پارادایمی نوێی شۆڕشەکان

شۆڕشگێڕی ئەمڕۆ نەک هەر دەسەڵات (دەوڵەت) بە ئامانج دەگرێت؛ بەڵکو کەسێکە کە لە ئێش و ئازارەکانی گەل تێدەگات، هەروەها بەشەکانی کۆمەڵگا بنیات دەنێتەوە. بۆیە ئیدی شۆڕش تەنیا لە شەقامەکاندا نییە؛ بەڵکو لە ژیانی ڕۆژانەش دایە.

لە ڕاستیدا من نەگۆڕاوم، هێشتا کەسێکی سۆسیالیستم و یەکێک لە ڕادیکاڵترین پارێزەرانی کۆمەڵگەی ئەخلاقی-سیاسیم. بەڵام ئەوەی گۆڕاوە و دووبارە بنیات نراوەتەو، سەردەمە، کات و کۆمەڵگایە، چین و ئامراز و شێوازەکانی تێکۆشانە. واتە لە ناهاوسەنگی نێوان ئەوەی بیستوومە و بینیومە تێگەیشتم و بەو بۆنەوە پرۆسەیەکی نوێی تێکۆشانم دەست پێکردووە و ئەو کەسانەی کە ئەمە دەخەنە ژێر پرسیارەوە، ڕەخنەی لێدەگرن و بە تەسلیم بوون ناوی دەبەن، پێش هەموو شتێک دەبێت سەرەتا لە خۆیان بپرسن چییان کردووە؟ لە کوێن و تەنانەت بەناوی تێکۆشانەوە نەیانتوانیوە بەردێک لە سەر بەردێکی دیکە دابنێن."

گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان نەک تەنیا بە گۆڕانکاری لە هەلومەرجی ئابووری و سیاسیدا جێگای تێگەیشتنە، بەڵکو بەو لاوازییانەی کە لە جیهانی فیکری مرۆڤدا ڕوودەدەن تێگەیشتنی ئاسانە. لە ڕەوتی مێژوودا لە قەیرانی مۆدێرنیتەوە هەتا سەرلێشێواو بوونی  پۆست مۆدێرنیتەوە، لە ڕووخانی سۆسیالیزمی ڕئالەوە بۆ خۆبەڕێوەبردنی دیموکراتیک، پارادایمە ڕادیکاڵەکان هەمیشە مەبەستیان ئەوە بووە دەنگی بندەستانی مێژوو بگەیەننە داهاتوو. لەم چوارچێوەیەدا بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک نیشاندەری تێگەیشتنێکی فیکرییە کە چوارچێوەی شۆڕشگێڕییە کلاسیکییەکان تێدەپەڕێنێت.

بیرکردنەوە لەگەڵ کۆمەڵناسی

تێگەیشتنێکی دروست لە "بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک”ی ڕێبەر ئاپۆ لە ڕووی کۆمەڵناسی و ڕۆحی سەردەمەوە پێویستی بە لێکۆڵینەوەیەکی بەرفراوان هەیە. هەروەها ڕێبازێکی گونجاو لەگەڵ کات و شوێن، واتە سەردەم و هەلومەرج، گرنگییەکی زۆری هەیە. چونکە هەموو سەردەمێک لەگەڵ خۆی هەم قەیران و هەم ئەگەرەکانی خۆی هەیە. لێکدانەوەی ئەم بانگەوازییە لەسەر بنەمای ڕوانگە کلاسیکییەکان، مۆدێلە کۆنەکان و چەمکە پارێزراوەکان بەبێ شیکردنەوەی سەردەم و هەوڵدان بۆ ڕوونکردنەوەی بانگەوازییەکە بە هێنانەوەی هەندێ قسە لەسەر مێژوو، هەر لەسەرەتاوە هەڵەیە. زمان و ئامانجی ئەم بانگەوازە تەنیا گوتارێکی سیاسی نییە؛ پێویستە وەک سەردەمێکی بنەڕەتی کۆمەڵگای نوێ ببینرێت.

دیسانەوە لێرەوە دەست پێ بکەین، بە هێنانەوەی قسەی هەندێک لە کۆمەڵناس و زانای کۆمەڵایەتی و بە وتنی "سەیرکەن، فڵان کەس ئەمەی وتووە و یەکێکی تر لە فڵان لاپەڕەی فڵان کتێبدا ئەمەی نووسیوە"، مرۆڤ ناتوانێ پارادایم و دیدگای سۆسیالیستی و نزیکبوونەوەی ڕێبەر ئاپۆ لە شۆڕشی جیهانی لێکبداتەوە و ڵی تێبگات. ئەم جۆرە لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنە بە واتای تێنەگەیشتن لە رێبەر ئاپۆیە. چونکە لێرەدا پرسەکە تەنها هەڵوێستێکی تیۆری نییە، بەڵکو بنیاتنانەوەی میتۆدۆلۆژی عەقڵیەتی شۆڕشگێڕانەیە.

ڕۆحی سەردەم و گۆڕینی پارادایم

ڕاستییەکە ئەوەیە کە پێویستە سەیری ڕێبەری ئاپۆ بکەین نەک لەسەر بنەمای هەندێک ئایدۆلۆژی و تێزی تیۆری کۆن کە لە ڕابردوودا ڕەوا بوون، کە ئێستا بەسەرچوون، بەڵکو بە تێز و کرانەوەی ئایدیۆلۆژی نوێ، ستراتیژی و پارادایمی شۆڕشگێڕیی نوێ کە لەگەڵ ڕۆحی سەردەمدا یەکدەگرێتەوە دەبێت سەیری ئەم هەنگاوە بکەین. ڕوانگەی پێچەوانە نیشانەی دۆخێکە کە نکۆڵی لە ژیان و ڕاستی دەکات. بەلکوو کات شتی تەواو جیاوازمان پێدەڵێت، سەردەمیش بەهەمان شێوە شتی دیکەمان پێدەڵێت. هەروەها دەستنیشانکردنەکانی هێراکلیتۆس وەک "هەموو شتێک لە گۆڕاندایە و تەنها شتێک کە ناگۆڕێت خۆی گۆڕانە. ئەمانە وەڵامێکی یەکلاکەرەوەن بۆ ئەو کەسانە کە وەک ئەوەی هیچ نەگۆڕاوە، بەردەوامن لە هەوڵدان بۆ چوونە پێشەوە بە هەمان وشەی کۆنەپەرستانەی دەیان و تەنانەت سەدان ساڵ لەمەوبەر. بەڵام بۆ ئەوەی ڕازی بین، پێویستمان بە ئاراستەیە، پێویستە ڕۆانگە کۆن و ژەنگاوییەکان، تێز و ئایدۆلۆژی کۆن، ستراتیژی ئیستاتیک و دۆگماتیک کە چیتر لە سەردەمی ئێمەدا کاری پێناکرێت، بەلاوە بنرێن و هاوکات بەبێ ترس و دوودڵی، دەبێت سەردەمی نوێ دەستی پێبکرێت.

شۆڕشی گەل، بەڵام نەک دووبارەبوونەوەی ڕابردوو

ئەمە ڕاستییەکە کە شۆڕشەکان لە سەردەمی مۆدێرندا بەو ئامرازانەی کە لە ڕابردوودا بەکارهێنراون، سەرکەوتن بەدەست ناهێنن. شۆڕشەکان بە شێواز و رێبازە کۆنەکان ڕوونادەن. چونکە لە سەردەمی مۆدێرندا هەموو شتێک گۆڕاوە. ئایدۆلۆژیاکان، پارادایمەکان، ستراتیژەکان، تەنانەت بنەماکان، سەرچاوە بەرهەمهێنەرەکان لە پەیوەندی لەگەڵ چین و توێژەکان بە تەواوی گۆڕاون و جێگەیان بە شتی تر و چینەکانی تر داوە. هەروەها لە بواری تەکنیکیدا بەدەیان شۆڕش ڕوویداوە، دۆزینەوەی نوێ تا قوڵایی ئاسمان ئەنجامدراوە، هەروەها زیرەکی دەستکرد، واتە چووینەتە ناو پرۆسەیەکی تەواو نوێیەوە کە شۆڕشی زۆر گەورەتری لێدەکەوێتەوە.

جێگای بیرکردنەوە نییە کە هەموو ئەم پێشکەوتن و شۆڕشانە لە شۆڕشە کۆمەڵایەتییەکاندا ڕەنگ نەداتەوە. ئەگەر چین و توێژ و چینی ناوەند و هێزە بەرهەمهێنەرەکان گۆڕانیان بەسەردا هاتووە، کەواتە دەبێت ستراتژییەکانی شۆڕشەکانیش بەهەمان شێوە بگۆڕدرێن. لە ئەنجامدا دەبێت لۆژیک، شێواز و ڕێباز و بەتایبەت میتۆدی شۆڕشیش دەبێت بگۆڕدرێت. لەبەر ئەوەی عەقڵیەتی کۆن شۆڕش بەڕێوە نابات و هیچ ئەنجامێکی سەرکەوتوو بەدی نایەت.

بۆەیە لێرەدایە کە ڕێبەر ئاپۆ بە پشتبەستن بەو هەموو ڕاستییە دیارەکان، پارادایمی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی نوێ – بەناو شۆڕشە کۆن و سەردەمە نوێیەکان، واتە شۆڕشەکان کە دەبێت لە سەردەمی ئێستادا ڕووبدەن، دەخوڵقێنێت. بۆ ئەم مەبەستە بە گرنگیەکەی گەورەوە پارادایمی نوێ، ستراتیژی نوێ بۆ شۆڕشی نوێ دەست نیشان دەکات.

بۆ ئەم مەبەستە بە خوێندنەوە و پێداچوونەوەی دووبارە بە تێزەکانی شۆڕشی کۆمەڵایەتی مارکس، ئێنگڵس، لنین، ستالین و مائۆ و زانایانی تر، بەگوێرەی سەردەمی خۆی دەگاتە ئەنجامێکی نوێ. دەڵێ: "تێزە شۆڕشگێڕییە کۆنەکان، ڕوانگەکانی دەسەڵات، ئایدۆلۆژی دەوڵەتبوون، دیکتاتۆرییەتی پرۆلتاریا و شێوازەکانی بەدەستهێنانی دەسەڵات بە زەبری هێز، لەگەڵ سەردەمی ئێمەدا ناگونجێن و لە شوێنی ئەوان ڕوانگە، ئایدۆلۆژی، تاکتیک و ستراتژی گونجاو لەگەڵ ئەم سەردەمەدا دروست بکرێن." هەروەها باس لەوە دەکات کە لەبری شۆڕشێک کە لەسەر بنەمای چەک و هێز و توندوتیژی بێت، پێویستە شۆڕشێک لەسەر بنەمای گەل بنیات بنرێت و لەبری حکومەتەکان کە لەسەر بنەمای دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا دامەزراون، پشت بە بەڕێوەبردنی بەکۆمەڵ لەسەر بنەمای کۆمەڵگای دیموکراتیک پێویستە، سەرەڕای ئەوەش پێویستی بە بنیاتنانی سیستەمێکە لەو بارەوە.

ئێمە کە باسی شۆڕشی گەل دەکەین، باسی دیموکراسی، یەکسانی و خوشک و برایەتی دەکەین، کەواتە شۆڕش دەبێتە شۆڕشی گەل، دیموکراسی دەبێت بە واتای خۆی دیموکراسی گەل بێت.هەروەها یەکسانی لە ئابووریدا دەبێت ببێتە ئابوورییەکی کۆمیناڵ. شۆڕشێکی سووری، شۆڕشێک کە پشت بە خەڵک نەبەستێت، حکومەت و شۆڕشێک کە لە چەند هێزێکی چەکداردا سنوردار بێت، حکومەتێک کە لە بیرۆکراسیدا نوقم بێت نییە، ئێمە مەبەستمان ئەوە نییە، بە مشێوەیە شۆڕش نابێت و نە حکومەت بە مانای ڕاستەقینەی وشەیە نە دابەشکارییەکی ئابووری لەسەر بنەمای یەکسانییە.

شۆڕش دووبارەبوونەوەی ڕابردوو نییە

کە سەیری مێژوو دەکەین؛ شۆڕشی سۆڤیەت کە بە پێشەنگایەتی ڕووسیا، بەناوی دەوڵەت و پرۆلتاریای تەواو دامەزرا، شۆڕشێکی بەدوور لە خەڵک بوو، دوور بوو لە دیموکراسی و بە تەواوی لەسەر بنەمای دیکتاتۆریەت بوو. کەواتە چی ڕوویدا؟ دوای ٧٠ ساڵ بە هۆکاری ناوخۆیی ڕووخا. ئەو وڵاتانەی تێکۆشانی ئازادی نەتەوەیییان کرد، چونکە لەسەر بنەمای دەوڵەت نەتەوە دامەزرابوون، یەک بە یەک بوون بە بەشێک لە سیستەمی سەرمایەداری. لە ئێستادا یەک کۆمەڵگەی سۆسیالیستی لە جیهاندا بوونی نییە. ئایا ئەمە دەتوانێت ڕێکەوت بێت؟ نە. یەکەم سیستەمی کۆن لەناوببرێت، سیستەمێکی تر لەشوێنی بنیات بنرێت، لەبری دەوڵەتێک، دەوڵەتێکی تر دابنرێت؛ لەبری بەرهەمهێنانی سەرمایەداری، پەرە بە پەیوەندییە سۆسیالیستییەکانی بەرهەمهێنان بدرێت، بەڵام دوای چەند ساڵێک هەموویان یەک بە یەک بڕووخێن و بکەونە ناو سیستەمی سەرمایەدارییەوە. ئەمە نیشاندەری ئەوەیە کە چۆن هەڵە ستراتژییەکان لە ڕووی مێژوویی و سیستماتیکەوە دووبارە دەبنەوە.

لێرەدا هەڵەیەکی ستراتژی گەورە هەیە، هەڵەیەکی جددی لە ڕوانگەدا و دۆخێک هەیە کە لە ئایدۆلۆژی وڕۆانگەی بۆرژوازیدا جیا نەکراوەتەوە. ئەگەرنا سەرەتا چۆن شۆڕش دەکرێت، پاشان هەمووان یەک بە یەک هەڵدەوشێنەوە. سۆسیالیستەکان و شۆڕشگێڕەکان و پێشەنگەکان کە خۆیان بە ڕێبەر دەزانن، ناتوانن بیر لەم شتە نەکەنەوە؛ ناتوانن هەڵوێستێکی لەو شێوەیە بگرنەبەر بەبێ ئەوەی بەدوادچوون بۆ هۆکارەکانی نەکەن. سەدەیەک دەبێت سۆسیالیستەکان، شۆڕشگێڕ و ئەو هێزانەی خۆیان بە کۆمۆنیست دەناسێنن، لە شوێنی خۆیان گیرودە هاتوون. ئەو شوێنەی کە بە چەک و توندوتیژی و هێز پێ گەیشتوون زیاتر لە ئاستە لە مشتێکدایە، لە پێگەی پەراوێزی خۆیانەوە هیچ گۆڕانکارییەکیان دروست نەکردووە.

بزووتنەوەی شۆڕشگێڕیی زۆرن کە لە دۆخی ئێستای خۆیان تێنەپەڕیون و هەتا لەگەڵ شێوازی کۆن و عەقڵیەتی شۆڕشگێڕانەی کۆن بەردەوام بن، وەک خۆیان دەمێننەوە. ئەگەر سەد ساڵی دیکەش بخایەنێت، ئەم دۆخە هەروەک خۆیەتی. هەموو شتێک کە لە سەد ساڵی ڕابردوودا ئەزموون کراوە، بەڵام بەردەوام دووبارە دەبێتەوە. چونکە خنکان لە دووبارەبوونەوەی مێژووییدا، تێکۆشان دەکاتە نۆستالوژی نەک بەرخۆدان.

بنیاتنانی کۆمەڵگای دیموکراتیک، شێوازێک لە دەرەوەی توندوتیژی

ڕەخنە و ڕوانگەکانی چارەسەری ڕێبەر ئاپۆ لەم ئاڕاستەیەدایە. ئەو پارادایمە نوێیەی کە لەسەر ئەم ڕێڕەوە بنیاتی ناوە، دوورە لە هەر پێکهاتەیەکی نوخبەیی، نا جەماوەری و بیرۆکراتیک. سیستەمێک پێشنیار دەکات کە بەگشتی لەسەر بنەمای گەل بەڕێوە دەچێت. گەل بە ئیرادەی خۆیان پشت دەبەستن، هەم شۆڕش ئەنجام دەدات و هەم بە زیندووی دەهێڵێتەوە، هەم بەرێوەبەری دەکات و هەمیش لە بەڕێوەبردن دایەن، هاوکات کۆمۆناڵ و دیموکراتیکە. ئەو خۆی وەک ڕێبەری پارادایمێکی نوێ بنیاتناوەتەوە کە بانگەشە بۆ سۆسیالیزمی دیموکراتیک دەکات، بە ڕەتکردنەوەی سۆسیالیزمی رئال کە گەل هیچ ڕەوڵێکی تێدا نەبینی. ئەم پارادایمە نوێیە پێشنیاری دووبارە پێناسەکردنەوەی بابەتی شۆڕشگێڕیی و پێچەوانەکردنەوەی تێگەیشتن لە دەسەڵات لە ناوەندەوە بۆ کۆمەڵگا دەکات. لەم چوارچێوەیەدا، بیرۆکەی ئەوەی کە گۆڕانی شۆڕشگێڕیی نەک تەنیا لەسەر بنەمای ئامرازی دەوڵەت، بەڵکو لەسەر بنەمای ناوخۆیی کۆمەڵگا بەتایبەت لە بوارەکانی کولتوور، ئەخلاق، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و ژیانی ڕۆژانە سەر هەڵدەدن. لەبەر ئەوەی بۆ شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی ڕاستەقینە دەبێت نەک تەنها پێکهاتەکان بگۆڕدرێت، بەڵکو دەبێت عەقڵیەت و پێکهاتەکانی پەیوەندیش دەبێ بگۆڕدرێت.

شێوازی نوێی ڕێکخستن: یەکگرتنی شوناسەکان

لەم سەردەمەدا، ڕێبەر ئاپۆ، بە ئاماژەدان بەوەی کە لەناوبردنی دەوڵەتێک و دروستکردنی دەوڵەتێکی دیکە لە شوێنی خۆی، یان بە وردتر، بنیاتنانی دەوڵەتێکی سۆسیالیستی یان نەتەوەیی، هەروەها گۆڕینی دیکتاتۆری پرۆلتاریا بۆ دیکتاتۆری بۆرژوازی و سیستەمی ئابووریی ستالینی بە سیستەمێکی نەرم و کۆمەڵایەتی کە خاوەنی بنەماڵەیە لە ناوەڕۆکەکەیدا لەگەڵ بارودۆخی ئەمڕۆدا نەگونجێت. یانێ ڕاستترین سیستەم، سیستەمی سۆسیالیستی دیموکراتیک، ئەمەیە. یانێ بەدیلێکی نوێ بەرامبەر بە فۆرمە کلاسیکەکان بە ڕێکخستن و پێشکەش دەکات. ئەم بەدیلانە تەنیا جیاوازییەکی ڕێکخراوەیی نین، بەڵکو پێناسەکردنەوەی بیرۆکەی دەسەڵاتیشن.

ڕێبەر ئاپۆ، بە ئاماژەدان بەوەی کە لەو هەرێمانەی کە چەندین ناسنامە و گرووپی باوەڕیی تێدا تێکەڵاون و لەسەر خاکێکی هاوبەش دەژین، ڕێبازێکی جیاواز بۆ ڕێکخستنی هەر نەتەوەیەک دەبێتە هۆی لەدەستدانی هێز و ئەم رێبازانەی ڕێکخستن، هەرچییەک بن، دواجار ناسیۆنالیزمی ناوخۆیی لێدەکەوێتەوە، بۆیە هەرچی بکرێت، دیسان ناکۆکی و ململانێەکانی نێوان ئەم گروپانەدا پەرە دەستێنێت بۆیە دەڵێت؛ "ڕێکخستنی هاوبەشی هەموو چین و باوەڕە چەوساوەکان لە ژێر یەک چەتردا شتێکی بنەڕەتییە". باس لەوە دەکات کە لە بەرامبەر هەوڵە هاوبەشەکانی ڕێکخستنی بۆرژوازی جیهانیدا و زلهێزە هەژمونخوازەکان و قۆرخکارییە هەژموونییەکان، ڕێکخستنی هاوبەشی چەوساوەکان ڕوودەدات، ئەگەرنا بنیاتنانی کۆمەڵگای دیموکراتیک، سۆسیالیزمی دیموکراتیک و نەتەوەیەکی دیموکراتیک ڕوو نادات. ئەم بیرۆکەیەی ڕێکخستنی کۆمەڵایەتیە بەردی بناغەی سیاسەتی هاودەنگی ئەم سەردەمەیە.

ڕێبەر ئاپۆ زۆر بە کۆنکرێتی باس لەوە دەکات کە گونجاندنی تێزە کۆنەکان – واتە ئەو تیۆری و تاکتیک و ستراتیژانەی کە ١٠٠- ٢٠٠ساڵ لەمەوبەر وەک تێزەکانی شۆڕش داڕێژراون، لەگەڵ سەردەمی ئێستادا تەواو ناگونج، کۆنەپەرستییەکی تواو و بابەتێکە کە بچووکترین پەیوەندی لەگەڵ سەردەمی ئێستادا نییە و هەمیشە بە کوێرانە لە تاریکیدا رێ دەپێوێت. لە مانیفێستی نوێی ڕێبەر ئاپۆدا هاتووە کە تاکتیکی نوێ، شێواز و میتۆدی نوێ، رێبازی نوێی ڕێکخستن، ڕێکخراوەی نوێ و ستراتژی ڕێگای گەیشتن بە کۆمەڵگای دیموکراتیک لەسەر بنەمای سەردەمی نوێ دامەزراوە.

ڕێبەر ئاپۆ، بە ئاماژەدان بەوەی کە بیرمەندانی کلاسیک لە سەردەمی خۆیاندا بە گوێرەی پێویست بیریان کردەوە و بنەما سەرەکییەکانی سۆسیالیزمیان پێکهێنا؛ ئەوەی کە تێزەکانی مارکس و ئێنگڵس، لنین و ستالین، مائۆ و بیرمەندانی مارکسیستی دیکە لەگەڵ سەردەمی ئێستادا بگونجێن؛ هەروەها ئەوەی کە تێز، تاکتیک و ئەو ستراتیژانەی کە لەو سەردەمەدا ڕەوا بوون، لەگەڵ سەردەمی ئێستادا ناگونجێن و بە لەبەرچاوگرتنی گۆڕانی هەموو شتێک، شۆڕشەکانیش دەبێ بگۆڕدرێن، تەنانەت باشترە لەبری شۆڕش باس لە نوێ بوونەوە بکرێت. لە دوایین مانیفێستی خۆیدا بۆ ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک، باس لەوە دەکات کە بە کاولکاری، لەناوبردن و بە دروستکردنی دەوڵەت، بە گەورەکردنی سوپا، بە قۆرخکاری ئابووری نە سۆسیالیزم و نە دیموکراسی بەدی نایەت. ئەمە پێشنیارێکی ڕادیکاڵە بۆ تێپەڕبوون لە تێگەیشتن لە شۆڕشی ناوەندی دەسەڵاتە بە بیرۆکەی گۆڕانکاری لە ناو کۆمەڵگادا.

بەم شێوازانە، بەناوی سۆسیالیزمەوە، دەوڵەت نەتەوە دروست و بەهێزتر بووە و لەگەڵ دەوڵەت نەتەوەدا، کۆمەڵگەی دیموکراتیک بە تەواوی کەوتووتە لاوە. کۆمەڵگای دێموکراتیک بە تێکۆشانیکی یاسایی و سیاسی لەدژی دەوڵەت، لەدژی کردەوە دژە دیموکراتیکەکانی دەوڵەت و یاسا دژە کۆمەڵایەتییەکان، سیاسەتی نکۆڵیکردن، قەدەغەکردنەکان، ناسیۆنالیستی، ڕەگەز پەرەستی، ئایینی و زانستی دەوڵەت- نەتەوە بنیات دەنرێت. لێرەدا دیموکراسی ڕەوتێك نییە کە لە ناو دەوڵەتەوە سەرچاوەی گرتبێت؛ بەم مانایە کۆمەڵگای دیموکراتیک بەبێ وێرانکاری، بە بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ پرەنسیپە بنەڕەتییەکانی دەوڵەت-نەتەوە و لەدژی پرەنسیپەکانی نەتەوەی دیموکراتیک گەشە دەکات. پرسی کوردیش لەم چوارچێوەیەدا بەو شیوەیە چارەسەر دەبێت.

تێکۆشانی بەردەوام و شەڕی بەردەوام، چارەسەری پرسی کوردیان بەرجەستە کردووە و گەیاندوویانە گۆرەپانە نێونەتەوەییەکان. بە پشتبەستن بەو ڕاستییەی کە ئازادیی گەلی کورد تەنیا بە ئازادیی یاسایی چوار بەشی کوردستانەوە دەکرێت، ڕێبەر ئاپۆ داوای ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیکی کردووە و ئازادیی گەلی کوردی لەسەر ئەم بنەمایە داناوە. ئەمەش جەخت لەوە دەکاتەوە کە نابێت تەنیا لەسەر بنەمای نەتەوەیی یان مۆدێلی کلاسیکی دەوڵەت بەدوای چارەسەردا بگەڕێت. بە پێچەوانەوە لەگەڵ کۆمەڵگەیەکی هەمەلایەنە، دیموکراتیک و ڕێکخراوەیی لە ئاستی ناوخۆدا ڕوودەدات.

بەبێ گۆڕینی پارادایم، شۆڕش سەرناکەوێت

لەبیرمان نەچێت کە شۆڕشی ئەمڕۆ نەک هەر دەسەڵات (دەوڵەت) بە ئامانج دەگرێت، بەڵکوو کەسێکە کە لە دڵی گەلدا جێگە دەگرێت، پێکهاتەی کۆمەڵگا بنیات دەنێتەوە. یانێ ئیتر شۆڕش لە شەقامەکاندا نییە، بەڵکوو لە مێشک، لە کولتوور و ناخئی ژیانی ڕۆژانەدا دەژیت. هیچ بزووتنەوەیەک کە لە ڕۆحی سەردەم تێنەگات، ناتوانێت گۆڕانکاری کۆمەڵگا بەهەمیشەیی بکات.

هیچ تێکۆشانێک کە نەتوانێت لە تێگەیشتنی تەنیا دەسەڵاتخوازانەی ڕابردوو تێپەڕێت، ناتوانێت گۆڕانکارییەک بەدەستبهێنێت کە ژیانی ئازادی گەل بە هەمیشەیی بکات. چونکە شۆڕش تەنها گۆڕینی هێز نییە. بەڵکوو دروستکردنی ئەخلاقێکی نوێ و رێبازێکی نوێی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و چەمکێکی نوێ لە ژیانە.

هەروەها خاڵی دەستپێکی ئەم پرۆسەیە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتیی پارادایمە. شۆڕش بەبێ گۆڕینی پارادایم، تەنیا ڕابردوو بەرهەم دەهێنێتەوە؛ نەک ڕاستی، بەڵکو دووبارەکردنەوەکانی لێ دەکەوێتەوە.