حسێن حاجی: ماددەی ١٤٠ وەکو ئامڕازێکی پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن بەکاردەهێنرێت

ئەندامی هەماهەنگی شەنگال حسێن حاجی ئاماژەی بەوە کرد، پێویستە گەلی ئێزدی ئاگاداری پڕوپاگەندەکانی هەڵبژاردن بن و باسی لە ماددەی ١٤٠ـی دەستووری عێراق کرد.

حسێن حاجی، ئەندامی هەماهەنگی شەنگال باسی لەوە کرد، ماددەی ١٤٠ـی دەستووری عێراق لە ساڵی ٢٠٠٧ـەوە جێبەجێ نەکراوە و وتی، پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) ئەم ماددەیە تەنها بۆ پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن بەکاردێنێت. حاجی هۆشداریی دایە گەلی ئێزدی کە نەبنە قوربانیی بانگەشەکانی هەڵبژاردنی پەدەکە.

حاجی ئاماژەی بەوە کرد، حکومەتی بەغدا ناتوانێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بدات، ئێستا چۆن دەتوانێت بە ملیاران دینار بۆ جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ تەرخان بکات و بیداتە ئەو کەسانەی کە ناوی خۆیان تۆمار دەکەن.

حاجی تیشکی خستە سەر نوسینگەکانی ناوتۆمارکردن، بەتایبەتی داواکردنی کارتەکانی هەڵبژاردن، کە وەک تەڵەیەک بۆ ئەو کەسانەی دەنگ دەدەن ناوی برد. حاجی وتی، ئەمە یەکەم جارە کە لە کارێکی وادا داوای کارتی هەڵبژاردن دەکرێت و ئاماژەی بەوە کرد، ماددەی ١٤٠ هیچ پەیوەندییەکی بە هاوکاریکردنی خەڵکەوە نییە، تەنیا لەبەر هەڵبژاردنە.

ڕاستییە جوگرافییەکان پشتگوێدەخرێن

حسێن حاجی گوتی، "ماددەی ١٤٠ بە ڕازیبوونی هەرێمی کوردستان لە دەستووری عێراقدا زیادکرا تاوەکو چارەسەرێک بۆ ناوچە جێناکۆکەکان بدۆزرێتەوە. گەر ئەم ماددەیە بەگوێرەی خواستی پارتی جێبەجێ بکرایە، ئەم ناوچانە ڕاستەوخۆ بە جوگرافیای باشوورەوە گرێدەدران. بەڵام سنووری باشووری کوردستان لە ساڵی ١٩٩١ـدا، لەژێر ناوی "هێڵی ٣٦"ـدا دیاریکرا و ناتوانێ بستێک لە سنوورەکەی زیادبکات."

'خەڵک هەموو شتێک دەزانێت'

لە کۆتاییدا حاجی داوای لە خەڵک کرد کە ئاگاداربن و گوتی: "ئامانجی پەدەکە ئەوەیە لەو ناوچانە سەرلەنوێ باڵادەستی خۆی بونیاتبنێتەوە. بەڵام ئیدی خەڵک نیازی ئەوان باش دەزانێت. تەنها پەدەکە باسی ماددەی ١٤٠ دەکات. نە دامەزراوە فەرمییەکانی عێراق و نە پارتە سیاسییەکانی تر ئەم بابەتە بەجددی ناگرن. ئەمە نیشاندەری ئەوەیە کە هیچ نیازێکییان نییە."