زیندانیکراوی نەخۆش تورسون پاش ٣٢ ساڵ ئازادکرا

زیندانیکراوی نەخۆش ئیسماعیل حەقی تورسون (٦٠ ساڵ) پاش ٣٢ ساڵ و ٦ مانگ لە زیندان دەرچوو. تورسون ڕایگەیاند هێشتا سەدان زیندانیکراوی نەخۆش لە زیندان هەن، گوتی: "گەر تا ئێستە بەپێوە ماوم ئەمە لەسایەی ڕێبەر ئاپۆیە".

زیندانیکراوی نەخۆش ئیسماعیل حەقی تورسون (٦٠ ساڵ) لە ٣٠ کانوونی یەکەمی ١٩٩٢ لە ئامەد زیندانی کرا، سزای هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنرا تورسون لە زیندانەکانی دیلۆک و ئەلبیستان و سوێرەگ مایەوە و پاش ٣٢ ساڵ و ٦ مانگ لە زیندانی جۆری Tی ژمارەی ٢ ی ڕحا ئازادکرا. لیژنەی جێبەجێکردن و چاودێری بە پاساوی "ڕەفتاری خراپە"، ٤ جار ئازادکردنی تورسونی ڕەتکردەوە.

هەروەها زەکی ئالکوش کە ١٨ی ئایاری ٢٠١٩ لە گەڕەکت دەرتۆی ناوچەی خەلفەتی ڕحا بە ئەشکەنجەدان دەستبەسەرکرا، ٧ ساڵ و ٦ مانگ سزای زیندانی بەسەردا سەپێنرا، لەگەڵ تورسون ئازادکرا.

تورسون لەلایەن بنەماڵەکەی و بەڕێوەبەر و ئەندامانی پارت و ڕێکخراوەکانەوە، لەبەردەم زیندان بە درووشمی "بژی بەرخۆدانی زیندان" پێشوازی لێ کرا.

تورسون لەبەردەم زیندانەکە قسەی کرد، گوتی: "٣٢ ساڵ بەو هێزەی لە کەمال پیر و خەیری دورموش و عەلی ئیحسان ئوچکاردەش و دکتۆر مەعسوم و خەلیل چاڤگون و هەڤاڵانی تر وەرمگرت، بەپێوە مامەوە. قەرزاری ئەوانم. لەسایەی ئەوانەوە ٣٢ ساڵ بەپێوە مامەوە، هەرگیز لەبیریان ناکەم و بەڵێن دەدەم بۆ ئەوان تێبکۆشم. گەر تا ئێستە بەپێوە ماوم ئەمە لەسایەی مرۆڤێکی مەزنی وەک ڕێبەر ئاپۆیە".

جەماوەر درووشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ"یان بەرزکردەوە.

پاشان ئالکوش قسەی کرد و ڕایگەیاند دەبێت زیندانیانی نەخۆش دەستبەجێ ئازاد بکرێن.

مەراسیمەکە بە ئازادکردنی کۆتری سپی کۆتایی هات. تورسون و بنەماڵەکەی گەڕانەوە بۆ ناوچەی لجێی ئامەد. ئالکوش گەڕایەوە بۆ ناوچەی خەلفەتی ڕحا.