کەنەکە: ئەرکی دەسەڵاتدارانە ئەنفال بکەنە کەیسێکی نێونەتەوەیی
کەنەکە بەبۆنەی ٣٧ هەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژی ئەنفالەوە ڕاگەیاندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوە، داوای یەکڕیزی لە گەلی کورد دەکات و دەڵێت: "ئەرکی دەسەڵاتدارانە ئەنفال بکەنە کەیسێکی نێونەتەوەیی".
کەنەکە بەبۆنەی ٣٧ هەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژی ئەنفالەوە ڕاگەیاندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوە، داوای یەکڕیزی لە گەلی کورد دەکات و دەڵێت: "ئەرکی دەسەڵاتدارانە ئەنفال بکەنە کەیسێکی نێونەتەوەیی".
کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) بەبۆنەی ٣٧ هەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژیی ئەنفالەوە ڕاگەیاندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوە، جەخت دەکاتەوە دەبێت ژیانێکی شایستە بۆ کەسوکاری ئەنفالکراوان دابین بکرێت و تاوانباران بە سزای خۆیان بگەیەنرێن.
ڕاگەیاندراوەکەی کەنەکە بەم جۆرەیە:
" کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لەیادی ٣٧ ساڵەی کۆمەڵکوژی و ئەنفالی گەلی کورددا لە باشووری کوردستان سەری شکۆ و ڕێز بۆ تەواوی شەهیدانی کوردستان دادەنەوێنێت و نەفرەت لەهەموو دیکتاتۆرو ستەمکارێکی مێژوو دەکات.
کۆنگرەی نەتەوەیی خەباتی بێوچان دەکات، کە چی دی گەلی کورد و گەلانی ناوچەکە لە هەڕەشەی جینۆساید بە دووربن، هەروەک ئەرکی دەزگا و دەسەڵاتدارانیشە کەیسی ئەنفال بکەنە نێونەتەوەیی.
لە پەروەردەدا بایەخی زیاتری پێبدرێت تاکوو لە یادەوەریی نەتەوەییماندا بۆ هەمیشە بە زیندووی بمێنێتەوە، هاوکات، پێویستە ژیانێکی شایستە بۆ کەسووکاری ئەنفالکراوان دابین بکرێت و تاوانباران بە سزای یاسایی بگەیەنرێن و بەرپرسانە لە ئاستی کەیسەکەدا مامەڵە بکەن.
ئێمە لە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لەم بۆنە خەمناکەدا جارێکی تر داوای یەکڕیزی و پێکەوەیی گەلی کورد، لە هەموو پارچەکانی کوردستان دەکەین، هیواخوازین لە هەرێمی باشووری کوردستان بە زووترین کات حکومەتێکی نیشتیمانیی خزمەتگوزار درووستبێت، کە بە تەواوی لە خزمەتی خاک و خەڵکدابێت.
لە تورکیا و باکووری کوردستان ئاشتی تەواوەتی بێتە دی و دەرگای زیندان بە ڕووی ئازادیخوازاندا بکرێتەوە و سەرۆکی نەتەوەیی ئازاد بێت تا خێراتر پرۆسەی ئاشتی بەرەو پێش بچێت. هەروەها بەرخودانی ئاشتییانە و ئازادیخوازانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەئاکام بگات. ڕۆژئاوای کوردستانیش هەروەک چۆن بووە بەڕووگەی ئازادیخوازانی دنیا بەئامانجی تەواوەتی بگات.
کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان جارێکی دیکە لە یادی ئەنفالدا سەری ڕێز بۆ هەموو قوربانییان و شەهیدانی ڕێگای ئازادیی دادەنەوێنێت. بەڵێن دووبارە دەکاتەوە کە لەسەر بە نێودەوڵەتیکردنی کەیسی ئەنفال درێژە بە خەبات و تێکۆشانی خۆی لەو بوارەدا بدات".