پەرلەمانتار عەلی بۆزان: دۆزی کۆبانێ هەڵوەشایەوە، دەستبەجێ هەڤاڵەکانمان ئازادبکەن

پەرلەمانتاری دەم پارتی مێرسین، پارێزەر عەلی بۆزان هەڵسەنگاندنی کرد بۆ بڕیارەکانی دۆزی کۆبانێ کە لە ٣٢ هەزار لاپەڕە پێکدێت، گوتی: "بەفەرمی هەڵوەشایەوە".

پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، پارێزەر عەلی بۆزان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە پەرلەمان، هەڵسەنگاندنی کرد بۆ بڕیارەکانی دۆزی کۆبانێ.

بۆزان ڕایگەیانددۆزی کۆبانێ هەر لە سەرەتاوە هەڵوەشاوەتەوە و گوتی: "بەڵام بەو بڕیارانەی کە دوێنێ بڵاوکرانەوە، ئەم دۆزە بەفەرمی هەڵوەشایەوە".

هەروەها ڕایگەیاند هاوسەرۆکانی هەدەپە سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ و ئەوانیتر ساڵانێکە بەبێ پاساو ڕووبەڕووی ئەشکەنجەی دادگا دەبنەوە، گوتی: "ئەوانەی نەیانتوانی تاوانێک بخەنە ناو ٣٢ هەزار لاپەڕەکەوە، ٩ ساڵە هەڤاڵانی ئێمەیان بە بارمتە گرتووە".

پەرلەمانتار عەلی بۆزان داوای کرد کۆتایی بە ئەشکەنجەی دادگا بهێنن، گوتی: "با وەزیری داد بڵێت، ئەم وڵاتە دەوڵەتی یاسایە. دۆزی کۆبانێ پەڵەیەکی ڕەشە بە نێوچاوانی سیستەمی یاسایی ئەم وڵاتەوە. ئەو بڕیارە ٣٢ هەزار لاپەڕەیەی کە دوێنێ ڕاگەیاندرا، بەڵگەی ئەم شەرمەزارییەیە. درێژە بەم شەرمەزارییە مەدەن. دەستبەجێ هەڤاڵەکانمان ئازاد بکەن. مادام لە ٣٢ هەزار لاپەڕەدا ناتوانن تاوانێک بخەنە پاڵیان، ئازادیان بکەن".