میراتیی زیلان لە زاپەوە تا ڕۆژئاوا ئاگری ئازادییە- ٢
لەیلا کاپڵان (ڕەوشەن) لەسەر هێڵی چالاکی فیدایی شەهید زیلان، لە ٢٥ـی تشرینی یەکەمی ١٩٩٦ لە ئەدەنە بە چالاکیی فیدایی لەدژی بەڕێوبەرێتی هێزە تایبەتەکان باوەڕداری بتەوی بە ئازادی نیشاندا.
لەیلا کاپڵان (ڕەوشەن) لەسەر هێڵی چالاکی فیدایی شەهید زیلان، لە ٢٥ـی تشرینی یەکەمی ١٩٩٦ لە ئەدەنە بە چالاکیی فیدایی لەدژی بەڕێوبەرێتی هێزە تایبەتەکان باوەڕداری بتەوی بە ئازادی نیشاندا.
تێکۆشانەکانی ئازادیی پڕن لە ساتەوەختی داستان ئامێز کە خاڵی وەچەرخانی مێژوو دەچەسپێنن. بوێری و فیداکارییەکان دەبنە ئاگرێک و ئیرادەی گەلێک بەرزدەکاتەوە. میراتیی زیلان وەکو سەمبولی ئەم ڕوحێتە لەناو تەڤگەری ئازادیی کورددا دەنگی دایەوە. لە زاپەوە تاوەکو ڕۆژئاوا هیوای ئاگری بەرخۆدانی ڕووناک کردەوە. لەیلا کاپڵان کە لەسەر شوێنپێی شەهید زیلان، ٢٥ـی تشرینی یەکەمی ١٩٩٦ لە ئەدەنە لەدژی بەڕێوبەرێتی هێزە تایبەتەکان چالاکیی فیدایی ئەنجامدا و لە دەوری ڕێبەر ئاپۆ بووە بازنەیەک لە ئاگر.
لەیلا کەپڵان بەناسناوی ڕەوشەن ساڵی ١٩٧٩ لە ئەدەنە لەدایکبوو. دایکی لە مێردینەوە کۆچی کردبوو. قوتابخانەی سەرەتایی تەواوکرد، بەڵام بەهۆی خراپی بارودۆخی داراییەوە دەرفەتی بەردەوامیدان بە خوێندنی نەبوو. لەگەڵ ئەوەشدا ئاگری فێربوون لەدڵیدا خامۆش نەبوو؛ بەهەوڵدانە کەسییەکانی خۆی پەروەردە کرد. لە بەرامبەر نادادپەروەریدا بووە ڕوحێکی سەرهەڵدێر، بە دڵێکی بەرپرسیارانەوە سەیری دەوروبەری خۆی کرد. ژیانی شەهید لەیلا بووە داستانێکی فیداکاریی بۆ تێکۆشانی ئازادیی کورد. لە ٢٥ـی تشرینی یەکەمی ١٩٩٦ لە ئەدەنە بە چالاکی فیدایی وەکو مەشخەڵی گەشی بەرخۆدان چووە ناو لاپەڕەکانی مێژووەوە.
تەمەنی قۆناغی منداڵی
شەهید لەیلا لە ئەدەنە لەنێو بنەماڵەیەکی وڵاتپارێزدا گەورە بوو، کە بنەماڵەکەی ناسنامەی کوردایەتیی خۆیان لەنێو دیواری کۆنکرێتیی شارە گەورەکانیشدا لەبیر نەکرد. هەستی بەو زنجیرانە دەکرد کە کۆمەڵگەی فیوداڵ بەسەر ژناندا دەیسەپاند، فشارەکانی دەوڵەتی تورکی بۆ سەر کورد بەقووڵی هەستپێکرد.
کۆڵانەکانی ئەدەنە شەهید لەیلایان گەیاندە بەرخۆدان لە کوردستان. لە شارەکان ڕاپەڕین سەریهەڵدا، ڕێپێوان و خۆپیشاندان گەشبوونەوە. ئەم شەپۆلە لە دڵی لەیلادا چەخماخەیەکی داگیرساند. ڕەگی وڵاتپارێزیی بنەماڵەکەی و ئارەزووی بۆ دەنگدانەوە لە جیهان ئەوی خستە ناو ئەم ئاگرەوە. شەهید لەیالا کەپڵان لە ڕاپۆرتی خۆیدا بۆ چالاکییە فیداییەکەی گوتبووی، 'کەسێک لە ئاست ڕووداوەکان لە کوردستاندا خەمسارد بێت، یان لە عەقڵ بێبەشە، یانیش بەتەواویی ڕوح، هۆشیاریی و مرۆڤایەتیی لەدەستداوە، بۆتە سیخوڕێک، هاوکارێک. مرۆڤێک کە مرۆڤایەتی لەدەست نەدابێت، بەدڵنیاییەوە ئەوانە دەبینێت یان بەریان دەکەوێت."
بەشداربوون لە ناو ڕیزەکانی تێکۆشان
بەشداری سەرهەڵدانەکان بوو، ئاشنای بەرخۆدان بوو. ویستی بەشداربێت، بەڵام لەبەرئەوەی تەمەنی بچووک بوو لەو کاتەدا بەشداری نێو ڕیزەکانی گەریلایان نەکرد، بەڵام ئەو نەوەستا، لەپێناو تێکۆشان چی لەدەستهات کردی. نادادپەروەریی، نایەکسانی و زوڵمی سیستەمەکەی بەچاوی خۆی بینی. ساڵی ١٩٩٥ پەیوەندی کرد و بەشداری ڕیزەکانی گەریلا بوو. شاهیدی هێرشە سەختەکانی دوژمن بوو، بەڵام بووە قوربانیی ڕوحی ئافرێنەری بەرخۆدان.
سوێند لەسەر شوێنپێی زیلان
شەهید ڕەوشەن دەیگوت،"زەحمەتییەکانی ساڵانی ١٩٩٥-١٩٩٦، هێرشە قورسەکانی دوژمن توڕەییەکی گەورەی لەمندا ئافراند. دوژمن نەیدەتوانی بەرگە بگرێت کە سەرەڕای ئەو هەموو هەلومەرجە سەختە ئێمە شەڕ دەکەین و زەحمەتییەکان لەبەردەمی خۆمان لادەبەین. دوژمن وەک ئەوەی لە چۆڕە ئاوێکدا پەلەقاژەی بێت، بەهەموو جۆرێک هێرشی دەکرد. من لەناو ڕیزەکانی گەریلادا بینیم کە گەریلا هێندە ئافرێنەر و بەرخۆدێرە. لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک هەبوون کە کاریگەری نەرێنییان دەکەوتە سەر، دەهاتنە پاڵ گەریلا، بەڵام بێ بڕیار دەبوون. ئەمە دەبووە هۆکار کە لە بەرامبەریاندا تووڕە بم. هەمیشە بەخۆم دەوت: چی دەبێت با ببێت پاشەکشێم نییە و نابێ. "شەهید ڕەوشەن بڕیارداریی خۆی بۆ چالاکیی فیدایی بەم شێوەیە باس دەکرد: "من هاوڕێ زەینەب کناجم دەناسی کە لە ئەیالەتی ئێمەدا ئەو چالاکییەی کرد. چالاکییەکە کاریگەرییەکی زۆری لەسەردانام. بووە هۆکارێکی گەورە کە منیش بڕیار لەسەر چالاکییەکی لەو شێوەیە بدەم. گرتنەبەری ڕێگەی ها زەینەب شەرفمەندانە بوو، ڕێ و ڕێبازی دڵسۆزی دەربڕین بوو بەرامبەر بە پەکەکە.
گەیشتمە ئەو بڕیارەی کە بەرپرسیارییەتی خۆم لەبەردەم پارت بە مەزنترین شێوە بەجێ بێنم. لەبری مردن لە شەڕدا من هیچ ڕێگەیەکی ترم قبووڵ نەکرد. بەهیچ جۆرێک قبووڵم نەکرد هەروا بە سادەی بمرم. من توڕەیی خۆم لەهەمبەر دوژمن، خۆشەویستیم بۆ پارت بە چالاکییە ڕەسەنەکانی هاوڕێ زەکەریا، بێریڤان، ڕۆناهی و زیلان نیشاندا و نیشانی دەدەین. هیچ هێزێک ناتوانێت ئێمە لەو ڕوحیەتە، لەم باوەڕ و مافدارییە دووربخاتەوە."
شەهید ڕەوشەن لە ڕاپۆرتەکەی خۆیدا لەسەر چالاکییە فیداییەکەی دڵسۆزیی خۆی بۆ ڕێبەر ئاپۆ بەمشێوەیە باس لێوە دەکات: "سەرۆکی من! ئێوەم لە هەموو شتێک زیاتر خۆشدەوێت. لە ئێستاوە ژیانێکی جوان دەبینم کە بە چالاکییەکەم تاجداری دەکەم. داخوازیی سەرەکیم لە پارت سەلامەتی سەرۆکمانە. (...) هەر کاتێک سەیری خۆمان دەکەین، دڵسۆزیمان بۆ ئێوە زیاد دەبێت، چونکە ئەوەی ئێمەی ئافراند و دەیژیێنێت هەبوونی ئێوەیە. وەک کچێکی کورد لە دڵەوە سڵاوەکانم بۆ سەرۆکمان دەنێرم، دەمەوێت دڵسۆزی خۆمی لەگەڵدا باس بکەم. من بەم چالاکییەم بەڵێن دەدەم بە سەرۆکمان، گەل، شەهیدانی شۆڕش، ئەو هاوڕێیانەی لە چیا و زیندانەکان بەرەنگار دەبنەوە."
ڕێبەر ئاپۆ دوای چالاکییەکەی شەهید ڕەوشەن ئەم هەڵسەنگاندنەی کرد: "بەهایەکی پیرۆزن! پێویستە مرۆڤ بەوە بزانێت و دڵسۆزیان بن. هاوشێوەی لەیلا بەسەدان بەهای قارەمانێتیمان هەیە. خۆم وەک پراکتیکارێکی تێگەشتن لێیان و خزمەتکارییان دەزانم. ئەرکێک کە بەشایەنی خۆمی دەزانم ئەمەیە. بەڵام لەبەردەم مەزنیی چالاکییەکەی ئەوان دووچاریی زەحمەتی دێم. ئەوانەی لەسەر ڕێی خوداوەندین، ئەوانەی لەسەر پێوانەیەکی مەزن بە ڕووداوێکی سەرنج ڕاکێش وەڵام دەدەنەوە، دەتوانن ئەوە ئەنجام بدەن. بێگومان دۆخی من جیاوازە، پێویستە هەمیشەییان بکەم، گەورەیان بکەم و بیانگەیەنمە سەرکەوتن. خزمەتکاریی تەنها بەم شێوەیە دەتوانێت ماناداربێت، بەدەر لەمە هیچ ڕێگەیەکی دیکە نییە."
میراتییەکەی: ژنی ئازاد، کوردستانی ئازاد
شەهید ڕەوشەن وەک ژنە کوردێکی ئازادیخواز بەبیر هێنرایەوە. ئەو نرخەی کە ڕێبەر ئاپۆ بە ژنی دەدا بووە ڕوناکی بۆ تێکۆشانەکەی. گوتی، ڕێگەی ئازادی کە سەرۆکمان خستوویەتییە پێش ژنان، شکۆدارم کرد'. بە چالاکییەکەی ڕێی نیشانی تێکۆشەرانی ئازادیی کوردستان و ناسنامەی ئازادی ژندا. بە بوێرییەکەوە، فیداکاریی و وڵاتپارێزییەکەی بووە سەمبولێک. چیرۆکی ئەو وەکو ژنێک کە سەری لەپێش فشار دانەنەواند، ناسنامەی خۆی پارست و لەپێناو ئازادیدا هەموو جۆرە قوربانییەکی لەبەرچاو گرت، دەنگی دایەوە؛ لە چیا، کۆڵانان و لە دڵی هەموواندا وەبیر دەهێنرێتەوە.