بە دیمەن

هەزاران کەس لە قامیشلۆ بۆ ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ ڕێپێوانیان کرد

لە شاری قامیشلۆ هەزاران کەس بۆ ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ ڕێپێوانیان کرد. لە ڕێپێوانەکەدا، ئاماژە کرا بە بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک و داوا لە دەوڵەتی تورک کرا هەنگاوی بەپەلە بنێت.

دەسپێشخەریی گەل و دەسپێشخەریی ئازادیی بۆ ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان لە سوریا، بە درووشمی "ئازادی بۆ ڕێبەر ئاپۆ، چارەسەر بۆ پرسی کورد" ڕێپێوانێکی جەماوەرییان لە قامیشلۆ ئەنجامدا. هەزاران کەس بەشداری ڕێپێوانەکە بوون. لە ڕێپێوانەکەدا داوا لە دەسەڵاتدارانی تورکیا کرا، ڕێکاری بەپەلە بگرنەبەر بۆ ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ.

ڕێپێوانەکە لە چوارڕیانی عوسمانی سەبری دەستی پێ کرد، وێنەی ڕێبەر ئاپۆ هەڵگیرا. ڕێپێوانەکە بەنێو شەقامەکانی شارەکەدا بەردەوام بوو، جەماوەر درووشمی "بە گیان بە خوێن لەگەڵتین ئەی سەرۆک" و "بێ سەرۆک ژیان نابێ"یان بەرزکردەوە.

ڕێپێوانەکە لە چوارڕیانی شەهید ڕووبار گۆڕا بۆ گردبوونەوە. ئەندامی دەسپێشخەریی گەل بۆ ئازادی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان لە قامیشلۆ، شەها خەلیل تیشکی خستەسەر بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ و گوتی: "ئەم بانگەوازە کلیلی چارەسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، دەبێتە قەڵغانی پاراستن بۆ تەواوی گەل و نەتەوەکان".

هەروەها گوتی: "بەداخەوە خاوەنی ئەم فەلسەفە و پرۆژەیە هێشتا لە زیندانە، هێشتا دەوڵەتی تورک هیچ هۆکارێکی نەخستۆتەڕوو بۆ هێشتنەوەی لە زیندان".

شەها بانگەوازی لەدەوڵەتی تورک کرد هەنگاوی بەپەلە بنێت بۆ مسۆگەرکردنی ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ، ڕێگە بۆ کۆمیتەکانی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک بکرێتەوە تا لە پەرلەمان کاری خۆیان بکەن، گوتی: "گەر بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک جێبەجێ نەکرێت، هەمووان باجەکەی دەدەن".