بۆ بۆتان داڵەهۆ پرسە دانرا
بۆ بۆتان داڵەهۆ لە شارۆچکەی چەمچەماڵ پرسە دانرا. لە پرسەکەدا دایکی شەهید داڵەهۆ وتی: "من پرسە بۆ شەهید بۆتان ناگێڕم، چونکە لە ڕێگایەکی پیرۆزدا شەهید بوو".
بۆ بۆتان داڵەهۆ لە شارۆچکەی چەمچەماڵ پرسە دانرا. لە پرسەکەدا دایکی شەهید داڵەهۆ وتی: "من پرسە بۆ شەهید بۆتان ناگێڕم، چونکە لە ڕێگایەکی پیرۆزدا شەهید بوو".
ئێوارەی ئەمڕۆ لە شارەدێی بانی مەقانی سەر بە شارۆچکەی چەمچەماڵ، بۆ بۆتان داڵەهۆ خێمەی پرسە دانرا. بە ئامادەبوونی هاوڵاتییانی چەمچەماڵ، وڵاتپارێز، بنەماڵەی شەهیدان و هەروەها خانەوادی شەهید مەڕاسیمێکیان ئەنجام دا. مەڕاسیم بە دروشمی "شەهید نامرێت" و خولەکێک ڕێزگر بۆ تەواوی شەهیدان گیرا. پاشان ئەندامی کۆمیتەی شەهیدانی باشووری کوردستان وەهاب ئەحمەد قسەی کرد و وتی: "شەهید بۆتان لە باشووری کوردستان لە بنەماڵەیەکی بەڕێز و تێکۆشەر لە دایکبوو. ئەو بنەماڵەیەی خاوەنی دەیان شەهیدن، شەهید بۆتان نمونەیەکی ئاشکرایە، ئەگەر بنەماڵەکەی سەربەرز و تێکۆشەر نەبونایە، شەهید بۆتان نەدەگەشتە پێشەنگی تێکۆشانی ئازادی .لەکاتێکدا شەهید بۆتان گیانی خۆی فیدا دەکات گەلەکەمان پێویستی بە هۆشیاربوونەوە و خۆڕێکخستن هەیە، پێویستە دۆست و دوژمن لێک جیا بکەنەوە. شەهید بۆتان دەیتوانی وەک هەرگەنجێکی دیکە لەناو خێزانەکەی ژیانی بکردایە، بەڵام ئەو تێکۆشانەی خۆی لەچیاکان بینیەوە و لەوێ درێژەی بە تێکۆشانی خۆیدا".
هەروەها دایکی شەهید بۆتان هەست و بۆچونی خۆی دەربڕی ووتی: "سڵاو بۆ ڕێبەر ئاپۆ هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم، سڵاو بۆ چیاکانی زاپ و قەندیل بۆ بەرخۆدانیان خوای گەورە سەرکەوتوویان بکات. پرسە بۆ شەهید بۆتان ناگێڕم، ڕووڕەشی بۆ خیانەتکاران و دوژمنان. هەمشە شانازی بە شەهید بۆتانەوە دەکەم چونکە پێش شەهید بوونیشی هەرکەس دەیبینیم ڕێزی لێ دەگرتم، چونکە کوڕەکەم لە ڕێگەیەکی پیرۆزدا تێکۆشانی دەکرد".
پاشان خاڵی شەهید بۆتان قسەی کرد و وتی: "شەهید بۆتان نەک تەنها شەهیدی ئێمە، شەهیدی هەرچوارپارچەی کوردستانە. سەری ڕێز دادەوێنم بۆ گیانی هەموو شەهیدان". چاودێری سیاسی ئازاد عومەر گوتی: "شەهید بۆتان بەرخۆدانی کرد بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ئەنفال و کیمیاباران ڕوونەدات، قبوڵی ناکەین داگیرکەران جارێکی دیکە بێنەوە سەر خاکمان و جارێکی دیکە ئەنفال و کیمیابارانمان بکەن. هەروەها".
عومەر ئاماژەی بەوەکرد کە جیهان ڕووی کردووەتە ڕۆژهەڵاتی ناوین و دەیانەوێت لەناویبەرن گوتی: "دەیانەوێت گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوین بەگژ یەکدا بدەن. گەلی کورد گەلێکی ئاشتیخوازە و چاوی لەسەر خاکی کەسی نییە. بەداخەوە چەندین ساڵە لێمان دەکوژن، چی دەکەن با بیکەن لەسەر پێی خۆمان وەستاوین". هەروەها ئازاد عومەر بانگەوازی لە هەموو لایەنە سیاسییەکانی باشووری کوردستان بەرژەوندی کەسی بە لاوەبنێن و یەکێتی خۆمان دروست بکەین.
باوکی شەهید هەڵمەت تاکور زەردەشت لە مەڕاسیمەکەدا قسەی کرد و وتی: " ئەو سەرکردانەی دەچنە لای دووژمنان ئەوانە سەرکردە نین و ناجوامێرن. یاری بە خوێن و کەرامەت و شەرافەتی هەزاران ساڵەی کورد دەکەن، سەرکردەی ڕاستەقینە شەهید کاروان و شەهید کاوە و شەهید بۆتانە، کە بەرەنگاری هێزێکی گەورەی وەک دەوڵەتی تورکی داگیرکەر دەبنەوە، دەبێت ئەوان بە پێشەنگی هەقیقەت بزانین. کاتێک ساڵی ٢٠٢٣ کوڕەکەم کاوە شەهید بوو، هاتنە پرسەکە و منیش گوتم "ئەمە پرسە نییە". شەهید بوون پلەیەکی بەرزە".
دوێنێ ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە، ناسنامەی گەریلا بۆتان داڵەهۆ کە لە ٢٤ی تەمموزی ٢٠٢٤ لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا لە ئەنجامی هێرشێکدا شەهیدبوو، ڕاگەیاند.