لە کەرکوک، کۆڕێک بۆ ناساندنی کتێبی "ئەو ڕۆژانەی مامۆستا هاشم" سازکرا

لە کەرکوک، کۆڕێک بۆ ناساندنی کتێبی "ئەو ڕۆژانەی مامۆستا هاشم" دەربارەی ژیانی میدیاکار هاشم جەباریی کە ناوبراو یەکەم بێژەری تەلەفزێۆنی کوردی بووە لە ئاست عێراق و هەر چوار پارچەی کوردستان، بەڕێوە چوو.

 

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، لە کتێبخانەی کارێز لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، بەئامادەبوونی ژمارەیەک لە کەسایەتی ڕۆشنبیری شارەکە، کۆڕێک بۆ کتێبی "ئەو ڕۆژانەی مامۆستا هاشم" کە دوایین كتێبی مامۆستا هاشم جەباری پێشەنگی میدیاكارانی كوردستانە، کە ناوبراو لە ساڵی (١٩٦٩)ەوە وەکو یەکەمین بێژەری کورد لە کەناڵی کەرکوک دەست بەکاربوو، کە یەکەم بێژەری تەلەفزێۆنی کوردی بووە لە ئاست عێراق و هەر چوار پارچەی کوردستان.

جێگای باسە، ئەو كتێبە لە بنەڕەتدا ٣٦٦ پرسیارە مامۆستای ڕۆژنامەوان شەهاب بۆتانی لە شاری بەردەڕەشەوە لە مامۆستا هاشم جەباریی كردوون، وەڵامی تێر و تەسەلی مامۆستای جەباری دەرهەق بە پرسیارە ورد و زۆر و هەمەڕەنگەكانی مامۆستای بۆتانی، بوو بە پرۆژەی دوایین كتێبی مامۆستا هاشم جەباری، كە وردەكاریی زۆری لە بارەی ژیاننامەی مامۆستای میدیاكار هاشم جەباری تێدایە.

لە کۆڕەکەدا مامۆستا هاشم جەبارەی، بەشێک لە ناوەڕۆکی کتێبەکەی بۆ ئامادەبووان باسکرد، هەروەها باسی لە ژیاننامەی خۆی و ئەرشیفی کوردی کرد لە کەناڵی کەرکوک، هەروەها ناوبراو ڕەخنەی لەلایەنە پەیوەندیدارەکانی دەسەڵاتی کوردی و هەردوو حزبی دەسەڵات گرت کە کەمتەرخەم بوونە لە ئاست پاراستنی ئەرشیفی کورد لە کەرکوک دوای ڕووخانی رژێمی پێشووی بەعس، هەروەها ناوبراو لە کۆڕەکەدا وەڵامی پرسیاری ئامادەبووانی دایەوە، دوای تەواوی بوونی کۆرەکە کتێبەکانی بەسەر ئامادەبوواندا دابەش کرد.

'بەداخەوە بەهۆی کەمتەرخەمی ئەرشیفی کورد لە کەرکوک فەوتا'

دوای تەواوبوونی کۆرەکە، مامۆستا هاشم جەبارەی میدیاکاری دێرینی کورد، سەبارەت بە کۆڕەکەی، بۆ ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF) دوا، باسی لە ژیاننامەی خۆی و دەستپێکی کارکردنی وەکو یەکەمین بێژەری کورد لە کەناڵی کەرکوک کرد، هەروەها لە درێژەی قسەکانیدا ناوبراو ئاماژەی بەوەکرد، "سەڕەڕای ئەوەی لە تەلەفزێۆنێکی سەر بە حکومەتی ئەوکات کارم دەکرد بەڵام لە هەمان کاتدا لە ساڵی (١٩٨٤)ەوە سەر بە ڕێکخستنە نهێنییەکانی یەکێتی نشتیمانی کوردستان بووم لە کەرکوک تاوەکو ئیستاش، هیچ کاتیش قەبووڵم نەکرد ببمە بەعسی و نەبووم، ٢٥ ساڵ بەرپرسی بەشی هەماهەنگی بووم لە کەناڵی کەرکوک هەموو ئەرشیفی ئەو کەناڵە کوردییە لەژێر دەستی من بوو، زۆر هەوڵمدا و پەیوەندی بەلایەنەکانی دەسەڵاتی کوردییەوە کرد کە وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان یان حکومەتی عێراق ئەو ئەرشیفە بپارێزن بەڵام بەداخەوە کەمتەرخەم بوون و هیچیان نەکرد تاوەکو بەداخەوە ئەو ئەرشیفەی کورد لە کەرکوک فەوتا".

'شەرمە بۆ حکومەت کە بایەخ بە ئەدەب و ڕۆشنبیری نادات'

لە درێژەی قسەکانیدا، هاشم جەباری ووتیشی: "هیوادارم هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان زیاتر بایەخ بە ئەدەب رۆشنبیری بدەن، زۆر شەرمە حکومەتی عێراق ساڵانە ٨٠٠هەزار دینار دەدات بە ئەدیب و نووسەران، زۆر نووسەر و ئەدیبی بەتوانامان هەیە بەڵام بەهۆی نەبوونی مووچەیەک لەلایەن حکومەتەوە، ناتوانن وەکو پێویست خزمەت بە بواری ئەدەبی و ڕۆشنبیری بکەن چونکە ناچارن خەریکی پەیداکردنی بژێوی ژیانیان بن".

هاشم جەباری، نووسەر و شاعیر و رۆژنامەنووس و یەکەم بێژەری تەلەفزیۆنی لە ساڵی ١٩٤٤ لە شاری هەولێر لە دایك بووە ، هەموو قۆناغەکانی خوێندن و ئامادەییشی لە ئامادەیی هەولێر ساڵی ١٩٦٨ تەواو کردووە ، لە هەمان ساڵدا ڕووبەڕووی دوو بژاردە دەبێتەوە یەکەمیان چوونە بۆ کۆلیژی سەربازی و بوون بە ئەفسەر لە سوپای عێراق و یان بوون بە بێژەر لە بەشی کوردی تەلەفزیۆنی کەرکوک، ناوبراو هەلبژاردەی دووەمی هەلبژاردووە و لە ساڵی ١٩٦٩ لە تەلەفزیۆنی کەرکوک وەکو یەکەمین بێژەری کورد لە کەناڵی کەرکوک دەست بەکار بوو.

ناوبراو لە ماوەی ٣٨ ساڵ خزمەت کردن لە بەشی کوردی تەلەفزیۆنی کەرکوک جگە لە دەنگوباس دەیان بەرنامەی هەمەجۆری ئامادە و پێشکەش کردووە، وە ماوەی زیاتر لە ٢٥ ساڵ سەرۆکی بەشی ( تنسیق) ڕێکخستنی کاروبار و سەرپەرشتی و لێکۆلینەوە کردن و سەرۆکی لێژنەی هەلبژاردنی بێژەرەکانیش بووە، دواتریش بۆتە لێپرسراوی کەنالی کوردی لە تەلەفزیۆنی کەرکوک .

ئەو رۆژنامەنووسە هەموو نووسراوە فەرمیەکانی پەیوەندی بە تەلەفزیۆنی کەرکوک کەنالی کوردیەوە هەبووە هەر هەمووی لای خۆی پاراستبووە و هەمووی لە کتیبێکی بە هەردوو زمانی عەرەبی و کوردی لە ساڵی ٢٠٢١دا بە ناوی "مێژووی تەلەفزیۆنی کەرکوك" چاپی کرد،

هەروەها هاشم جەباری لەگەڵ ئەوەی رۆژنامەنووسە، شاعیرو نووسەرێکی لێهاتووە، لە کۆنگرەی یەکێتی نووسەرانی ساڵی ١٩٨٩ کاك هاشم بە دەنگی یەکەم بۆتە سەرۆکی یەکیەتی نووسەرانی کورد - لقی هەولێر و ئەندامی یەکێتی گشتی ئەدیب و نووسەرانی عێراق، ئەندامی یەکێتی گشتی ئەدیب و نووسەرانی عەرەبی، ئەندامی کۆمەلەی رۆشنبیری کوردی، کۆمەلەی بێژەرانی عێراقی، یەکێتی رادیۆ و تەلەفزیۆنەکانی عێراقی، سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، ڕێکخراوی نووسەرانی بێ سنوور، ڕێکخراوی فیدراسیۆنی نێودەولەتیی و کۆمەلەی داهێنانی عێراقی "هونەرە جوانەکان و بەرێوەبەری ئێستگەی رادیۆی "نەوا"ی کەرکوک بووە.