مامۆستایانی کورد لە کەرکوک: مووچەکانمان لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەستی بەسەرداگیراوە
مامۆستایانی خانەنشینی سەر بە حکومەتی هەرێم لە شاری کەرکوک دەڵێن: "مامۆستایان و مووچەخۆران باجی ململانێ حزبی و سیاسی دەسەڵات دەدەن".
مامۆستایانی خانەنشینی سەر بە حکومەتی هەرێم لە شاری کەرکوک دەڵێن: "مامۆستایان و مووچەخۆران باجی ململانێ حزبی و سیاسی دەسەڵات دەدەن".
ئەمڕۆ یەک-شەممە، مامۆستایانی خانەنشینی خوێندنی کوردی لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، لەدژی ڕاگرتنی مووچەی فەرامانبەرانی هەرێمی کوردستان، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیان بەست و تێیدا ڕایانگەیاند، کە "حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستی بەسەر مووچەی مامۆستایان گرتووە و مامۆستایان و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان باجی ململانێی سیاسی و حزبی دەدەن، وە پێویستە مافی مامۆستایان و فەرمانبەران بدرێت ئەگەرنا هەڵبژاردنی مانگی ١١ی ئەمساڵمان لە پێشە و دەسەڵاتی باجی ستەمکارییەکانی دەدات لە هەڵبژاردن".
لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا، مامۆستا ئەحمەد کەرکوکی ئەندامی دەستەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی خانەنشینی شاری کەرکوک، بۆ ڕای گشتی و دەزگاکانی ڕاگەیاندن گوتی: "لای هەمووان ئاشکرایە کە مامۆستا و فەرمانبەری خانەنشین، لە هەموو وڵاتێک ڕێز و ماف و ئیمتیازاتی بە یاسا پارێزراوە، وە کۆمەڵێ تایبەتمەندی هەیە لە ڕووی مادی و مەعنەوی و تەندروستی و تەنانەت کەسایەتی، لەبەرئەوەی تەمەنی خۆی بۆ خزمەت و پێشکەوتنی وڵاتەکە بەسەر بردووە، بەڵام بەداخەوە لە لایەن دەسەڵاتدارانی هەرێم و عێراق بە پێچەوانەیە، لە هەموو مافێک بێبەشە تەنانەت جاری وا هەبووە مامۆستا لە نۆرەی مووچە وەرگرتن گیانی لەدەستداوە کە هەموومان لە کەناڵەکان بینیومانە، وە هەر ئەو مامۆستایانەشن هەرچی بەرپرس و وەزیر هەیە لە بن دەستی ئەوان پەروەردە بوون، بەڵام بەداخەوە پەروەردەکەیان لەو ئاستە نییە کە ڕێز لە بەرامبەر یان بگرن، بە بڕیاری خانەنشینی یەکگرتووی ژمارە ٩ی ٢٠١٤ی حکوومەتی فیدڕاڵی عێراق، کە بڕیاری یەک مووچە و یەک هاوتای مووچەیی دا، ئەوە بوو دوای ٩ ساڵ حکومەتی هەرێم هاتە ژێر ئەو بارەوە، بۆیە ئەو هەموو زوڵم و زۆردارییەی کە لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی خانەنشین کراوە، ئێمە چەند داواکارییەک ئاراستەی حکومەتی و دەسەڵاتدارانی هەرێم و حکومەتی ناوەند ئەکەین، کە ململانێی سیاسی، ئابووری، حیزبی و شەخسی دووربخەنەوە لە مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەران بەگشتی و خانەنشینی بە تایبەتی، چونکە باجەکەی تەنها مامۆستایان و مووچەخۆران دەیدەن، داواکارییەکانمان داواکاری ڕەوا و ئاساییە.
لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا، مامۆستا ئەحمەد کەرکوکی ئەندامی دەستەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی خانەنشیانی شاری کەرکوک، داواکارییەکانی خۆیانی لە ١٠ خاڵەدا خستەڕوو کە بریتیبوون لە:-
یەکەم/
۱- بە زووترین کات سەرفکردنی مینحەی شەش مانگی دوای خانەنشینی فەرمانبەر، کە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دەدرێت بە فەرمانبەران بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سنوری (کەرکوک، هەولێر و دهۆک) نەیداوە بەڵام لە سلێمانی دراوە، ئەمەش جیاوازییە بەپێی ناوچە ئەمەش بەهۆی ململانێی حزبییەوە.
٢- هاوتاکردنی ئیمتیازاتی خانەنشینی هەرێم وەکو خانەنشینی حکومەتی ناوەند وەکو(زەوی و سلەفە و بیمەی تەندروستی و کەفالەت).
٣- پێدانی مووچەی مانگی ١٢ کە پارەکە لەلایەن بەغداوە نێردراوە حکومەتی هەرێمیش دانی پێدادەنێت، پیویستە ئەو مووچەیە بدرێتەوە بە مامۆستایان کە مافی خۆیانە.
٤- گەڕانەوەی مووچە پاشەکەوتکراوەکان بەشێوەی نایاسایی کە (٥٤) مووچەیە، (١٦) مووچەی تەواویشە کە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەستی بەسەرداگیراوە.
٥- نەهێشتنی بڕینی ٣٪ی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشین لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، کە ستەمێکە دژ بە مامۆستا و فەرمانبەران.
٦- گەڕانەوەی پلە بەرزکردنەوە کە زیانێکی زۆری لە خزمەتی خانەنشینان داوە.
۷- گەڕانەوەی جیاوازی مووچەی خانەنشینی مانگی ١ی ٢٠٢٥ کە سەرجەم فەرمانبەران دەوامیان کرد و لە مانگی ٢ دەست لە کارکێشانەوەیان بۆ کراوە و مووچەیان بۆ حیساب نەکراوە.
٨- تەوتین کردنی مووچە کە مافێکی یاسایی و دەستورییە.
۹- پێدانی مووچەی مانگی (٥) کە زیاتر لە (٥٠) ڕۆژە دواخراوە ئەوەش ستەمێکی گەورەیە لە مامۆستا و فەرمانبەرانی خانەنشین.
۱۰- داواکارین هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق پابەندبن بە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی نەک ستەم لە مامۆستا و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بکرێت.