هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە بەبۆنەی ١٤ ی نیسان، ساڵیادی یادکردنەوەی قوربانیانی کۆمەڵکوژی ئەنفال کە ڕژێمی سەدام پێش ٣٧ ساڵ لە باشووری کوردستان ئەنجامیدا، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.
ڕاگەیاندراوەکەی کەجەکە بەم جۆرەیە: "ئێمە لە ٣٧ هەمین ساڵیادی تاوانی مرۆڤایەتیی قڕکردنی ئەنفالداین کە ڕژێمی سەدام لە دژی باشووری کوردستان ئەنجامیدا. لەم قڕکردنەدا، ١٨٢ هەزار کورد بە تایبەت ژن و منداڵ بە شێوەیەکی دڕندانە شەهیدکران. ئەنفال تەنها تاوانی قڕکردن نییە، بەڵکو قڕکردنی ژنان و قڕکردنی ئیکۆلۆژیکە. چونکە لە هەرێمی گرنگی جوگرافیای باشوور، شوێنی ژیانی سروشتی و گوندەکانی گەلی کورد بەشێوەیەک وێرانکران کە چیتر بە کەڵکی ژیانکردن نەمان. ئێمە ڕژێمی بەعسی سەدام کە ئەم قڕکردن و کۆمەڵکوژی ژنان و قڕکردنە ئیکۆلۆژییەی ئەنجامدا و زیهنیەت و سیاسەتی پشتەوەی شەرمەزار دەکەین. خوای گەورە ڕەحم بەو کەسانە بکات کە لە قڕکردنەدا گیانیان لەدەستدا. سەری ڕێز بۆ یادیان دادەنەوێنین، سەرەخۆشی لە گەلی کورد و بەتایبەت کەسوکاری قوربانیان دەکەین.
قڕکردنی ئەنفال تەنها هێرشێکی قڕکردن نییە کە لە مێژووییەکی نزیکدا دژی گەلی کورد ئەنجامدراوە. ئەو سیاسەت و زیهنیەتەی کە نکۆڵی لە هەبوون و ئازادی گەلی کورد دەکات، هەرکات دەرفەتی دۆزیوەتەوە، هاوشێوەی ئەنفال هیرشی قڕکردن و کۆمەڵکوژی ئەنجامداوە. هۆکاری سەرەکی قڕکردنەکانی وەک ئەنفال، بەرژەوەندیی هێزەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییە کە پێش سەدەیەک لە لۆزان دەرکەوت، لەگەڵ ئەو کارەکتەرە ڕەگەزپەرست و نەتەوەپەرست و ئایینپەرست و فاشیستانەی دەوڵەت_نەتەوە کە لە هەرێمەکەدا وەک بریکاری ئەو هێزانە مامەڵە دەکەن. بەم هۆیەوە، پاش لۆزان لە چوار پارچەی کوردستان تاوانی قڕکردن ئەنجامدرا. پاش کۆمەڵکوژییەکانی دێرسیم و دۆڵی زیلان و هەڵەبجە و ئەنفال و شەنگال و سینامەی عامودا، دواجار کۆمەڵکوژی گوندی بەرخبۆتان لە ڕۆژئاوا ئەنجامدرا.
گەلی کورد دژی ئەم زیهنیەت و سیاسەتە قڕکەرەی کە بناغەی لۆزانە، تێکۆشان و بەرخۆدانی مەزنی کردووە، بە قوربانیدانی گەورە، هەبوون و ژیانی ئازادی خۆی پاراستووە. کاتێک لە سەدەی نوێدا هەرێمەکە سەرلەنوێ دیزاین دەکرێتەوە، پیلان و پیلانگێڕیی جۆربەجۆری هێزە هەرێمییەکان دژی هەبوون و ئازادی گەلی کورد، ڕوودەدەن. لە قۆناغێکی وەها مێژووییدا ڕێبەر ئاپۆ بۆ پاراستنی گەلی کورد لە قڕکردنەکانی وەک ئەنفال و هەڵەبجە و شەنگال و کۆمەڵکوژی ئیکۆلۆژی و ژنان، بۆ ئەوەی ستراتیژی نوێی تێکۆشان دەستنیشان بکات، بانگەوازی "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک"ـی کرد کە وەک مانیفیستۆی سەدە ناودەبرێت. وەک گەلی کورد و هەموو گەلانی هەرێمەکە، بە خاوەندارێتی لەم بانگەوازە، بە تێکۆشان بۆ ئازادی ڕێبەر ئاپۆ، پەسەندکردنی بانگەوازەکە وەک پارادایمی تێکۆشان و پێکهێنانی شتە پێویستەکان لە هەموو بوارەکانی ژیاندا، دەتوانین ڕێگە لە ئەنفالی نوێ بگرین و هەبوون و ئازادی گەلی کورد و گەلانی هەرێمەکە مسۆگەر بکەین. لەسەر ئەم بناغەیە دووبارە بەڕێزەوە یادی شەهیدانی قڕکردنی ئەنفال دەکەینەوە، بەڵێن دووبارە دەکەینەوە بە مەزنکردنی تێکۆشانی ئازادی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک، خاوەنداری لە یادیان بکەین".