ژنان لە شەرناخ دژی کوشتنی گوڵیزار یەڵدز ڕێپێوانیان کرد

ڕێکخراوەکانی ژنان لە سلۆپی بۆ گوڵیزار یەڵدز کە بەشێوەیەکی دڕندانە کوژرا، ڕێپێوانیان کرد.

لە ناوچەی سلۆپی شەرناخ بۆ شەرمەزارکردنی کوشتنی گوڵیزار یەڵدز ڕێپێوانێکی جەماوەری ئەنجامدرا. پەرلەمانتارانی دەم پارتی بێریتان گونەش و جۆرج ئاسڵان، هاوسەرۆکی شارەوانی مێردین دەڤریم دەمیر، ئەندامانی پارت و ڕێکخراوەکان بەشداربوون.

پاش ڕێپێوانەکە، هاوسەرۆکی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ (ئیهەدە)ـی شەرناخ، ئەسین یەڵماز ڕاگەیاندراوێکی خوێندەوە، ڕایگەیاند ساڵانێکە لە شەرناخ لەلایەن دەوڵەت و پیاوانەوە ژن دەکوژرێن، گوتی: "بۆ ئەوەی ژیانی ژنان بپارێزرێت، پێویستە قورسترین سزا بەسەر بکوژانی ژناندا بسەپێنرێت. هەموومان گوڵیزارین".

ئەندامی تەژەئا، عەدالەت فیدان، گوتی: "شێوازی کوشتنی گوڵیزار لە شێوەی داعش بوو، ئەم شێوازە شەرمەزار دەکەین".

پەرلەمانتاری دەم پارتی بێریتان گونەش ڕایگەیاند کاتی ڕاپەڕینی ژنانە بۆ ڕێگرتن لە توندوتیژی، گوتی: "چۆن لە ڕۆژئاوا دژی داعش بەرخۆدانمان کرد، ئەمڕۆش لێرە بەرخۆدان دەکەین. توندوتیژی دژی ژنان شتێکی سیستەماتیکە و بەدەستی دەوڵەت ئەنجام دەدرێت".

پاشان دایک و خوشکی گوڵیزار قسەیان کرد و داوایان کرد گەورەترین سزا بەسەر بکوژدا بسەپێنرێت، دووپاتیان کردەوە تا کۆتایی بەدواداچوون بۆ دۆزی گوڵیزار دەکەن.

چالاکییەکە بە درووشمی "ژن ژیان ئازادی" کۆتایی هات.