شاهیدێکی کۆمەڵکوژی کۆبانێ: هیچ کاتێک ئەو کارەساتە لە بیرناکەم
مەزڵوم پاڵاس کە باوک و براکەی لە کۆمەڵکوژیی کۆبانێدا شەهیدبوون ئاماژەی بەوە کرد، بەهیچ جۆرێک ئەو ڕۆژە لەبیر ناکات و هیچکات لە یادەوەریدا ناسڕێتەوە.
مەزڵوم پاڵاس کە باوک و براکەی لە کۆمەڵکوژیی کۆبانێدا شەهیدبوون ئاماژەی بەوە کرد، بەهیچ جۆرێک ئەو ڕۆژە لەبیر ناکات و هیچکات لە یادەوەریدا ناسڕێتەوە.
مەزڵوم پاڵاس کە باوک و براکەی لە کۆمەڵکوژیی کۆبانێدا شەهیدبوون، بۆ ئاژانسی هەواڵیی فورات (ANF) قسەی کرد و باسی لەو کارەساتە کرد کە چەتەکانی داعش بەسەر گەل و دانیشتوانی کۆبانێیاندا هێنا.
مەزڵوم پاڵاس لە سەرەتای قسەکانیدا باسی لە هێرشی چەتەکانی داعش کرد و وتی: "ڕۆژێکی ناخۆش و سەخت بوو. چەتەکان لە بەرەبەیاندا هێرشیان کردە سەرمان و ویستیان بەو شێوەیە لەناومان بەرن، بەڵام ئێمە سەرکەوتین. باوکم بەهۆی دەنگی تەقەوە چووبووە بەر دەرگا تا بزانێ چی ڕوویداوە. لەبەرئەوەی دەنگی تەقەکان زۆر بوو، نەماندەزانی چی قەوماوە. لەکاتێکدا باوکم لەبەر دەرگا دەپرسێت کە چی ڕوویداوە چەتەکان دەستڕێژی گوللەی لێدەکەن و باوکم لەبەردەم ماڵمان دەستبەجێ شەهید دەبێت. هێشتاش نەماندەزانی کە چەتەکانی داعش هاتوونەتە ناو کۆبانێوە."
مەزڵووم لە قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە براکەی دوای باوکی بووەتە ئامانجی چەتەکان و گوتی: "کاتێک باوکم کەوت ئێمە لەقاتی سەرەوەی ماڵەکەمانەوە بازماندا، ئێمە سێ برا بووین، کاتێک بینیمان باوکمان کەوتووە، بەرەو باوکم بازماندا کە تەرمەکەی هەڵبگرینەوە. لەبەردەرگا چەتەیەک هات و دەستڕێژی گوللەی لێکردین. من و برایەکم چووینە ژوورەوە بەڵام براکەی ترم جیگەر لە دەرەوە مایەوە. چەتەکەی داعش بە بانگی براکەمی کرد و بە کوردی پێی وت وەرە. هەر کە براکەم دەچێت بەرەو ڕووی چەتەکە دەستڕێژی گوللەی لێدەکات و براکەم دەکەوێتە سەر زەوی و بە خۆخشاندن بەرەو دەرگای ماڵەوەمان دێت و لەبەر دەرگا لە تەنیشتی تەرمی باوکم ئەویش شەهید دەبێت."
لە کۆتایی قسەکانیدا مەزڵووم پاڵاس ئاماژەی بەوە کرد هیچ کاتێک ئەو ڕۆژە ڕەشە لەبیر ناکات و باسی لەوە کرد: "ئەو ڕۆژە لە یادەوەریمدا ناسڕێتەوە. چەتەکان لەسەر ماتۆڕێک بوون و دوو کەس بوون. چەتەکان دەستڕێژی گوللەیان لە هەموو کەسێک دەکرد. گەلێک کەس شەهید بوون. چەتەکان زۆر دڕندە بوون، سەری مرۆڤیان دەبڕی. دەڵێن ئێمە مسوڵمانین بەڵام باوەڕییان بە هیچ نییە. براکەم جیگەر پاڵاس و باوکم مەحمود پاڵاس هەردووکیان ئەو ڕۆژە ماڵئاواییان لێکردین."