکەوتەکانی هێرشکردنە سەر ووڵاتی کوەیت نەبوایە ئەوە قۆناغی دیکەی شاڵاوەکانی جینۆسایدی گەلی کورد بەردەوام دەبوو.

'بابەتی کۆرەکە باتێکی زۆر هەستیار بوو'

سەبارەت بە کۆڕەکەی، ئەسعەد جەباری نووسەر و رۆژنامەنووس و پێشمەرگەی دێرین، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەیکرد و گوتی: "لەم ساڵیادەدا کە ١٤ی نیسانە، بابەتی کۆرەکەمان لەسەر پرۆسەی جینۆسایدی ئەنفال لە میدیای بەعس بوو، شەن و کەوێکی ئەو بابەتەمان کرد کە لە ڕابردوودا میدیای بەعس چۆن ڕووماڵی بابەتی ئەنفالی کردووە، بەتایبەتی ڕۆژنامەی "سەورە"، بابەتەکە گفتوگۆیەکی تێر و تەسەری لەسەر کرا،  بابەتی کۆڕەکە بابەتێکی زۆر هەستیارە کە ئەویش بابەتی ئەنفالە، چەند قسەی لەسەر بکرێت هێشتا کەمە، خۆشبەختانە، ئومێدەوارم بتوانم لە ئایندەدا زیاتر بابەتەکانم دەوڵەمەند بکەم، بەتایبەتی ئەنفال لە میدیای بەعس ئەگەر بە فراوانی زیاتر قسەی لەسەر بکەین".

'تا ئێستا کۆمەڵکوژی کورد بەردەوامی هەیە'

هەروەها ئەسعەد جەباری ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم پرۆسەی ئەنفال، پرۆسەیەکی بەرنامە بۆ دارێژراو بووە و ئامانج لی قڕکردنی کوردبووە، ئەگەر لاپەڕەکانی مێژوو هەڵدەینەوە هەر لەم عێراقەدا کۆمەڵکوژییەکی زۆر دژ بە کورد ئەنجامدراوە، لە ساڵانی ١٩٦٠کان تاوەکو پرۆسەی ئازادی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣، وە ئێستاش پرۆسەی کۆمەڵکوژی کورد بە ڕێگەی جیاواز هەر بەردەوامی هەیە، دەوڵەتی عێراق دەوڵەتی ئاگر و ئاسن و خوێنە، مامەڵە کردن لەگەڵ کەیسی عێراقدا مامەڵەیەکی زۆر قورس و هەستیارە، ئەگەر کورد خاوەن قەوارەیەکی سیاسی و دەوڵەت بووایە ئەیتوانی جینۆسایدی گەلەکەی بە نێونەتەوەیی بکات بۆیە ناتوانێت سەربەخۆیانە هەنگاو بنێت".

'پێویستە دامەزراوە هەبێت بۆ بە دیکۆمێنتکردنی جینۆسایدی گەلی کورد'

لە کۆتایی قسەکانیدا ئەو نووسەرو رۆژنامەنووسە، ڕەخنەی لە کەمتەرخەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان گرت کە ئەم ڕووداوانەیان بەشێوەیەکی بەفراوان و ئەکادیمی دیکۆمێنت نەکردووە و گووتی: "بەداخەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەکو پێویست نەیتوانیوە ئەم کەیسە بەشێوەیەکی بەرفراوان دیکۆمێنت بکات، ئەوانەی ئەم تاوانەی ڕژێمی بەعسیان دیکۆمێنت کردووە لەسەر ئەرکی تاکە کەسی بووە و هەڕەمەکی کاریان کردووە ئەمەش گرفتێکی گەورەیە، هیوادارین حکومەتی هەرێمی کوردستان دامەزراوەیەکی یاسایی و ڕێسایی هەبێت بۆ دیکۆمێنتکردنی سەرجەم ئەو تاوانی جینۆسایدانەی کە دژ بە گەلی ئەنجامدراوە، لە کۆتایدا دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدان".