لە ئۆپەراسیۆنی یەپەژە دژی داعش، ٢ چەتە دەستگیرکران

ناوەندی ڕاگەیاندنی یەپەژە بە ڕاگەیاندراوێکی نووسراو دووپاتی کردەوە کە بە پێشەنگایەتی یەپەژە و بە هاوکاری قەسەدە لە دەیرەزۆر بە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەت ٢ چەتەی داعش دەستگیرکران کە یەکێکیان سەرچەتەیە.

ناوەندی ڕاگەیاندنی یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە) ڕایگەیاند کە سەرچەتە و چەتەیەکی داعش لە کانتۆنی دەیرەزۆر دەستگیرکران و بڕێک چەک و تەقەمەنی دەستی بەسەردا گیرا.

ڕاگەیاندراوەکە بەم جۆرەیە:

"بە پێشەنگایەتی یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە) و بەشداری هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە)، بە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەت کە ٢٤ ی حوزەیران لە شارۆچکەی شحێلی سەر بە کانتۆنی جەزیرە ئەنجامدراوە، سەرچەتەیەک و ئەندامێکی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش دەستگیرکران.

لەم ئۆپەراسیۆنە تایبەتەدا بە پێشەنگایەتی یەپەژە، سەرچەتەیەک و ئەندامێکی داعش دەستگیرکران کە ئامادەکارییان دەکرد بۆ ئەنجامدانی چالاکیی تیرۆریستی دژی گەلی هەرێمەکە.

ئەم تیرۆریستانە چەندین جار لەسەر ڕێگە گشتییەکان مینیان داناوە، بە ئامانجی تیرۆرکردن خەڵکی سڤیل و هێزە سەربازییەکانیان کردووەتە ئامانج. لە هەرێمەکەدا کاری تیرۆریستییان ئەنجامداوە و هەوڵی تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی کانتۆنی جەزیرەیان داوە، هاوکات بڵاوکراوەیان لەپێناو پرۆپاگەندە بۆ ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش بڵاوکردۆتەوە.

ئەم چەتانە ماوەیەکی زۆرە لەلایەن هێزەکانمانەوە چاودێری دەکران و بە چالاکییەکی تایبەت دەستگیرکران و بڕێک لە چەک و تەقەمەنی دەستی بەسەردا گیرا. هێزەکانی یەپەژەمان ماوەیەکی زۆر لەسەر بنەمای زانیاری بەرفراوان، ئەم تیرۆریستانەی داعشیان خستبووە ژێر چاودێرییەوە. پاش بەدواداچوونێکی پرۆفیشناڵ لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا هەردوو چەتەکەی داعش دەستگیرکران، لەکاتی دەستگیرکردنیاندا، چەندین ئامرازی سەربازی وبەڵگە و کەرەستەی پرۆپاگەندەی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکە، دەستیان بەسەردا گیرا.

ئەم سەرچەتەیەی کە ناوی عەبدولقادرە و لەلایەن هێزەکانمانەوە دەستگیرکراوە، چەندین کاری تیرۆریستی دژی گەل ئەنجامداوە. بەرپرسیارە لە دابەشکردنی مین و تەقەمەنی بەسەر شانە نووستووەکاندا، هەروەها لەڕێگەی بڵاوکراوەکانەوە هەڕەشەی لە گەل کردووە و ئارامی هەرێمەکەی تێکداوە. بەتایبەت هەڕەشەی لەو خێزانانە کردووە کە ڕۆڵەکانیان لەنێو ڕیزەکانی قەسەدە و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەرییدا جێ دەگرن. ئەم چەتانە لەژێر فشاردا پارەیان لە گەل وەردەگرت بۆ داعش. لەڕێگەی بڵاوکراوەکانەوە هەڕەشەیان لەو خێزانانە دەکرد کە هەژارن و نەیانتوانیوە پارە بدەن.

یەپەژە هەردەم بۆ لەناوبردنی٧ ڕێکخستنی تیرۆریستی داعش و پاراستنی گەلەکەی ئامادەیە، هەتا ئاشتی و ئارامی لە هەرێمەکەدا دێتەدی، خەبات و تێکۆشان دەکات".