دۆسیە

شەنگال و ماددەی ١٤٠ـی دەستووری عێراق

ئێستا دوای ١١ ساڵ و بە نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و لاوازبوونی، داواکاریی پەدەکە بۆ سەرلەنوێ چالاککردنەوەی ماددەی ١٤٠ پرسیارگەلی زۆر دەورژێنێت.

شەنگال و ماددەی ١٤٠

ماددەی ١٤٠ـی دەستووری عێراق، کە بە "ماددەی ناوچە جێ ناکۆکەکان"ـیش دەناسرێت، لە سەرەتای ئامادەکردنی دەستووری عێراقدا نەبوو. دوای ئەوەی دەستووری ساڵی ٢٠٠٥ ئامادەکرا،  پۆڵ بریمەر، نوێنەری ئەوکاتەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەم ماددەیەی لە دەستووردا زیاد کرد. ئامانج لەم ماددەیە چارەسەرکردنی هەندێک ناوچەی جێناکۆک بوو لە عێراقدا؛ ناوچەکانی کەرکووک، شەنگال، خانەقین، زومار، مەندەلی و هەندێک ناوچەی تر لە پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە و سەڵاحەدین.

ئامانجی سەرەکیی ماددەی ١٤٠ ئەوە بوو کە ئەم ناوچە جێناکۆکانە، کە لەسەردەمی ڕژێمی بەعسدا دیمۆگرافیایان گۆڕابوو، بە شێوەیەکی دیموکراسی داهاتوویان دیاریبکەن. ئەو پڕۆسەیەی کە ماددەی ١٤٠ـی دیاریکرد، لە سێ هەنگاو پێکدەهات:

١- ئاساییکردنەوە؛ گەڕاندەوەی دۆخی دیمۆگرافیی ناوچەکە بۆ پێش ساڵی ٢٠٠٣.

٢- سەرژمێری؛ سەرژمێریی دانیشتووانی ئەو ناوچانە، بۆ ئەوەی ڕێژەی ڕاستەقینەی هەر پێکهاتەیەک بزانرێت تا بە شێوەیەکی دیموکراسی ڕوونبکرێنەوە.

٣- ڕیفراندۆم؛ دوای ئاساییکردنەوە و سەرژمێریی، خەڵکی ئەو ناوچانە بە ڕیفراندۆم بڕیار بدەن کە ئاخۆ دەیانەوێت بچنە سەر هەرێمی کوردستان، یان هەر سەر بە حکومەتی ناوەندی عێراق بمێننەوە، یانیش ببنە پارێزگایەکی سەربەخۆ.

بەڵام سەبارەت بەم ماددەیە تاوەکو ساڵی ٢٠١٤ کۆمەڵگەی ئێزدی هیچ بڕیارێکی نەدا. دوای ساڵی ٢٠١٤ و ناسینی بیری نەتەوەی دیموکراتیک کە خۆی دەسپێرێتە فکری ڕێبەر ئاپۆ بڕیاری سەربەخۆبوون و ئازادی درا. هەڵبەتە ئەوەش لە دەستووری عێراقدا مافی کۆمەڵگەی ئێزدی و کۆی پێکهاتەکانی عێراقە.

شەنگال، لەڕووی جوگرافییەوە سەر بە پارێزگای نەینەوایە و هیچ کات بە شێوەیەکی فەرمی سەر بە هەرێمی کوردستان نەبووە. بەڵام، لە چوارچێوەی ماددەی ١٤٠ـدا، شەنگال یەکێک بوو لەو ناوچانەی کە دەبوایە لەڕێی ڕیفراندۆمەوە چارەنووسی یەکلایی بکرێتەوە. کۆمەڵگەی ئێزدی، کە زۆربەیان نیشتەجێی شەنگالن، لە سەردەمی ڕژێمی سەدام حوسەیندا بەر ستەم و زۆرداری زۆر بوویەوە و دێمۆگرافیای ناوچەکە بە هەموو شێوەیەک گۆڕابوو.

لە دوای ساڵی ٢٠٠٥ـەوە، کۆمەڵگەی ئێزدی هەموو کاتێک گیرۆدەی نەهامەتییەکانی ئەم خاڵە دەستوورییە بووەتەوە. لەبەرئەوەی جێبەجێ کردنی ئەم ماددەیە چەندین جار دواخراوە و ئەمەش بووەتە مایەی ناجێگیریی و مەترسیی بەردەوام لەسەر گەلی ئێزدی.

وەک دەزانرێت، دوای خیانەتەکەی پەدەکە لە ساڵی ٢٠١٤، کاتێک شەنگال لەلایەن داعشەوە داگیرکرا و بەهەزاران ئێزدی کوژران و ڕفێنران، چیتر کۆمەڵگەی ئێزدی باوەڕی بە پەدەکە نەما. ئێستا دوای ١١ ساڵ و بە نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق و لاوازبوونی، داواکاریی پەدەکە  بۆ سەرلەنوێ چالاککردنەوەی ماددەی ١٤٠ گەلێک پرسیار بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

هەندێک لە هۆکارەکانیش بەو شێوەیەن:           

بەرژەوەندییە سیاسییەکان و بژاردەکان لە ماوەی هەڵبژاردندا: پارتە سیاسییەکان هەوڵدەدەن بابەتی هەستیار و وروژێنەر بخەنە ڕۆژەڤەوە تاوەکو دەنگ بۆ خۆیان کۆبکەنەوە. ڕەنگە پەدەکە بیهەوێت ماددەی ١٤٠ وەک ئامڕازێک بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانیی ناوچە جێناکۆکەکان بەکاربێنێت یانیش لە شەنگال جێگیر بێت. هەمووان دەزانن پەدەکە هەم لە ساڵی ٢٠١٤ و هەم لە ساڵی ٢٠١٧ـشدا پشتی کردە کۆمەڵگەی ئێزدی و ڕایکرد. پەدەکە هەمیشە خواستی ئەوە بووە کە کاریگەریی خۆی لە شەنگال و ناوچە جێناکۆکەکانی تر زیادبکات.

گۆڕانی هێزەکانی ناوچەکە دوابەدوای ڕووداوەکانی ٢٠١٤:

لە شەنگال هێزی جیاواز، بەتایبەتی یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال (یەبەشە)، یەکینەکانی ژنانی شەنگال(یەژەشە) و ئاسایشی ئێزدخان دامەزران. ئەمەش بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی شەنگالی گۆڕیوە. ڕەنگە پەدەکە بیەوێت لەڕێی ماددەی ١٤٠ـەوە جارێکی تر کۆنتڕۆڵی ناوچەکە بکات و جێی خۆی لەناو شەنگالدا بگرێت.

بابەتی ماددەی ١٤٠ و شەنگال گەلێک لایەنی هەن و بە کێشەی مێژوویی، سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە بەستراوەتەوە. بۆ کۆمەڵگەی ئێزدی، پێویستە چارەسەرێکی هەمیشەیی و سەلامەت بدۆزرێتەوە کە ماف و ناسنامەی خۆی و هەروەها سەربەخۆیی دیموکراتیک بپارێزێت، وە شەنگال بۆ تەواوی ئێزدیان ببێتە جێیەکی ئارام و سەلامەت.