سێیەمین کۆنفرانسی یەکێتیی ژنانی کورد: لەڕێگەی ژنی ئازادەوە، کۆمەڵگەی ئازاد بنیات دەنرێت

لە سێیەمین کۆنفرانسی یەکێتیی ژنان کورد لە ئامەد، تیشکخرایە سەر ڕۆڵی ژنانی کورد لە بنیاتنانی یەکێتی نەتەوەیی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک. لە ئەنجامنامەکەدا دووپاتکراوەتەوە، بەبێ ئازادیی ژنان، ئاشتی نایەتەدی.

پلاتفۆرمی یەکێتیی ژنانی کوردی باکوور، لە ٢١_٢٢ ی حوزەیران لە ئامەد بە درووشمی "لەڕێگەی یەکێتی ژنانی کوردەوە، بەرەو یەکێتیی نەتەوەیی" و بە بەشداری ١٠١ نوێنەر، سێیەمین کۆنفرانسی ئەنجامدا. ئەنجامنامەی سێیەمین کۆنفرانسی ئاشکرا کرد. ئەنجامنامەکە لە ژووری بازرگانی و پیشەسازی ئامەد، بە زمانی کوردی لەلایەن هاوسەرۆکی شارەوانی مێردین دەڤریم دەمیر کە قەیوم لە شوێنی دانراوە، خوێنرایەوە.

لە ئەنجامنامەکەدا هاتووە:

کۆنفرانسەکەمان بە ئامانجی هەڵسەنگاندنی ڕۆڵ و ئەرکی ژنانی کورد لە بواری بنیاتنانی یەکێتیی نەتەوەیی، پاراستنی کەلتوور و زمانی کورد، پاراستنی بەها کۆمەڵایەتییەکان و بنیاتنانی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک، وە دیاریکردنی نەخشەڕێی تێکۆشان بە ئیرادەیەکی هاوبەش، کۆبووەوە.

ژنان بوونەتە گەورەترین ترسی پیاوسالاری

ژن بووەتە، یەکەمین ئامانجی زیهنیەتە سەردەستەکان و سیستەمە حکومڕانییەکان؛ بەهۆی هەبوون و هێزی ڕێکخستنی ژیانی ئازادەوە، ژنان بوونەتە گەورەترین ترسی پیاوسالاری.

بەبێ ئازادیی ژن، ئاشتی بەدی نایەت

ژنانی کورد بە درێژایی مێژوو دژی کۆڵۆنیاڵیزم و باوکسالاری تێکۆشاون، ناسنامە و جەستە و سرووشتی خۆیان پاراستووە و پێشەنگایەتی کاروانی ئازادیی گەلێکیان کردووە. ئەم کۆنفرانسە بانگەوازە بۆ گواستنەوەی میراتێکی دێرین لە ڕابردووەوە بەرەو ئایندە. بانگەوازە بۆ مەزنکردنی ڕۆڵی ژن لە بنیاتنانی ئاشتی و ڕێکخستنی کۆمەڵایەتییدا. چونکە تا ژن ئازاد نەبێت، کۆمەڵگە ئازاد نابێت، تا سرووشت نەپارێزرێت، ژیان بەدی نایەت، هەروەها ئاشتی بەبێ ئازادیی ژنان بەدی نایەت.

شەڕی ئیسرائیل_ئێران و نیگەرانییەکانی تورکیا

تورکیاش وەک هەموو جیهان چاوی لەو شەڕە گەرمەیە کە لەنێوان ئیسرائیل و ئێران لەئارادایە. چەندین ساڵ پێش ئێستە بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان بە پێشبینییە ساسییەکانی ئەم تابلۆیەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی پێناسەکردبوو، وەک جەنگی جیهانیی سێیەم ناوی بردبوو. ئاشکرایە ئەمڕۆ تورکیا لە هەمووان زیاتر ترس و نیگەرانی لەم شەڕە هەیە. ئەویش دەزانێت ئەگەر دەست لە فشار و سیاسەتی لەناوبردنی گەلان هەڵنەگرێت و چوارچێوەیەکی دیموکراتیکی ماف و ئازادییەکان قبووڵ نەکات، لە ڕەوشی شەڕ ڕزگاری نابێت و نۆرەی ئەویش دێت.

نەخشەڕێگای چارەسەر، بانگەوازەکەی عەبدوڵا ئۆجالانە

وەک هەموو ئەو دەوڵەت_نەتەوانەی بۆ پاراستنی هەبوونی خۆیان بەدوای هەموو ڕێگەیەکدا دەگەڕێن، دەوڵەتی تورکیش بۆ خۆپاراستن لەو شەڕەی کە ناوەندەکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، لە ئاستێکی جیاوازدا سیاسەتی قڕکردن و پەراوێزخستن تاوتوێ دەکات کە چەندین ساڵە بەرانبەر گەلی کورد بەڕێوەی دەبات، لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان کۆبوونەوە دەکات. ئەو نەخشەڕێگایەی لەڕێگەیەوە گەلی کورد و هەموو گەل و باوەڕەکان دەبنە خاوەن مافی هاوبەش و یەکسانی ژیان و ناسنامە، نەخشەڕێگای بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالانە کە ٢٧ ی شوبات بە ناونیشانی "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک" ڕایگەیاند. ئەرکی ئێمە ژنانی کوردە، بۆ مسۆگەرکردنی داوا و مافەکانی گەلەکەمان خاوەنداری لەم بانگەوازە بکەین.

فەلسەفەی "ژن ژیان ئازادی" دەتوانێت کۆتایی بە شەڕ بهێنێت

سیستەمی باوکسالاری لەسەر بناغەی شەڕ و توندوتیژی دامەزراوە، ئەو تێکۆشانەی کە ژنان بە هێزی جەوهەریی خۆیان بە فەلسەفەی "ژن ژیان ئازادی" بەرانبەر ستەم و زۆرداری ئەم سیستەمە ئەنجامیان داوە، دەتوانێت کۆمەڵکوژیی سەر گەلان و شەڕ و توندوتیژیی ناو کۆمەڵگە بوەستێنێت و ڕێگە بۆ ئاشتی بکاتەوە.

ئەو بڕیارانەی لە کۆنفرانسەکە دراون:

لە ئەنجامی دوو ڕۆژ گفتوگۆ لە کۆنفرانسەکە، ئەم بڕیارانە دراون:

* یەکێتیی ژنانی کورد: پێویستییە مێژووییەکانی و بڕیارەکانی کۆنفرانسەکە

ئەمڕۆ بنیاتنانی یەکێتیی ژنانی کورد لە پێویستییەک زیاترە، بەرپرسیارێتییەکی مێژووییە، دەبێت هەموو ژنێکی کورد بەم بەرپرسیارێتییەوە بەرامبەر هەموو جۆرە سیاسەتێکی نکۆڵی و قڕکردن و پەراوێزخستن لەسەر گەلی کورد، تێبکۆشن. کۆنفرانسەکە بڕیاریدا کە دەبێت ئەم یەکێتییە لەسەر بناغەیەک بێت کە سنوورەکان تێپەڕێنێت، ئەزموونی ژنانی کورد لە چوار پارچەی کوردستان کۆبکاتەوە، ڕێکخستن بەهێزتر بکات، هەڵسەنگاندن بۆ هەیکەلی خۆی بکات، ببێتە تۆکمەترین هێزی داینامیک و گۆڕان بۆ بنیاتنانی یەکێتیی نەتەوەیی.

* ئەرکی ژنان لە پاراستن و گواستنەوەی کەلتووری کوردی

ژنی کورد هەڵگری کەلتووری کوردی و هێزی ئافرێنەر و گوێزەرەوەی ئەم کەلتوورەن، هاوکات بەرپرسیارێتی مێژووییان هەیە بۆ گواستنەوەی ئەم میراتە بۆ نەوەی نوێ. دەبێت لەم ڕووەوە ژنان ڕۆڵێکی ئافرێنەر و گوێزەرەوەی کەلتوور بگێڕن. لە دەنگبێژییەوە تا جلوبەرگی فۆلکلۆری و خواردن، هەر بەشێکی ناسنامەی کوردێتی کە بە ڕەنجی ژنان چنراوە. کۆنفرانسەکە بڕیاری دا کە دەبێت ژنان لە داهێنانی کەلتووردا ڕۆڵی مەزنتر بگێڕن، بۆ یەکگرتنێکی کەلتووری و هونەر، هەموو ساڵێک بەشێوەیەکی ڕێک و پێک لەلایەکی کوردستان، فیستیڤاڵی نەتەوەیی کەلتووری و هونەری ئەنجام بدرێت.

* ڕۆڵی ژن لە پاراستن و پێشخستنی زمانی کوردی

ژنان بەرپرسیارن بۆ گەیاندنی زمانی کوردی بە نەوەی نوێ. دەبێت تێکۆشانی زمان بەرفراوانتر بکەن. دژی  ئەو زیهنیەتەی کە "زمانی کوردی زمانێکی کەموکورتە، زمانی زانست نییە" تێبکۆشێت و ببێتە بەهێزترین پارێزەری داوای پەروەردە بە زمانی دایک  مسۆگەرکردنی زمانی کوردی. دەبێت زمانی کوردی ببێتە زمانی پەروەردە و ستاتۆی گەلی کورد.

* تێکۆشان دژی توندوتیژی سەر ژنان و سیاسەتی قڕکردن

توندوتیژی هەمەلایەنەی سەر ژنانی کورد، تەنها لەسەر بناغەی زایەندی نییە، هاوکات ڕەهەندی نەتەوەیی و چینایەتی و سیاسی هەیە. کۆنفرانسەکە بڕیاری دا کە هۆشیاری خۆپاراستن لە ئاستی هەرێمی نەتەوەیی دژی ئەم هێرشانە بڵندتر بکاتەوە، تۆڕی یەکگرتنی ژنان بەهێزتر بکات و هێڵی تێکۆشانی هاوبەش بنیات بنێت. نەوەک تەنها تێکۆشانێکی یاسایی، بەڵکو تێکۆشانی کۆمەڵایەتیی ڕێکخراو دەتوانێت ببێتە بناغەیەکی بەهێز دژی توندوتیژی.

* ئەرکی ژنان لە بنیاتنانی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکدا

ژنان وەک چۆن لە ڕەوشی شەڕدا گەورەترین قوربانی دەدەن، هاوکات دامەزرێنەری ئاشتی و ژیانی دیموکراتیکن. ئێمەی ژنانی کورد دەڵێین، دەبێت هاوشانی بێدەنگکردنی چەک، پرۆسەی ئاشتییەکی شکۆدار و درێژخایەن کە دادپەروەری و ماف لەسەر بناغەی هاوڵاتیبوونی یەکسان مسۆگەربکات، دەست پێ بکات. کۆنفرانسەکە دووپاتی دەکاتەوە، ئامانجێکی سەرەکی ئەم پلاتفۆرمە ئەوەیە، لەم پرۆسەیەدا بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک کە لەسەر بناغەی دیدگای دیموکراتیک و ئیکۆلۆکیک و ئازادیی ژنی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان بنیاتنراوە، پێویستە ڕۆڵێکی چالاک بگێڕێت و یەکگرتنی ژنانی هەرێمی و نەتەوەیی و نێونەتەوەیی لەم ڕووەوە بەهێزتر بکات.

ئەنجام و پێداگری

سێیەمین کۆنفرانسمان، بە کۆکردنەوەی بیری بەکۆمەڵی ژنانی کورد و ئەزموونەکانی تێکۆشان و هیواکانیان بۆ داهاتوو، سەردەمێکی نوێ ڕادەگەیەنێت. یەکێتی نەتەوەیی، تێکۆشان بۆ کولتوور و زمان، پاراستنی ژیانێکی ئازاد و پێشەنگایەتی ژنان لە بنیاتنانی ئاشتی، بناغە بنەڕەتییەکانی ئەم سەردەمەن.

ئاستی هێز و ئەزموونی تێکۆشانی ژنانی کورد، دەتوانێت لە بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیکدا، ڕۆڵێکی سەرەکی بگێڕێت. بە ژنی ئازاد، کۆمەڵگەی ئازاد مسۆگەر دەبێت. بە کەلتوور و زمانی ئازاد، ناسنامەی ئازاد مسۆگەر دەبێت. بژی یەکێتیی ژنانی کورد! بژی تێکۆشانی هاوبەشی ژنانی کورد! "ژن ژیان ئازادی!".