هاوسەرۆکایەتی ئەنجوومەنی گەلی دیموکراتیکی کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جوودی (مەخموور) دەربارەی فشارەکانی حکومەتی عێراق لەسەر کامپەکە ڕاگەیاندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا دەستنیشان کراوە، حکومەتی عێراقی لەبری چارەسەرکردنی کێشەکانیان، بە پێچەوانەوە بەو ڕێکارانەی گرتوویەتەبەر کێشەی کامپەکەی قوڵترکردووەتەوە.
لە بەردەوامی راگەیاندراوەکەدا دیاری کراوە، فشارەکانی سەر کامپەکە، لەگەڵ کۆبوونەوەی ئەم دوایەیی نێوان عێراق و تورکیا زیاتر بووە و هاتووە: "وێڕای بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک، دیدارەکانی نێوان دەوڵەتی تورک و عێراق هیچ خزمەتێک بە چارەسەری سیاسیی ناکات. بە پێچوانەوە بۆ ڕازیکردنی یەکتر فشارەکانیان لەسەر کامپەکە زیاد دەکەن. هەرچەندە کامپەکەمان لە ڕووی ئیداری و ئەمنییەوە گرێدراوی حکومەتی عێراقە، بەڵام حکومەتی عێراق بەهیچ شێوەیەک نییە کێشە تەندرووستی، پەرەوەرەدە، ژێرخان، ئیداری و یاساییەکان چارەسەر بکات."
لە بەردەوامی ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژەی بەوەکراوە چەندین کەس کە نەخۆشی درێژخایەنی وەک شێرپەنجەیان هەیە، ناتوانن دەرمانەکانیان وەربگرن و بە ناسنامەی ئێستاوە بڕۆنە نەخۆشخانە.
ئەنجوومەنەکە سەرنجی خستەسەر دۆخی خوێندکارانی زانکۆ و گوتی: "چوارساڵە ڕێگەی نادرێت خوێندکارانی کەمپەکە بچنە زانکۆ بخوێنن و ئەم دەرفەتەیان لێ وەرگیراوەتەوە. سەرەڕای ئەوەش حکومەتی ئێراق چەندین جار بەڵێنی دا پرسی خوێندکاران چارەسەر بکات، بەڵام ئەمساڵیش خوێندن کۆتایی هات و دەرگای زانکۆ بەڕووی خوێندکاراندا نەکرایەوە."
هاوسەرۆکایەتی ئەنجوومەنی گەلی کەمپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جوودی (مەخموور) لە درێژەی ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژەی بەوەداوە کە هەموو ساڵێک بۆ پەنابەران لەسەرانسەری عێراق هاوکاری دابەشدەکرێت، لە زستاندا سووتەمەنی دابەشدەکرێت، سەرەڕای ئەوەش بەڵگەی پێویستیش هەیە، ساڵانێکە عێراق هاوکاری کەمپەکە ناکات. هەروەها ڕاگەیاندراوە کە دەیان پڕۆژەی ئاو و ڕێگەی شارەوانی کەمپەکە هەیە کە دەبێت چارەسەر بکرێن، بەڵام چەندین جار لیژنەی حکومەتی عێراق هاتن و چارەسەریانیش نەکرد.
ئەنجوومەنی گەل لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەدا کە عێراق نزیکەی هەفتەیەکە ڕێگە نادات کەل و پەلی ئاوەدان کردنەوە و بیناسازی بچێتە نێو کەمپەکەوە.