کۆمەڵەی ڕۆژنامەوانانی دیجلە فوڕات(دەفەگە) تایبەت بە پەیامنێری ئاژانسی هەواڵی میزۆپۆتامیا، زەینەب دورگوت کە بەهۆی هەڕەشەی "چەتەی ماددە هۆشبەرەکان"ـەوە شەڕناخی بەجێهێشتووە، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە
دەفەگە، لە ڕاگەیاندراوەکەیدا ڕایگەیاند: "بەهۆی بڵاوکردنەوەی بابەتێک لەسەر "چەتەی ماددەی هۆشبەرەکان" هەڕەشە لە هاوپیشەمان زەینەب دورگوت کراوە."
بەگوێرەی ڕاگەیاندراوەکە، ئەندامانی بنەماڵەی تاتار کە لە ڕاپۆرتەکەی زەینەبدا ناویان وەکو 'سەرچەتە' هاتووە، هەڕەشەیان لە زەینەب دورگوت کردووە.
دەفەگە ڕایگەیاند، "ئێمە، ئەو هەڕەشانەی لە هاوپیشەکەمان کراوە قبووڵی ناکەین، ئەو بە هەواڵەکەی دیاردەی 'بازرگانی ماددەی هۆشبەر'ی لە شەرنەخ ئاشکرا کردووە. ئاماژەی بەوەش کرد، "جارێکی تر ئەو کەس و عەقڵییەتە ئاگادار دەکەینەوە کە هەڕەشەی لە هاوپیشەکەمان کردووە؛ ئێمە لەپاڵ زەینەبین، واز لەو کەسانە ناهێنین کە هەڕەشەیان کردووە."
هەڵوێستی مەکەگە
هاوکات کۆمەڵەی ڕۆژنامەوانانی ژنی میزۆپۆتامیا (مەکەگە)، سەبارەت بە ڕووداوەکە لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە دیجیتاڵ میدیا ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: "پەیامنێرمان زەینەب دورگوت کە لە شەرناخ 'چەتەی ماددەی هۆشبەر'ی خستبووە بەر باس، لەلایەن بنەماڵەی کەنعان تاتارەوە هەڕەشەی لێکراوە. ئەم هەڕەشانە لەدژی ڕۆژنامەوانێک کە بە کاری پیشەیی خۆی هەڵساوە، مایەی قبووڵکردن نییە. لەدژی ئەم عەقڵییەتە لەگەڵ هاوپیشە و ڕۆژنامەوان زەینەب دورگوتین."