پلاتفۆڕمی یەکێتی ژنانی کورد
پلاتفۆرمی یەکگرتوویی ژنانی کورد لە ئامەد سێهەمین کۆنفرانسی خۆی بە دروشمی "بە یەکێتی ژنانی کورد بەرەو یەکێتی نەتەوەیی" بەڕیوە برد. لە کۆنفرانسەکەدا بەدەیان ژن لە کوردستان و تورکیا بەشدارییان کرد. هەروەها لەم کۆنفرانسەدا پێشهاتە سیاسییەکانی ئەم دواییە و ئەو پرسانەی لە ڕۆژەڤدایە هەڵسەنگێندرا و ڕۆڵی ژنان لە پرۆسەی بنیاتنانەوەی کۆمەڵایەتی تاوتوێ کرا.
بانۆ ئای، لە پارتی گەل و ئازادی شاری ئامەد، لە قسەکانیدا سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی لە کوردستان و ڕۆڵی کۆمەڵایەتی ژنان و پاراستنی میراتی کەلتووری چەند پەیامێکیدا. بانۆ ئای جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە ڕۆڵی ژنان لە ڕێگای گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی و ئاشتیدا بە شێوەیەکی ناوەندی بێت و وتی: "لەم پرۆسەیەدا نامانەوێت دڵۆپێک بین، دەمانەوێت زەریایەک بین."
بانۆ ئای جەختی لەوەشکردەوە کە ژنان پێویستە لە ڕووی کولتووری و سیاسییەوە پێشکەوتنی زیاتر بەدەست بهێنن. ژنانی کورد بەدرێژایی مێژوو ئەرکێکی زۆر قورسیان لە ئەستۆدا بووە و ئەو ئازارانەش وایکردووە زیاتر بەرخۆدێر و هۆشیارتر بن. بە تایبەت ئازارەکانی لەدەستدانی ڕۆڵەکانیان دڵسۆزی ژنانی بۆ ئاشتی بەهێزتر کردووە بۆیە پێویستە ئاشتی بە پێشەنگایەتی ژنان بنیات بنرێت.
ئەسرا قەهرەمان ئەندامی کۆمەڵەی سەردەمی ژنان، جەختی لە سەر ڕۆڵی ژنانی کورد له پرۆسەی ئاشتی و تێکۆشان دژی ئەو شەڕە کردەوه که له ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ژنان بە ئامانج دەگرێت. ناوبراو ڕایگەیاند کە ژنانی کورد ڕۆڵێکی پێشەنگ و بنەڕەتی دەگێڕن لە یەکێتی نەتەوەیی و ئاشتییەکی هەمیشەییدا.
ئەسرا قەهرەمان سەبارەت بە گرنگی کۆنفرانسەکە وتی: "شەڕێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئارادایە کە هێشتا بە فەرمی باسی لەسەر ناکرێت، بەڵام ئەم شەڕە زۆرترین کاریگەری لەسەر ژنان هەیە، بۆیە ژنان نەک تەنها ئاشتییان دەوێت، بەڵکو لە بنیاتنانی ئاشتییەکەی هەمیشەییدا ڕۆڵێکی کارا دەبینن. هەروەها پێویستە و لە کۆتایی ئەم پرۆسەیەدا پلاتفۆرمێکی هاوبەش بە هاوکاری هەمووان پێکبهێنرێت کە بتوانێت تێکۆشانی ژنان بۆ ئاشتی هەرێمی بەهێزتر بکات. ناوبراو جەختی لەوەشکردەوە کە ئەم پلاتفۆرمە نەک تەنها کار بۆ گەیشتن بە ئاشتی دەکات، بەڵکو لە ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی و لەناوبردنی کولتووردا ڕۆڵێکی سەرەکی دەبێت.
لە کۆتایی قسەکانیدا، ئەسرا قەهرەمان وتی: "بنیاتنانی ئاشتی تەنها بە مانای بێدەنگ کردنی چەکەکان نییە، بەڵکوو تێکۆشانە دژی توندوتیژی، پاکتاوکردنی کولتووری و نایەکسانیە، بۆیە بەشداریی ژنان لەم پرۆسەیەدا پێویستییەکی ئەخلاقی و سیاسییە، ژنانی کورد نەک تەنها لایەنگری ئاشتین، بەڵکو لەم بوارەدا پێشەنگایەتی دەکەن."
دیبا کەسکین و دیلان ئایدین ئەندامانی کۆنگرەی ئیسلامی دیموکراتیک (دیک) لە کۆنفرانسەکەدا قسەیان کرد و جەختیان لەوە کردەوە کە ژنان ئاڵاهەڵگری ئاشتی وهەوێنی چارەسەرین.
دیبا کەسکین جەختی لە گرنگی تێکۆشانی ژنان کردەوە و ڕایگەیاند کە پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دەوری سیستەمی شەڕخوازی دەسوڕێتەوە و وتی: "گۆڕانکاری گەورە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوودەدات، تەنها لە ماوەی نۆ ڕۆژدا لەلایەن دەسەڵاتدارانی پیاوسالارەوە شەڕێکی گەورە بەڕێوە دەچێت. لە بنیاتنانی ژیانێکی نوێدا، بەتایبەتی گەلی کورد و ژنانی کورد دەبێت بە بیر و ئەزموونەکانیان چالاکانە لەو پرۆسەیەدا ڕەوڵ بنوێنن. کۆبوونەوەکەی ئێمەش بەشێکە لەو ڕێبازە. ٤٠ ساڵە ژنانی کورد لە ناوەڕاستی تێکۆشاندان و ئەم تێکۆشانە ئەمڕۆ گەیشتووەتە ئاستێکی زۆر بەهێز. ئێستا خاوەن ئەزموون، هۆشیاری و هێزی ڕاستەقینەن لە بەرقەرارکردنی چارەسەریدا. لەبەر ئەوە هەمیشە ژنان لە شەڕەکاندا ئەرکی قورستریان لە ئەستۆدا بووە."
دیلان ئایدن جەختی لە گرنگی کۆنفرانسەکە کردەوە و ڕایگەیاند کە ئەم کۆبوونەوەیە نەک هەر سەکۆیەکە بۆ گفتوگۆکردن، بەڵکو سەکۆیەکە بۆ بەرهەمهێنانی چارەسەری بەشێوەیەکی کردەیی بۆ داهاتوو. ژیان خۆی گۆڕەپانێکی بەرفراوانی تێکۆشانە و لە ناوەڕاستی ئەم قەیرانانەدا ڕووبەڕووی شەڕ بووینەتەوە. لە ناو ئەم شەڕەدا، ئەمڕۆ باس لە ئاشتی، داهاتوو و ڕۆڵی ژنان دەکەین.
دیلان ئایدن لە کۆتایی قسەکانیدا ڕایگەیاند: "لێرەدا ئێمە تەنها باس لە کێشە تاکە کەسیەکانمان ناکەین، بەڵکو باس لە کێشەی ملیۆنان ژن دەکەین، بەتایبەتی ئێمە لە سیاسەتی شەڕ، توندوتیژی و نایەکسانی دەکۆڵینەوە و لە ڕێگەی ئەم کۆنفرانسەوە دەمانەوێت هەنگاوێک بەرەو پێشەوە بنێین و چارەسەرێکی بنەڕەتی پێشکەش بکەین. بە ڕێگەی ئەم کۆنفرانسەوە ژنان نەک هەر کێشەکانی خۆیان دەدۆزنەوە، بەڵکو لەسەر بنەمای یەكێتی و هاوبیری لەگەڵ یەکتر، ئیرادەی خۆیان بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەی ئاشتیدا نیشان دەدەن."