"بەداخەوە هەولێر بۆتە هێلانەی بکوژانی کورد"

کاوە نادر چاودێری سیاسی سەرەنجی ڕاکێشایە سەر تێرۆرکردنی وڵاتپارێزان لە باشوری کوردستان و وتی:" بە هاوکاری هێزە هەرێمی و دەرەکیەکان هێرشەکان پێک دێن. بە داخەوە هەوڵیر بۆتە هێلانەی تیرۆرستە بکوژانی کوردی وڵاتپارێز و شۆرشگێر"

لەگەڵ زیادبوونی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر بۆسەر باشوری کوردستان، هاوکات لە ناوخۆی باشوری کوردستانیش تاوان و کوشتنی سیاسی زیادی کردوە.

لەو چوارچێوەیە کاوە نادر چاودێری سیاسی باشوری کوردستان،  لەسەر  هێرش، هەماهەنگی هێزە داگیرکەر و ناوخۆیەکان  و داڵدەدانی بکوژانی وڵاتپارێزانی کورد لە هەولێر بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات(ANF) قسەی کرد.

"دەیانەوێت ئەو کەسانەی کە بۆ ئازادی تێکۆشان دەکەن لە ناویان بەرن"

کاوە نادر سەرەنجی ڕاکێشایە  سەر هاوکاری هەماهەنگی هێزە هەرێمیەکان و هێزە دەرەکیەکان  بەیەکەوە بۆ تێرۆکردنی کوردانی وڵاتپارێز لە باشوری کوردستان و وتی:" دەبێت ئێمە هەموومان ئەوە بزانین تورکیا بە هاوکاری ‌هێزە ناوخۆیەکان وهێزە نێودەوڵەتیەکانی وەک بەریتانیا و هەندێک جاریش ئەمریکا هێرش دەکاتە سەر کوردستان، لەو چوارچێوەیە هێرش دەکەن بۆ سەر هێزە کوردیەکان و بەتایبەتیش وڵاتیپارێزان، هەموو ئەوانە بە سیستەم ڕێکخراوەو ئامانجی لە پشتەوەیە، دەیانەوێت هەموو کوردێکی وڵاتپارێز لە ناوبەرن کە بۆ ئازادی گەلەکەی تێکۆشان دەکات"

"تورکیا دوژمنە دەیەوێت هەموو هەلێک بۆ دوژمنداری خۆی بەکار بێنێت"

هاوکات ئەو چاودێرە سیاسیە ئاماژەی بەوەش کرد، لە کاتێكدا کە هەموو جیهان بە شەڕی نێوان ئۆکرانیا و ڕوسیا سەرقاڵن تورکیا دەیەوێت دەرفەت لەو کاتە وەربگرێت و پلانەکانی خۆی لە چوار چێوەی میساقی میلی پێک بێنێت، ناوبراو وتیشی:" دەوڵەتی  تورکیا هەلی لە شەڕی ئۆکرانیا وەرگرت، دەیەوێت لەو چوارچێوەەیدا کە هەموو دونیا بە شەڕی ئۆکرانیا و ڕوسیاوە سەرقاڵە دەسکەوت بە دەست بێنێت، بۆ ئەمەش پرۆژەی میساقی میلی عوسمانی نوێی کردۆتە ئامانجی خۆی، تورکیا دوژمنە هەموو هەلێک بەکار دێنێت بۆ دژایەتی کردنی گەلی کورد شۆرشگێران لەو ڕووانگەیەوە دەبێت شۆرشگێران و وڵاتپارێزان ئاگاداری خۆیان بن و خۆیان بپارێزن بێ ئەوەی کار و خەباتی خۆیان پشت گوێ بخەن"

"هەولێر بە تێکۆشانی خۆی دەناسرێت"

کاوە نادر دەربارەی بەرخودانی گەل و هەولێر و حەشاردانی بکوژانی وڵاتپارێزان لە هەوڵیر وتی:" هەولێر خاون مێژووێکی کۆن و بەرخودانە، خەڵکی هەولێر وڵاتی خۆیان خۆشدەوێت و وڵاتپارێزن. کار بۆ سەرخستنی هێڵی شەهیدان دەکەن، کاتێک پەیمانامەی لۆزان لەسەر کوردستان سەپێندرا و ویلایەتی موسڵ بۆیە بەشێک لە دەوڵەتی عێراق، لەو کاتەوە تا ئیستا گەلی هەولێر خاوەن ڕۆڵیکی بەرچاوی تێکۆشان و خەباتی گەورەیان پێشخستەوە، هەولێر بەو تێکۆشان و خەباتە دەناسرێتەوەو دەنگی هەیە.

"بەداخەوە لە ئیستادا هەولێر لەبەر سیاسەتی چەوتی دەسەڵاتداران ئەو شارە بۆتە ناوەندی حەشاردانی بکوژانی وڵاتپارێزان"

بەداخەوە کاتێک هەولێر کراوەتە لانکەی تیرۆرست و بکوژانی وڵاتپارێزان ئەوە پەیوەندی بە خەڵکی بەشەرەفی هەولێرەوە نیە بەڵکو پەوندی بە سیاسەتی دەسەڵاتەوە هەیە، پەیوەندی بەو هێزە سیاسیەوە هەیە کە لە هەولێر دەسەڵاتدارە، ئەمەش دوورە لە هەموو پێوانەکانی کوردایەتی،   بەپێچەوانەوە هەرێمی کوردستان دەبێت ببێتە ناوەندی شۆرشگێران، "ئەگەر گوڵ نەبین دەبێت دڕكیش نەبین".

"هەر تاکێکی کورد بکوژرێت دەکەوێتە خزمەتی پیلانی تورکیا"

لەسەر زیادبوونی هێرشەکانی ئەم دوایانەی سەر کوردستان ئەو چاودێرە سیاسیە وتیشی:" ئەم هێرشانە هەر دێت فراون دەبێت بە هاوکاری هێزی ئەمنیەکانی ئەم ناوچەیە، ئەم هێرشانە نوێ نێن بەڵام بە داخەوە لەم قۆناغەدا زیاتر پەرەی سەندوە، سود لەم هەلە وەرگیراوە و هەر لەبەر ئەوەش هێرشەکان زیادی کردوە، گەلی کوردیش لەم قۆناغە هەستیارەدا دەبێت بە هەموو شێوەیەک خۆی لە شەڕی کورد بە کورد بە دوور بگرێت و پێش لە هەموو هەوڵیک بگرێت کە دڵی داگیرکەران خۆش دەکات، تورکیا دەیەوێت کورد بە کورد بکوژێت و لە ناوبەرێت، بۆ تورکیا کوردی هەرە باش "کوردی مردوە"، هەر تاکێکی کورد بکوژرێت دەکەوێتە چوارچێوەی خزمەتی پیلانی گڵاوی تورکیا، بۆ ئەوە دەبێت هەموو کەس بە بەرپرسیاریەوە هەڵوسوکەوت بکات".

"دەبێت کورد و حکومەتی ناوەند فشار بخەنە سەر وڵاتانی ڕؤژئاوا"

کاوە نادر سەرنجی ڕاکێشایە سەر گرینگی دیبلۆماسی کورد و ئیدانە کردنی سیاسەتی کوشتی کوردان لە لایەن تورکیا و وتیشی:" بۆ ئیدانەکردن و تەشیرکردنی سیاسەتی تاوانەکانی جەنگ لە لایەن تورکیا دەبێت دیبلۆماسی کورد لە وڵاتانی ڕۆژئاوا کاری جدیتر بکات، بۆ ئەو مەبەستەش هەم کورد هەم حکومەتی ناوەند  دەبێت بەیەکەوە فشار لەسەر وڵاتانی ڕۆژئاوا بکەن کە کاریگەری سیاسیان لەسەر هەرێمەکە هەیە.

"ڕاگەیاندن ئەرکی ئەوەیە تاوانەکانی شەڕ دێکۆمێنت بکات و بگاتە ناوەندە گرینگەکانی جیهان"

لە درێژەی نرخاندنەکانی ئەو چاودێرە سیاسیە سەرنجی ڕاکێشایە سەر ئەرک و ڕۆڵی ڕاگەیاندن لەم دۆخە و وشیارکردنەوەی گەل و وتی:" دەبێت گرنگی گەورە بە کاری ڕاگەیاندن بدرێت بۆ دیکۆمێنت کردن وتاوانەکانی شەڕ کە تورکیا ئەنجامی دەدات بۆ ئەوەی ئەو دێکۆمێنتانە بگەیەندرێنە ناوەندە گرینگەکانی جیهان، لەو نموونانەی کە دەبێت دیکۆمێنت بکرێت تاوانەکانی شەڕی تورکیا وەک بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی و قەدەغەکراو و هاوکار برێنی دار و تاڵانکردنی سروشتی کوردستان، زیان گەیاند بە شوێنەوارە مێژوویەکانی کوردستان لە ڕێگەی بۆردمان و هێرشەکان، تورکیا تەنها دووژمنی کورد نیە بەڵکو دووژمنی دار و بەردی کوردستانیشە، ڕۆژانە سروشتی کوردستان بۆردومان دەکات و لە ناوی دەبات، دەبێت ڕاگەیاندن هەموو ئەو کارە نا ئەخلاقی نامرۆڤیانەی تورکیا بکەنە دێکۆمێنت و دبێت لەسەر ئەو تاوانانە تەشێر بکرێت."

دەبێت لە ناوخۆشدا  گەل زیاتر بە ڕێکخستن بکرێت لەسەر بابەتی یەکێتی نەتەوەیی کار بکرێت و گەل لە هێرشەکان ئاگادار بکرێنەوە بۆ ئەوەی گەل زیاتر خاوەنداری لە کوردستان بکات و رای گشتی کوردستانی دروست ببێت، بۆ ئەوەی بە تەواوی هێرشەکان لەسەر خاکی کوردستان کۆتای پێ بێت و پیلانگێری داگیرکەران و هێزە ئەمنیەکان ڕوون بکرێتەوە بۆ ڕای گشتی"

"دوژمن چەندە بە هێز بێت ناتوانی ئیرادەی گەل بشکێنێت"

لە کۆتای قسەکانیدا ئەو چاودێرە سیاسیە وتی:" دوژمن چەندە بەهێز بێت ناتوانی ئێرادی پۆلایینی گەل بشکێنێت، گەلی کورد سورە لەسەر ئازدی و تێکؤشانی خۆی، هەر لەو چوارچێوەیەش خاوەن مێژوویەكی قۆڵی تێکۆشانە، کورد گەلێکە دەبێت حەقی خۆی وەربگرێت و سەربەخۆ بژی، جێگای سەربڵندیە کە گەلی کورد توانی خۆی لەسەر پێ ڕابگرێت لەبەرامبەر هەموو ئەو هێرشانەی لە دوای پەیمانی لۆزان کرایە سەری، بۆ مانەوەو سەرخستی هێڵی تێکۆشان تا ئیستا خۆی ڕێکخستن دەکات و بەرخودان دەکات.

دەبێت گەلی باشوری کوردستان پشتگیری تەنیا گەریلا نەکات بەڵکو دەبێت پشتگیری هەموو هێزێکی سیاسی بکات کە لە دژی داگیرکاری خاوەن هەڵوێست و تێکۆشانن."

ف.ق