شەهید هەڵمەت و عەلی حەیدەر قەیتان

هەڤاڵ هەڵمەت و فوئاد، دوو هەڤاڵ کە زۆرترین پەروەردەی هەڤاڵانیان دەدا، هەمانکات بەردەوام خۆشیان پەروەردە دەکرد، دەیاننووسی و لێکۆڵینەوەیان دەکرد، بەواتایەکی تر، هەریەکیان بەقەد ئەکادیمیایەک خاوەن بەرهەم و زانیاری بوون.

دەچین بەرەو یادی شەش ساڵەی شەهیدبوونی هەڤاڵی پێشەنگمان، هەڤاڵ دیار غەریب (هەڵمەت). جارێکیتر لەم یادە پیرۆزە، کڕنۆش لەبەر بەرزی باڵای سەرجەم شەهیدانی رێگەی ئازادی کوردستان دادەنوێنم.

دیسان یادی حەوت ساڵەی شەهیدبوونی هەڤاڵی دامەزرێنەر و پێشەنگی ڕێبازی حەقیقەت هەڤاڵ عەلی حەیدەر قەیتان (فوئاد) بوو. پاکی و بێگەردی و خاکی‌بوون و سادەیی ژیانە سۆسیالیستیەکەی هەڤاڵ فوئاد، وەک خوێندنگایەک تا مرۆڤایەتی ماوە، وەک نموونە و ڕێبازی تێکۆشانی ئازادی، دەبێ بەردەوامی پێ بدرێ.

مانگی حوزیران دیسان هاوکاتە لەگەڵ یادی ١٠٠ ساڵەی شەهیدبوونی شێخ سەعیدی پیران، لە ٢٩-٦-١٩٢٥ لەگەڵ پۆلێک لە هاوسەنگەرانی لە ئامەد لە سێدارەدران. هاوکات یادی ٢٩ ساڵەی، شەهیدی پێشەنگی ڕێبازی ژنی ئازادە، هەڤاڵ زەینەب کناجی (زیلان). زیلان بە چالاکی گیانبازی نیشانی داگیرکەرانی دا، ئیتر ژنی کورد ئەو مرۆڤە بێ چارەیە نییە، بەڵکو لە سایەی شۆڕشی ئازادیی کوردستان بە پێشەنگایەتی پەکەکە، بووەتە ئیرادەیەکی لەبن نەهاتوو، ئامادەیە خۆی بکاتە بۆمب و جیهانی داگیرکەران وێران بکات.

بۆم گرنگ بوو لەم ساڵیادەی شەهید هەڵمەتدا، راوەستە لەسەر کەسایەتی و تێکۆشانی شۆڕشگێڕی هەردوو هەڤاڵی شەهیدی پێشەنگ، هەڵمەت و فوئاد بکەم. چونکە لە ساڵی ٢٠١٣وە هەردوو هەڤاڵ پێکەوە لە دەزگای کۆنسەی گشتی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) ئەرکی شۆڕشگێڕییان ڕادەپەڕاند. دەزگایەکی نوێ کە رێبەر ئاپۆ وەک جێگری خۆی دەستنیشانی کردبوو، بۆ ئەوەی سیستەمی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتی بەڕێوە ببەن و خاوەنداریەتی لەم سیستەمە بکەن. دەزگایەک کە لە حەوت هەڤاڵی لێوەشاوە و خاوەن ئەزموون پێکدەهات، چوار هەڤاڵی ژن و سێ پیاو، مۆدێلێکی نوێی لە بەڕێوەبردنی تێکۆشانی دیموکراتیانە نیشاندەدا.

وەک دەزانرێ، هەڤاڵ فوئاد دوای دەسگیرکردنی ڕێبەر ئاپۆ لە ساڵی ١٩٩٩، لەگەڵ ئەوەی تازیەبار بوو، ماوەی ١٠ ساڵیش ڕیشی نەتراشی، هەمانکات لە دەرەوەی وانەبێژی لە ئەکادیمیاکان و لێکۆڵینەوە و نووسین، وەکوتر خۆی لەهەموو ئەرکێکی شۆڕش بوراندبوو. کاتێک لە ساڵی ٢٠١٣ رێبەر ئاپۆ گووتی، ناتوانی بەوشێوەیە قەرزەکانت لەبەرانبەر شەهیدان و من بدەیتەوە، ئەم کاروانەمان پێکەوە دەستپێکردووە، دەبێ پێکەوەش بیبەین بەرەو سەرکەوتن، ئینجا هەڤاڵ فوئاد کەوتە ناو خەباتی بەڕێوەبەرایەتی، لە دەزگایەک کە وەک جێگرانی رێبەر ئاپۆ پێناسە دەکرا.

ئەگەر جاران ئەم دوو هەڤاڵە (هەڵمەت و فوئاد) لە دوورەوە یەکتریان ناسیبێ و تۆزێک ئاشنایەتیان پێکەوە هەبووبێ، بەڵام ئەمجارە لە دەزگایەکی ناوەندی و بەرزی تێکۆشان پێکەوە خەباتیان دەکرد. بە هۆکار شێوازی کارەکەیان و تایبەتمەندی کەسی خۆشیان، بۆیە هەردووکیان پێکەوە قۆڵیان لێهەڵماڵی بوو، لە ئاسۆسەوە تا دەگاتە حەفتانین، لەکوێ ئەکادیمیایەک، یان خولێکی پەروەردە هەبووایە، ئەوا هەڤاڵ فوئاد بە وانەی ڕێباز و ڕژێمی حەقیقەت و ڕاستی ڕێبەرتی، هەڤاڵ هەڵمەتیش بە وانەی مێژووی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەشداریان لە پەروەردەکاندا دەکرد. لە دوای وانەکانیش دانە دانە لەگەڵ هەڤاڵانی بەشداربوو، گفتوگۆی پرسەکانی ژیان و تاوتوێی لایەنە ورد و درشتەکانی شۆڕشیان دەکرد، هەمانکات بۆ لاوازییەکانیشیان دەبوونە هێزی مۆڕاڵ و چارەسەری.

هەڤاڵ هەڵمەت سەلیقەیەکی تایبەتی هەبوو، لە گوێگرتن لە هەڤاڵان و هەموو کەسێک کە قسەی بۆ بکردبوایە. بەهەمانشێوە خۆشی هەموو توانا و هێزی دەخستەکار، تاکو لایەنی بەرانبەر لە مەبەستەکەی بگەێنێ. چونکە وەک تایبەتمەندیی هەمیشەیی، هەڵناچوو، نەیدەزانی خۆی لەکەسی بەرانبەری توڕە بکا، بەڵکو بەهێمنی هەوڵیدەدا ئەوەی دەیزانی بەباشی ڕوونی بکاتەوە. خەمی شۆڕش و نیشتمان، پرسی ئازادی و پێگەیاندنی شۆڕشگێڕ بۆ تێکۆشان، خولیا سەرەکییەکانی بوون. ئەمەش هۆکاربوون کە بەبێ دوو دڵی، یان هیچ داواکاریەکی کەسی، وەک دروێشێک کە بەنان و ئاوێک ڕازیە و دۆڵ و شیو ئەپێوێ، بۆ ئەوەی پەیامی شۆڕش و ئازادی بگەێنێ.

هەڤاڵ هەڵمەت و فوئاد، دوو هەڤاڵ کە زۆرترین پەروەردەی هەڤاڵانیان دەدا، هەمانکات بەردەوام خۆشیان پەروەردە دەکرد، دەیاننووسی و لێکۆڵینەوەیان دەکرد، بەواتایەکی تر، هەریەکیان بەقەد ئەکادیمیایەک خاوەن بەرهەم و زانیاری بوون. ئەگەر هەموو نووسین و چاوپێکەوتن و وانە و دیدارەکانیان کۆبکرێنەوە، ئەوا بە دەیان بەرگی پەرتووک، چەندین کاتژمێر دیداری ڤیدیۆیی و کاسێتی دەنگی دەبن، بەداخەوە هێشتا هەموویان کۆ نەکراونەتەوە، پێویستە کۆبکرێنەوە و ئەرشیف بکرێن.

تایبەتمەندیەکی تر کە گرنگە لە هەردوو هەڤاڵ پێویستە بزانرێ ئەویش؛ ناساندن و شیکارە بۆ شوێنی لەدایک بوون و ئەو هەرێمەی لێی ژیاون. من باوەڕم سەرجەم کادیر و گەریلا و خەباتکارانی پەکەکە، هەرێمی دێرسیم و کۆمەڵکوژی و داگیرکەری و ئەو زوڵم و ستەمەی داگیرکەری تورکیا بەڕێوەی بردبوو، لەسەر زمانی هەڤاڵ فوئادیان بیستبێ، لە رۆح و سیما و خانەکانی جەستەشیدا، هەستت بە ئازاری کۆمەڵگەی عەلەوی دەکرد. هیچ کاتێک ڕاستی داگیرکەری لە کوردستان پەسند نەکرد، بۆیە ئەوەی توانی سەرکەوێ بەسەر سیاسەتی پارچەکردنی عەلەوی و سوونی لە باکوور، ئەویش هەڤاڵ فوئاد بوو. زۆرترین شۆڕشگێڕان و تێکۆشەرانی ئازادی لە هەرێمی دێرسیم، کاریگەربوون بە کەسایەتی هەڤاڵ فوئاد و بەشداری تێکۆشان بوون. چونکە لە ڕاستی کۆمەڵگەکەی ڕای نەدەکرد، بەڵکو لەسەر بنەمای ئازادی و یەکێتیی نەتەوەیی، بونیادی دەنایەوە. ئەمەش وایکرد هەرێمی دێرسیم و زازا و عەلەوی، ببنە پایەیەکی سەرەکی لە شۆڕشی کوردستانی هەمدەمدا.

بەهەمان بارستایی، هەڤاڵ هەڵمەتیش، هەموو ڕاستیەکانی داگیرکەری و زوڵم ستەمەکانی لە ئەنفالەوە تا کیمیاباران، ڕاستی باشووری کوردستانی بۆ هەموو کەسێکی روون دەکردەوە. هەمانکات خۆی بەخاوەنی هەموو دەسکەوتوو ڕەنج و ماندوبوونی بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان دەزانی. لەگەڵ ئەوەش ڕەخنەگرێکی ورد بوو لە دەسەڵاتی هەرێم و بۆ ڕۆژێکیش گەندەڵی و نادادییەکانی پەسند نەکرد. بەردەوام هەوڵی دەدا، هەموو جوانی و قوربانییەکانی باشوور و هەرێمی سلێمانی و قەرەداغ و سێوسێنان بە دەوروبەری خۆی بناسێنێ. ئەمەش لەسەر بنەمای هەرێمگەرایی و پارچەگەرایی نا، بەڵکو لەسەر بنەمای یەکێتی و یەکڕیزیی نیشتمانیی و ئاشنابوون بە ڕاستینەی کۆمەڵگەی کوردستان بوو. چەندین جار لە هەولێر و سلێمانی، کەوتە بەر گرتن و ئەشکەنجەی چەکدارانی دەسەڵات، بەڵام هیچ کات لە تێکۆشان ساردنەدەبووە و بەشێوەی ڕق و تۆڵە کردنەوەش مامەڵەی لەگەڵ هێزە سیاسیەکان نەدەکرد. بەپێچەوانەوە، خەمخۆر بوو، چۆن بتوانێ گۆڕانکاری لەم سیستەمە نادیموکرات و چەوسێنەرەی هەرێم بکات، بەردەوام لای پرسیاربوو، بۆ دەبێ جێگەی هەموو دامودەزگا داگیرکەری و سیخوڕی وڵاتان لە هەرێم ببێتەوە، بەڵام شوێنی شۆڕشگێڕان و وڵاتپارێزان نابێتەوە؟ وەک چۆن شوێنی شەهید هەڵمەت و هەڤاڵانی تا ڕۆژی ئەمڕۆش نابێتەوە. بەپێچەوانەوە، لەبەر هەڵوێستە نیشتمانی و نەتەوەیەکانیان، قەدەغە دەکرێن و بە نایاسایی بەناو دەکرێن!!

 تێکۆشان بۆ ئازادی کوردستان، بە مرۆڤە ئازادەکان دەکرێ. ئەگەر تێکۆشانی پەکەکە لە ماوەی ٥٢ ساڵ ئەو هەموو دەسکەوت و هێز و ئیرادەیی نیشاندا، ئەوا لەگەڵ شەهید هەڵمەت، فوئاد و زیلان بە دە هەزاران مرۆڤی تر لەم پێناوە گیانی خۆیان بەخشیووە. ئەو مرۆڤانەش زانیان بۆچی ژیان و لەپێناو چیشدا گیانیان دەبەخشن.

 شەڕ و ئاڵۆزیەکانی ناوچەکە، پێویستی بە هەڵوێستی هەڵمەتانە هەیە بۆ گۆڕانکارییەکان. لەگەڵ شەڕی عێراق – ئێران لە ساڵی ١٩٨٠، هاوسەنگیەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەرزین، بە ڕووخانی سۆڤیەت و داگیرکردنی کوێت و راپەڕینی باشوور لە ١٩٩١، درز و کەلێنی گەورەتر کەوتنە ناو سیستەمی هەژموونگەرا. هەرجارە و بەناوێک، سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری، دەستوەردانی لە دەوڵەتێکدا دەکرد. لەکۆتایی بەهێرشی سەر ئێران، پەردەی سەر رووی خۆیان هەڵماڵی. ئەمریکا و ئیسرائیل دەیانەوێ بونیادنانەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەسەر بنەمای هێز و بەرژەوەندی ئەوان بێ. لەئێستادا تورکیاش زەنگی ئاگادار کردنەوەی وەرگرتووە، سیستەمی دەوڵەت – نەتەوەیی فاشیستی تورکیاش بۆ دەستتێوەردان بەربژێرە، ئەگەر مل نەدا بۆ پرۆژە و پلانەکانی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی رێبەر ئاپۆ. وەک دیار دەبێ تورکیا وەک دواین پوولی دۆمینەکەیە، لە هەموویان خراپتر دەکەوێ.

رێبەر ئاپۆ زۆر بە وشیارانە دەیەوێ زۆرترین دەسکەوت لەناو ئەم ئاڵۆزی و قەیرانانە بچنێتەوە، نەهێڵێ گەلی کورد و تەڤگەرە شۆڕشگێڕەکەی، ببێتە کارتێک لەدەستی زلهێزەکان و دەوڵەتە هەرێمیەکان، بۆ ئەوەی وەک سەدەی رابردوو یاری بە چارەنووسی گەلەکەی نەکەن.

 لەکاتێکدا یادی شەش ساڵەی شەهید هەڵمەت دەکەینەوە، وەک شەهیدێکی پێشەنگ، ناوچەکە لەناو شەڕ و گێژاودا دەکوڵێ. پێویستە بەڕۆح و شێوازی هەڤاڵ هەڵمەت و فوئاد تێکۆشان بکەین، لەلایەک نەبینە بەردەباز بۆ هیچ هێز و دەوڵەتێک، لەلایەکی تریش یەکێتی و یەکڕیزیی خۆمان بەهێز بکەین. لەسەر بنەمای پێکەوەژیانی دیموکراتیانەی گەلان، بتوانین شوێنێکی بەهێز و شایستە بۆ گەلی کورد بەدەستبخەین. بەم شێوەیەش ڕێبازی شەهیدانمان بەردەوام بکەین، تاکو ئەوانیش لە گۆڕەکانیان ئاسوودە و ئارام بن.