کەجەکە پیرۆزبایی لە لەتیف ڕەشید سەرۆک کۆماری نوێی عێراق کرد

هاوسەرۆکایەتیی کەجەکە پیرۆزبایی لە د. عەبدولەتیف ڕەشید سەرۆک کۆماری نوێی عێراق کرد و ڕایگەیاند: "ئومێدمان ئەوەیە بەڕێز لەتیف ڕەشید هەم بۆ گەلی عێراق و هەم بۆ گەلی کورد و بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان لە ڕێگەى دیموکراتیکەوە سوودی گەورە بگەیەنێت".

هاوسەرۆکایەتیی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە پیرۆزبایی لە سەرۆک کۆماری نوێی عێراق دکتۆر عەبدولەتیف ڕەشید کرد و ڕایگەیاند: "ئومێدمان ئەوەیە بەڕێز لەتیف ڕەشید هەم بۆ گەلی عێراق و هەم بۆ گەلی کورد و بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان لە ڕێگەى دیموکراتیکەوە سوودی گەورە بگەیەنێت".

هاوسەرۆکایەتیی دەستەی بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) لە ڕاگەیاندراوێکدا پیرۆزبایی لەسەرۆک کۆماری نوێی عێراق دکتۆر عەبدولەتیف ڕەشید کرد.

لە راگەیەندراوەکەی  کەجەکە دا هاتووە:

"هەرچەندە ساڵێک بەسەر هەڵبژاردندا تێپەڕیوە، هەرچەندە سەرۆک کۆمار درەنگ لەلایەن پەرلەمانەوە هەڵبژێردرا، بەڵام ئێمە ئەمە بە گرنگ و باش دەزانین. بەبۆنەی هەڵبژاردنی دکتۆر عەبدولەتیف ڕەشید بۆ سەرۆک کۆماری بە دڵ و گیان پیرۆزبایی لێدەکەین و لە کارەکەیدا سەرکەوتنی بۆ دەخوازین. ئومێدمان ئەوەیە بەڕێز لەتیف ڕەشید هەم بۆ گەلی عێراق و هەم بۆ گەلی کورد و بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان لە ڕێگەى دیموکراتیکەوە سوودی گەورە بگەیەنێت.

بەڕێز عەبدولەتیف ڕەشید لە پێناو ئازادیی گەلی کورددا ڕەنجی زۆری داوە، لەلای گەلی کوردستان کەسێکی خۆشەویستە و رێزی لێدەگیرێت و کەسایەتییەکی بەنرخە. گەلی کورد، وەک کەسێکی خاوەن هەستی وڵاتپارێزی و نیشتمانپەروەری، کە بۆ ئازادیی گەلی کورد خزمەتی کردووە، وەک ڕۆشنبیر و کەسایەتییەک، کە بۆ تێکۆشانی ئازادی سوودی زۆری گەیاندووە، دەیناسێت. دکتۆر لەتیف ڕەشید بۆ ئەرکی سەرۆک کۆماری هەڵبژێردرا و ئەوەی نیشاندا، کە لەلایەن هەموو گەلانی عێراقەوە خاوەن کەسایەتییەکی بەنرخە. بێشک دکتۆر لەتیف لە ئەرکی سەرۆک کۆماری دا بەرپرسیارێتییەکی گەورەیان خستووەتە سەر شانی خۆیان و بۆ ئەوەش چاوەڕوانیی لێدەکرێت. ئێمە دەمانەوێت ئەو چاوەڕوانیانەی خۆمان بۆ بەڕێز لەتیف ڕەشید بخەینەڕوو، کە خزمەتی گەورە هەم بە گەلی کوردستان و هەم گەلانی عێراق دەکات. ئێمە وەک بزووتنەوەی ئازادیی کورد لە کارەکانیدا سەرکەوتنی بۆ دەخوازین و ڕایدەگەیەنین، کە پشتیوانیی لێدەکەین.

مام جەلال تاڵەبانی ڕەحمەتی لێ بێت یەکەم کەس بوو، کە ئەرکی سەرۆک کۆماریی لە ئەستۆ گرت. مام جەلال هەموو ژیانی خۆی بۆ یەکڕیزی و تێکۆشانی ئازادیی گەلی کوردستان تەرخانکردبوو. دوای ئەوەی وەک یەکەم سەرۆک کۆمار لە عێراق هەڵبژێردرا،  هەوڵ و ڕەنجێکی گرنگی لە عێراق دا دا. دکتۆر عەبدولەتیف ڕەشید هەم وەک مام جەلال خزمەتی گەورەی بە گەلی کوردستان گەیاندووە و هەم بۆ هەڵبژاردنی بۆ سەرۆک کۆماری عێراق بۆ چارەسەرکردنی کێشەی گەلی هەرێم لە ڕێگەی دێموکراسییەوە، ئەوەیان نیشاندا، کە دەبێتە خاوەن هەوڵ بۆ چارەسەری. هەر خۆی بەڕێز ڕەشید لەنزیکەوە مام جەلالی دەناسی و دۆستایەتیی کردووە و پێکەوە کاریان کردووە.

گەلی کورد لە قۆناغێک و پرۆسەیەکی مێژووییدایە، کە چارەنووسی ڕوون و یەکلایی دەکاتەوە. لەم تێکۆشانە مێژووییەدا، کە قوربانی و نرخی گەورەی تیادا دراوە، لە ئەنجام دا گەلەکەمان دەستکەوتی گەورەی بەدەستهێناوە، لەناو یەکێتییەکی دیموکراتیکدا بە تەواوی ئازادیی خۆی بەدەست دەهێنێت، گەیشتووەتە ئەو قۆناغە، کە لەگەڵ گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پێکەوە ژیانێک بنیات بنێن. چاوەڕوانییەکانی گەلی کوردستان ئەوەیە، بۆ گەیشتنی ئەم تێکۆشانە بە سەرکەوتن، دەبێت هەموو کەسێک بەرپرسیارانە هەڵسوکەوت دەکات و سودی پێبگەیەنێت. ئێمە لەو هیوایەداین بەڕێز دکتۆر عەبدولەتیف ڕەشید، کە خاوەن هەستی نیشتمانپەروەری و وڵاتپارێزی و پەیوەستە بە تێکۆشانی ئازادیی گەلەکەیەوە، دەست بە هەوڵەکانی دەکات بۆ بەدیهێنانی چاوەڕوانییەکانی گەلی کوردستان، بەو خەباتەى کە ئەنجامی دەدات، سوودێکی گەورە بە دۆزی ئازادیی گەلی کوردستان دەگەیەنێت.

هەم گەلی عێراق و هەم هەرێم چاوەڕوانییان لەو کەسایەتییانە هەیە، کە ئەرکی سیاسی لە ئەستۆ دەگرن. هەم گەلی عێراق و هەم  هەرێم کێشەی جدییان هەیە. هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە و سوودگەیاندن بە چارەسەرکردنیان زۆر گرنگە. هێزە داگیرکەر و چەوسێنەرەکان دەیانەوێت هەم لە عێراق و هەم لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا باڵادەستیی خۆیان زیاتر بکەن، بۆ بەدەستهێنانی هێڵە سیاسی و ئابوورییەکان، نزیکایەتیی مەزهەبی و تایفەگەری بەرەو پێش دەبەن، دەیانەوێت لەو رێگەیەوە کێشەکان قوڵتر بکەنەوە، بەڵام تەنها کێشەکانی عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە دیموکراتیزەکردن چارەسەر دەکرێن.

دەوڵەتی تورکی داگیرکەر – پاکتاوکار، کە دەستبەرداری عەقڵییەتی نکۆڵیکردن و لەناوبردن و سڕینەوە نەبووە، بۆ سەرکوتکردنی تێکۆشانی ئازادی کوردستان و بۆ پاکتاوکردن و جینۆسایدکردنی کوردان هێرش دەکاتە سەر هەموو شوێنێک. لەو چوارچێوەیەدا هێرش دەکاتە سەر باشووری کوردستان و عێراق، دەیەوێت خۆی بە ئامانجەکانی میساقی – میللی بگەیەنێت. دەوڵەتی تورک چەندین ناوچەی باشووری کوردستانی داگیرکردووە. دەیەوێت ئەم داگیرکارییە قوڵتر بکات، چونکە ئامانجی دەوڵەتی تورک داگیرکردنی کوردستان و پاکتاوکردن و سڕینەوەی کوردە، دەیەوێت بۆ گەیشتن بەسنورەکانی میساقی - میللی باڵادەستیی خۆی بەسەر ناوچەکەدا بسەپێنێت. هێرش و دەستدرێژییەکانی دەوڵەتی تورک لە بنچینەدا هێرشکردنە سەر سەروەری و یەکپارچەیی دیموکراتیکی عێراق و باشووری کوردستانە. ئێمە وەک بزووتنەوەی ئازادیی کورد بۆ پاراستنی گەلی کوردستان و بەدیهێنانی ئازادی لە دژی ئەم هێزە داگیرکەر و چەوسێنەرە لە تێکۆشانداین. چاوەڕوانیی ئێمە و گەلەکەمان بە شێوەیەکی سەرەکی لە سەرۆک کۆماری عێراق و هەروەها لە بەڕێوەبەرانی عێراق ئەوەیە، کە لە دژی سیاسەتی نیو – عوسمانی (عوسمانیی نوێ)ی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و پاکتاوکار، کە دەیەوێت گەلی ناوچەکە سەرکوت و ملکەچ بکات، هەڵوێست نیشان بدەن و لە دژی بوەستنەوە.

جارێکی تر بەبۆنەی هەڵبژاردنی بەڕێز دکتۆر عەبدولەتیف ڕەشید بۆ سەرۆک کۆماری پیرۆزباییان لێدەکەین. هیواخوازین ئەم ئەرکە بۆ کوردستان، عێراق و ناوچەکە گرنگ بێت و هەم سوود بگەیەنێت بە چارەسەرکردنی کێشەکانی گەلی کوردستان و ناوچەکە".

ژ.ت