فەرهاد حەمزە: فرۆشتنی سەربەخۆی نەوت بووەتە هۆی خراپی بارودۆخی هاووڵاتیان

فەرهاد حەمزە پسپۆر لە بواری نەوتدا دەڵێت: "ڕەتکردنەوەی بڕیارەکانی دادگای فیدڕالی عێراق لە بەرژەوەندیی کورددا نییە و دەبێتە هۆی فشار و ئەبلوقە بۆ سەر هەرێمی کوردستان".

لە رێکەوتی ١٥ی شوباتی ئەمساڵ، دادگای باڵای فیدڕاڵی عیراق لە راگەیەنراوێکدا بڕیاری نادەستوربوونی یاسای نەوت و غازی هەرێم و فرۆشتنیانی دەرکرد.

دادگای فیدڕاڵی عێراق گەورەترین دەسەڵاتی دەستورییە لە عێراق و بڕیاریداوە،‌ حكومه‌تی عێراق ده‌توانێت چاودێری گرێبه‌سته‌كان بكات و هه‌روه‌ها هه‌ڵیانبوه‌شێنێته‌وه‌، كه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌باره‌ی نه‌وته‌وه‌ ئه‌نجامی داوه‌. هاوكات هه‌ر یه‌كه‌ له‌ حكومه‌تی عێراق و هه‌رێمی كوردستان پابه‌ندكراون به‌ پێداچوونه‌وه‌ی ته‌واوی هه‌موو گرێبه‌سته‌كان و وردبینییان تیایدا بكرێت به‌ ئامانجی ده‌سته‌به‌ركردنی پشكی هه‌رێمی كوردستان له‌ بوودجه‌دا.

هه‌ر به‌گوێره‌ی بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدڕاڵی، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پابه‌ند ده‌كرێت به‌ راده‌ستكردنی ته‌واوی داهاته‌كانی نه‌وت به‌ به‌غدا و بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدڕاڵی به‌زۆرینه‌ی ده‌نگی دادوه‌رانی دادگای فیدڕاڵی دراوبوو.

سەبارەت بە پرسی فرۆشتنی نەوت و غاز بەشێوەی سەربەخۆ و بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی عێراق لە ناچارکردنی ڕادەستکردنەوەی کەیسی نەوت و غازی هەرێمی کوردستان بە حکومەتی ناوەندی عێراق و فشارەکانی دادگای فیدڕاڵی عێراق دژی هەریمی کوردستان و چەند پرسیکی دیکە،  فەرهاد حەمزە شارەزا لەبواری نەوتدا و سەرۆکی ئەندازیارانی پێشکەوتوو لە کۆمپانیای نەوتی باکور، لەچاوپێکەوتنێکی تایبەتدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات دوا.

بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی ڕەتناکرێتەوە

سەبارەت بە دادگای فیدڕاڵی و بڕیارەکانی سەبارەت بە نەوت و غازی هەرێمی کوردستان، فەرهاد حەمزە سەرۆکی ئەندازیارانی پێشکەوتوو لە کۆمپانیای نەوتی باکور بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی ووت: "دادگای فدڕاڵی عیراق گەورەترین دەسەڵاتی دەستورییە لە عێراقدا و بڕیارەکانی بەهیچ شێوەیەک ڕەتناکرێنەوە، ئەو بڕیارەی دادگای فیدڕاڵی عێراق، کە ئێستا سەبارەت بە نەوت و غازی هەرێمی کوردستان داویەتی، لە ڕێگەی ئەو بڕیارەوە دادگای فیدڕاڵی عێراق دەیەوێت نەوت و غازی حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند بکات بە حکومەتی ناوەندی عێراقەوە".

بووەتە هۆی خراپی بارودۆخی هاووڵاتیان

سەبارەت بە سوودەکانی جێبەجێ کردنی بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان، ئەو شارەزایە ڕایگەیاند: "بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی عێراق لە بەرژەوەندیی هاووڵاتیانی کوردستان دەبێت، چونکە بە سەربەخۆ فرۆشتنی نەوت لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە بووەتە هۆی ئەوەی خەڵکی هەرێمی لەبارودۆخێکی خراپی ئابوریدا بژێن، بەڵام لە ئەگەری ڕازیبوون بە بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی عێراق و فرۆشتنی نەوت لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆی عێراقی، ئەوکات مووچەی هاووڵاتیان لەلایەن حکومەتی ناوەندی بەغداوە دابەش دەکرێت".

هەستی نەتەوەیی و خاوەنداری لەخاکیان لەدەستداوە

هەروەها سەبارەت بە فرۆشتنی نەوتی سەربەخۆ لە ڕێگەی تورکیا لەبری فرۆشتنی لە ڕێگەی عێراقەوە وە کاریگەرییە لاوەکییەکانی لەسەر هەستی نەتەوەیی، فەرهاد حەمزە ووتی: "لە ئێستادا بەهۆی نەبوونی مووچە خراپی گوزەرانی خەڵکی هەرێمی کوردستان لە سایەی فرۆشتنی نەوت بە سەربەخۆیی وایکردووە هاووڵاتیان هەستی نەتەوەیی و خاوەنداری لە خاکەکەیان لەدەست بدەن بە جۆرێک لە پێناو رزگاربوونیان لەو دۆخە خراپەی بەهۆی سەربەخۆ بوونی نەوتەوە هاتۆتە ئاراەوە هاووڵاتیان حەز دەکەن هەرێمی کوردستان بوونی نەمینێت، لەلایەکی دیکەوە ئێمە پابەندین بە دەولەتێکەوە بەناوێ عێراق، کاتێکیش پابەند بین بە بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی عێراقەوە ئەو کاتە متمانەیەک دروست دەبێت لەنێوان حکومەتی عێراق و کورد کە ئەو متمانەیەش زۆر گرنگە چونکە حکومەتی ناوەندی عێراق دەوڵەمەندن و خاوەنی ١٤٣ ملیار بەرمیل نەوتن، بۆیە کورد شەریکی بەغدا بێت باشترە لەوەی چارەنووسی ئابوری کورد بە ٤ ملیار بەرمیل نەوتەوە ببەستین کە بەشێکی زۆری پارەی نەوتەکەی هەرێمیش بۆ کۆمپانیاکەن دەچێت خەڵکی هیچ سوودمەند نابن لی".

ڕەتکردنەوەی بڕیارەکانی دادگای فیدڕالی لەبەرژەوەندی کوردا نییە

سەبارەت بە هەڵوێستی دادگای فیدڕاڵی عێراق لەئەگەری پشتگوێ خستنی بڕیارەکانی لەلایەن دەسەڵاتی هەرێمی کوردستانەوە، ئەو فەرهاد حەمزە هۆشداریدا و ووتی: "حکومەتی عێراق دەوڵەتە و دەتوانێت لە ڕێگەی چەندین بڕگە یاساوە چەندین کارتی فشار هەیە، کە دەتوانێت بەکاری بهێنێت بۆ نموونە حکومەتی عێراق دەتوانێت فشار بخاتەسەر کۆمپانیاکان و ووڵاتان، ڕەتکردنەوەی بڕیارەکانی دادگای فیدڕالی عێراق لەبەرژەوەندی کوردا نیە، نموونەش سەردەمی ریفراندۆم بوو کە حکومەتی عێراق بەشیوەیەک ئەبلوقەی کردە سەر هەرێمی کوردستان کە تەنانەت فڕۆکەش نایتوانی بفڕێت، بۆیە حکومەتی عێراق دووبارە دەتوانێت فشار لە هەرێمی کوردستان بکات لە ئەگەری جێبەجێ نەکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدڕالی عێراق".

هاووڵاتیان نەوتیان نییە، کەچی هەناردەی دەرەوە دەکرێت

سەبارەت بە هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هەناردەکردنی غاز بۆ تورکیا، ئەو پسپۆرە ئاشکرای کرد و ووتی: "مەسەلەی غاز پێشتریش لە ڕاگەیاندنەکانەوە باسم کردووە، کە هەرێمی کوردستان بەشی ناوخۆی نیە لە غاز، کە تا ١٠ساڵی دیكەش هەرێم ناتوانێ‌ پێداویستی ناوخۆ دابین بكات و غاز هەناردە بكات، مەگەر لەدەمی خەڵك بيگرێتەوە، وەکو مەسەلەی نەوتەکە کە هاووڵاتیان نەوت و بەنزینیان نییە کەچی حکومەتی هەرێمی هەناردەی دەرەوەی دەکات، بەڵام ئەگەر رۆژێک لە رۆژان ئەگەر مەسەلەی غاز هاتە ئاراوە ئەوە باشترین ڕێگە ئەوەیە لەگەل حکومەتی بەغدا ستراتیژێک دابنرێت بۆ هەناردەکردنی غاز، حکومەتی عێراق ڕێگە نادات غاز هەناردەی دەروەی ووڵات بکرێت چونکە عێراق خۆی بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی غاز لە ئێران دەکرێت".

هیچ هەنگاوێک نەنێت بێ حکومەتی عێراق

لەکۆتایدا فەرهاد حەمزە سەرۆکی ئەندازیارانی پێشکەوتوو لە کۆمپانیای نەوتی باکور، پەیامێکی ئاڕاستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد و ووتی: " کۆتا پەیامم ئەوەیە لەپێناو ئەوەی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بێ نەهامەتی و بە ئاسوودە بتوانن بژێن، پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ هەنگاوێک نەنێت بێ حکومەتی ناوەندیی عێراق".

ژ.ت