ژنانی عەفرین داوای کۆتایهێنان بە داگیرکارییەکانیان کرد
ژنانی کانتۆنی عەفرین-شەهبا کە بەهۆی داگیرکارییەوە بوون بە کۆچبەر، لە ڕەقە ڕاگەیاندراوێکی ڕۆژنامەوانییان خوێندەوە و داوایان کرد، کۆتایی بە داگیرکارییەکان بۆ سەر خاکەکەیان بهێنرێت.
ژنانی کانتۆنی عەفرین-شەهبا کە بەهۆی داگیرکارییەوە بوون بە کۆچبەر، لە ڕەقە ڕاگەیاندراوێکی ڕۆژنامەوانییان خوێندەوە و داوایان کرد، کۆتایی بە داگیرکارییەکان بۆ سەر خاکەکەیان بهێنرێت.
ژنانی کانتۆنی عەفرین-شەهبا کە بەهۆی داگیرکاریی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی ناچار بە کۆچ بوون، لەبەردەم بیانی حەوزی فورات گردبوونەوە. ژنان بە ئامادەبوونی دەیان کۆچبەری عەفرین-شەهبا و ئەندامانی کۆنگرەی ستار سەبارەت بەو تاوانەی لە عەفرین ئەنجام دەدرێن ڕاگەیاندراوێکیان خوێندەوە.
عەریفە حەبەش بەناوی ژنانی عەفرینەوە ڕاگەیاندراوەکەی خوێندەوە. لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، چەتەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر هێشتا لە تاوانەکانی هەڵکوتانە سەر، دەستبەسەرکردن، ڕفاندن بەمەبەستی ستاندنی فیدیە دژی خەڵکی مەدەنی لە عەفرین، شەهبا و ناوچە داگیرکراوەکانی تر بەردەوامن.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بە کوشتنی گەنجێک بەناوی مستەفا جەمیل شێخۆ کرا و وەکو بەردەوامی تاوانە نامرۆڤانەکان و پێشێلکردنی یاسای نێونەتەوەیی تایبەت بە پاراستنی مافەکانی منداڵ ئاماژەی پێدرا.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا کوشتنی موستەفا و تاوانەکانی تر بە توندی ئیدانە کران، بانگەواز بۆ حکومەتی ڕاگوزەری سوریا، نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێخراوی هاوکاریی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNICEF) و ڕێخراوی لێخۆشبوونی نێونەتەوەیی (Amnesty international) کرا کە بە ئەرکی مرۆیی خۆیان هەڵستن چەتەکان لە عەفرین و ناوچە داگیرکراوەکانی تر دەربکەن.
لە درێژەی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، پشتگوێختسنی ئەم تاوانانە متمانەکردن بە دامەزراوە نێو نەتەوەییەکان کەم دەکاتەوە.
لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا داوا کرا "هەرێمی عەفرین بخەنە ژێر چاودێریی نێونەتەوەییەوە، گەڕانەوەی دڵنیایی کۆچبەران بۆ ناوچەکانیان لەژێر چاودێریی نێونەتەوەییدا مسۆگەر بکرێت و ڕێ لە پێشێلکارییەکانی دەوڵەتی تورک بگیرێت."