دەوڵەتی ئێران فوئاد عەلی‌خانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی لەژێر ئەشکەنجەدا کوشت

بەگوێرەی ماڵپەڕی "دەنگی دەستگیرکراوانی کورد و ئێران"، هێزەکانی ئێران ڕۆژی ٢٣ ی حوزەیران، هاوڵاتییەکی کوردیان بە ناوی فوئاد عەلی‌خانی (٤١ ساڵ)، لە زیندانی کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەژێر ئەشکەنجەدا کوشتووە.

فوئاد عەلی‌خانی بەبێ دادگاییکردن لەلایەن هێزەکانی ئیتیڵاعاتەوە دەستگیرکراوە، پاشان پەیوەندییان بە بنەماڵەکەیەوە کردووە و بەبێ ئەوەی هۆکارەکەی باس بکەن پێیان ڕاگەیاندوون، کە کوڕەکەیان گیانی لە دەستداوە. هەمان سەرچاوە ڕایگەیاند کە هێشتا تەرمەکەی ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوە.

بەم دواییانە لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ژمارەی ئەو کەسانەی بەبێ دادگایی دەستگیر دەکرین و ئەشکەنجە دەدرێن، زیادی کردووە.