بەگوێرەی هەواڵێکی ماڵپەڕی دەنگی دەستگیرکراوەکانی کورد و ئێران، ئەمڕۆ چوار هاوڵاتیی کورد بە ناوەکانی ئومید رەش، ئەسعەد ڕەسووڵ زادە، نورەدین دودکانلو میلان، کە سەرجەمیان خەڵکی گوندی کۆسە کەرێزی سەر بە شاری مەهابادی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی ئێرانەوە و بە بێ فەرمانی داداوەر لە مەهاباد دەستگیر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە.
ئاماژە بەوە کراوە، هاوڵاتییەکی دیكەی کورد بە ناوی محەمەد زەند کەریمی دانیشتووی دێهگولانی سەر بە شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ماوەی دوو هەفتەیە بە بێ فەرمانی دادوەر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە لە سنە دەستگیر کراوە و چارەنووسی نادیارە، هەروەها یەکێکە لە دەستگیرکراوەکانی شۆرشی”ژن ژیان ئازادیی”.
هەروەها دووپاتکراوەتەوە، سەرلەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو هاوڵاتییەکی کورد بە ناوی کەیوان مام گوڵی بە بێ فەرمانی دادوەر لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.
جێگای ئاماژەیە، لە هەلومەرجی ئێستای شەڕ و ئاڵۆزبوونی دۆخی ئەمنیدا، ڕژێمی ئێران بە تۆمەتی جۆراوجۆر دەستگیرکردنی بەرفراوانی هاوڵاتیانی دەست پێکردووە، لە ماوەی سێ ڕۆژدا ١٥١ هاوڵاتی لە شارە جیاجیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە بە بێ فەرمانی دادوەر دەستبەسەرکراون.