هێزی میلیشیایی رەوانەی رۆژهەڵاتی کوردستان کرا: تەقە لەخەڵک دەکەن
بۆ سەرکوتی سەرهەڵدانی گەل لە رۆژهەڵاتی کوردستان ملیشیاکانی بەسیج ئەرکدارکران. ئەو هێزە ملیشیایە تەقە لەخەڵک دەکەن.
بۆ سەرکوتی سەرهەڵدانی گەل لە رۆژهەڵاتی کوردستان ملیشیاکانی بەسیج ئەرکدارکران. ئەو هێزە ملیشیایە تەقە لەخەڵک دەکەن.
بەگوێرەی رێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ شەوی پێنج شەممە لە شارەکانی سنە، کرماشان و مەهاباد لە رۆژهەڵاتی کوردستان لانیکەم ٧ کەس ژیانیان لەدەستداوە.
چالاکی شەرمەزارکردن لە ١٦ی ئەیلول دەستیان پیکرد، ئەمەش دوای کوژرانی ژینا ئەمینی بە ئەشکەنجەی پۆلیسەکانی ئێران.
زۆر سەرچاوە باس لەوە دەکەن کە تائێستا لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران زیاتر لە ٢٠٠ کەس کوژراون و پێشبینی دەکرێت ئاماری راستەقینە زۆر لەوە زیاتر بێت.
بەپێیئەو دیمەنانەی لە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە دەردەکەوێت کە ملیشیاکانی بەسیج لە شارەکانی کوردستان لە دژی خۆپیشاندەران توندوتیژی بەکاردەهێنن.
ملیشیاکانی بەسیج وەک هێزێکی سەر بە سوپای پاسداران دامەزراوە. بەمەبەستی سەرکوتی ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکان بەکاردەهێنرێن و شێوازی دڕندانە بەکاردەهێنن.
دوو سەرچاوە کە قسەیان بۆ ئاژانسی رۆیتەرز کردووە باس لەوە دەکەن کە ملیشیاکانی بەسیج لەگەڵ هێزەکانی دیکەی دەوڵەت هێرشیان کردووەتەسەر گەل لە سنە.
یەک لە شایەتحاڵەکان رایگەیاند، بە سەدان پۆلیس و ملیشیا لە شارەکانی تری ئێرانەوە گواستراونەتەوە بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان.
هەمان شایەتحاڵ وتی، "بەر لە چەند رۆژ ملیشیاکانی بەسیج لە شارەکانی سنە و بانە تەقەیان لە خەڵک کردووە".
شایەتحاڵی رووداوەکە وتی، "دۆخەکە لە سەقز خراپترە، ملیشیاکانی بەسیج تەقەیان لە خەڵک کردووە و ئەو ماڵ و کەسانەشی کە لە خۆپیشانداندا بەشداریان نەکردووە دەدەنە بەر دەستڕێژی گولـلە".
سەرچاوەیەک لە شاری سنەوە بە رۆیتەرزی راگەیاند، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا بە سەدان پۆلیسی ئێرانی هەڵیانکوتاوەتە سەرماڵان و وتی، بەدەیان گەنج دەستگیرکراون.
ئەو سەرچاوەیە کە بە هۆی دۆخی ئەمنییەوە ناوی خۆی ئاشکرا نەکرد، ئەوەشی خستەڕوو کە زانیاری لەو جۆرە لە شارەکانی سەقز و بانەشەوە هەیە و باسی لەوەکرد، کە ١٣ی تشرینی یەکەم دەیان گەنج کە منداڵیشیان تێدایە دەستگیرکراون.
هـ . ب