دوابەدوای ئازاد کردنی شاری کۆبانێ لە ٢٦ کانونی دووەمی ٢٠١٥ و لە پاش بەرخۆدانێکی مێژووی ١٣٤ ڕۆژی، شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە بەرخۆدانێکی داستان ئامێزیان لە شارەکەدا تۆمار کرد. داعش کە یەکێکە لە گەورەترین ڕێکخراوە تیرۆرستییەکانی جیهان لە کۆبانێ توشی شکستێکی گەورە بوو. بەڵام چەتەکان ئەم شکەستەیان بۆ قبوڵ نەکرا، بۆیە سەرلەبەیانی ٢٥ی حوزەیرانی ٢٠١٥ جارێکی دیکە خەڵکی مەدەنییان کردە ئامانج و کۆمەڵکوژییان ئەنجامدا.
داعش سەرەتا لە کاتژمێرەکانی بەرەبەیاندا هێرشی کردە سەر گوندی بەرخبۆتان و دواتر بەرەو کۆبانێ ڕۆیشت و کۆمەڵکوژییەکی بەرفراوانی لە شارەکەدا ئەنجامدا. کە تیایدا بە سەدان هاوڵاتی مەدەنی بوونە ئامانج، هەروەها ژن و منداڵ و بەساڵاچووان بە شێوەیەکی دڕندانە کوژران.
شێخ عەدلان، کە یەکێکە لە شایەتحاڵەکانی کۆمەڵکوژییکە، دەربارەی ئەو کاتانەی کە تێیدا ژیاوە بۆ ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF) قسەی کرد. عەدلان کە دانیشتوی گوندی زیارەتە، لە ساڵی ٢٠١٤ەوە گەمارۆی کۆبانێ دەستی پێکرد، شاهیدی تێکۆشانی گەل بووە کە چۆن بەرگریان لە شارەکە کردووە، دەڵێت بەرەبەیانی ٢٥ی حوزەیران یەکێک بوو لە ڕۆژە پڕ ئازارەکانی ئەو تێکۆشانە.
عەدلان وتی"بەرەبەیانی ئەو ڕۆژە بە دەنگی تەقینەوە خەبەرمان بووەوە، لە هەموو لایکەوە دەنگی تەقەکردن دەهات، تێنەگەیشتین چی ڕوودەدات، کاتێک چوومە دەرەوە دوو ئۆتۆمبێلی پڕ لە چەکدار بەلامدا تێپەڕین، بەڵام نەمدەزانی کێن، دەستم بە هێمای سەرکەوتن بەرزکردەوە، بەڵام دوای چوونە ژوورەوە بۆ نەخۆشخانەی مشتتەنوور، بۆم دەرکەوت کە چەتەکانی داعشن".
عەدلان و خێزانەکەی لە مەترسییەکی گەورەدا بوون. چەتەکان چواردەوری ماڵەکەیان گەمارۆ دابوون. کوڕەکەی هەوڵیدا بە تەورێک کە لە دوکانەکەی خۆیانەوە هێنابووی، دیواری ماڵەکەیان بشکێنێ و خێزانەکەی ڕزگار بکات. عەدلان ئەو ساتانەی بەم شێوەیە گێڕایەوە.
هەروەها وتیشی "چەتەکان دەرگای ماڵەکەیان شکاندین و هاتنە ژوورەوە، ئەوکات هاوژینەکەم لەسەر جێگاکە دانیشتبوو، ئەوان داوای ئاویان لێکردم و منیش پێمدان، دواتر پێیان وتم کە نەچینە دەرەوە، خودا یارمەتی داین لەو ساتەدا ڕزگارمان بوو، دواتر دیواری ماڵەکەمانمان شکاند و هەڵاتین بەرەو ڕۆژهەڵاتی شارەکە ڕۆیشتین. شەرڤانێکمان بینی پێی گوتین بەرەو ڕۆژئاوای شارەکە بڕۆین. لە ڕێگادابوو زانیم کە بووکەکەم بریندار بووە و هەڤاڵان بۆ چارەسەرکردنی ڕەوانەی باکووری کوردستانیان کردبوو."
عەدلان لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: "ئەو ڕۆژە بۆ ئێمە تاریکترین ڕۆژ بوو، تەنانەت ئەگەر سەد ساڵش تێپەڕێت هەرگیز ئەو ڕۆژە لەبیر ناکەین، خوێن وەک لافاوێک ڕژا، ئێمە ڕزگارمان بوو. بەڵام بۆ هەمیشە برینێک لەناوماندایە و ساڕێژ نابێت".