فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک(قەسەدە) مەزڵووم عەبدی، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی ئیلهام ئەحمەد لە شاری هەولێری باشووری کوردستان، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ژان نوێل بارۆ و سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی، کۆبوونەوە.
وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ژان نوێل بارۆ ستایشی ڕۆڵی قەسەدە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا کرد و ڕایگەیاند، پێویستە هەموو جۆرە پشتگیرییەکان بۆ ئەم هێزە دابین بکرێت تا شەڕی دژی چەتەکانی "داعش" بەردەوام بێت، سەقامگیری و ئاسایشی سووریا بە گشتیی بەهێز بکرێت. وەزیری فەرەنسا جەختی لەسەر بەشداری کوردان و هەموو پێکهاتەکانی سووریا لە پڕۆسەی سیاسی بەڕێوەبردنی وڵات کردەوە، کە سووریا بگەیەنێتە سەقامگیرییەکی سیاسیی، ئەمنیی و ئابووریی و دووبارە بونیادنانەوەی وڵات.
لە کۆبوونەوە لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، هەردوو لا گرنگییان بە یەکڕیزی کوردی دا، ڕا و بۆچوون دەربارەی دۆخی سووریا و بارودۆخی کوردان تاوتوێ کران، لە پاڵ ئەوەشدا ڕێگاکانی ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی داعش و تیرۆریستان گفتوگۆیان لەسەر کرا، نێچیرڤان بارزانی پشتگیری گشتیی خۆی بۆ بەڕێوەبردنی کۆنفرانسی نەتەوەیی کورد لە ڕۆژئاوا دەربڕی.
داهاتووی سووریا و پەیوەندییەکانی نێوان قەسەدە و دەسەڵاتی دیمەشق، بەتایبەت دوای ڕێککەوتنەکەی مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەڕع واژۆیان کردووە، گفتوگۆیان لەسەر کرا.
لە کۆبوونەوەکاندا جەخت لەسەر پێویستی بەشداری کوردان و هەموو پێکهاتەکانی سووریا لە پڕۆسەی سیاسی و دڵنیابوون لە مافە دەستوورییەکانیان کرایەوە، هەروەها ڕێگاکانی باشکردنی دۆخی ئابووری لە هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا تاوتوێ کران.