باقرخان لە بەریتانیا دەستی بە کۆبوونەوە کرد

هاوسەرۆکی دەم پارتی تونجەر باقرخان و شاندی یاوەری لە بەریتانیا دەستیان بە کۆبوونەوە کرد.

شاندی دەم پارتی پاش کۆبوونەوەکان لە ئەڵمانیا چوونە بەریتانیا. شاندەکە بە سەرۆکایەتی باقرخان ئەمڕۆ بەشداری مێزگردێک بوون لە (Chatham House) کە ناوەندێکی بیرکردنەوەی جیهانییە.

چەندین کەسایەتی ناودار و سیاسەتمەدار بەشداری کۆبوونەوەکە بوون. باقرخان دەربارەی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک لە تورکیا زانیاری دا، پێشنیار و دیدگاکانی چارەسەری دەم پارتی دەربارەی شەڕ و پێکدادانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خستەڕوو.

پاشان باقرخان بەشداری کرد لە سیمپۆزیۆمێک کە لە ئەنجوومەنی لەندەن بەڕێوەچوو.

سیاسەتمەداری کوردی نیشتەجێی تاراوگە، عوسمان بایدەمیر و سیاسەتمەدارە بەریتانییەکان بەشداربوون. ڕاگەیاندنی بەریتانیا بەگەرمی بەدەم سیمپۆزیۆمەکەوە چوون.

باقرخان زانیاری دەربارەی پرۆسەکە خستەڕوو، بانگەوازی کرد بۆ پشتگیریکردن لە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک.

باقرخان ڕایگەیاند، ئەو ڕەوشەی کە ١٠٠ ساڵ پێش ئێستە دامەزراوە، ڕێگەی بۆ پشێویی و شەڕ و پێکدادان کردووەتەوە، جەختی کردەوە کە دەبێت هەمووان بە دیدگا و فەلسەفەیەکی نوێوە لە چارەسەری کێشەکان نزیک ببنەوە.