پێکەنینی ئەو دیاریی شەهیدانە

شەهید ئاسۆ کە گەشتەکەی لە کرماشانەوە دەستی پێکردبوو تا بۆتان بەردەوام بوو. ئەو باسی لەوەدەکرد، کە پێکەنینەکەی دیارییە بۆ ئەو شەهیدانەی لە پێناو ئازادیدا گیانیان بەخت کردووە.

بۆ هەر گەریلایەک ئەو هاوڕێیەتییە نابترین هاوڕێیەتییە

ژیانێک کە لەسەر هێڵی ئایدیۆلۆژیای رێبەر ئاپۆوە  و لەسەر بنەمای هاوڕێەتی راستەقینەوە ئاوا بوو بوو، ئەو ژیانە بوو کە هاوڕێ ئاسۆی لەسەر پێیان گرتبوو. هاوڕێیەتییەکی بێگەرد کە بە فیداکاری و خۆبەخشی گۆچ کراوە؛ بۆ هەر گەریلایەک ئەو هاوڕێیەتییە نابترین هاوڕێیەتییە کە لە ژیانیان دا دەیبینن لەم سۆنگەیەوە؛ پەیوەست بوون و ئاوێتەبوونی هاوڕێیەتی کردن لەگەڵ رێبەر ئاپۆ و شەهیدان و دواتریش هاوڕێەتیکردن لەگەڵ هاوسەنگەرەکانت لە ناخی هەموو گەریلایەک‌دا لە بەرزترین ئاست دایە. پەکەکە ئەو بزوتنەوەیەیە کە هاوڕێیەتییەکی بەمشێوەیەی خولقاندووە و بە دانی ژیانێکی نوێ بە ئازادیخوازان، ئەم هاوڕێیەتییە لەسەر بنەما ئەخلاقی و کۆمەڵایەتییەکانی گەلی کورد هەر دەچێت بەهێزتر دەبێت. پەکەکە و ژیانی گەریلا بۆ هەڤاڵ ئاسۆ گەیشتن بوو بە واتای راستەقینەی ژیان و ئاواکردنی کەسایەتییەکی نوێ لە ژیان‌دا. پەکەکە هیوایەکی مەزن بوو هەم بۆ هەڤاڵ ئاسۆ و هەم بۆ هەموو مرۆڤایەتی.

پێکەنین راوەستەیەکە بەرامبەر بە دوژمن

پێکەنین شۆڕشێکە؛ هەڤاڵ ئاسۆ بەمشێوەیە پێناسەی پێکەنین، بزەی سەر لێوی گەریلا و واتای پێکەنین بۆ گەریلا دێنێتە سەر زمان:" وتنێک هەیە دەڵێن پێەنین شۆڕشێکە؛ جاری وایە لەبەرامبەر بەو هەموو ئێش و داگیرکارییەک کە لەسەر گەلی کوردە، لەبەرامبەر بەو هەموو زوڵم و قڕکردنە دوژمن خوازیاری ئەوەیە گەلی کورد هەمیشە خەمسارد بێت و هەمیشە ملکەچ و بێ موڕاڵ بێت، پێکەنینی گەلی کورد یان شۆڕشێڕێک وڵامێکی هەرە مەزنە. لە نێو ژیان‌دا پێکەنین شۆڕشێکە. لەبەرامبەر بەو هەموو ئێش و زوڵمە، لەبەرامبەر بەو شەهادەتانەی کە پێکدێن؛ پێکەنین راوەستەیەکە بەرامبەر بە دوژمن. بزەی سەر لێوی ئێمە دیاری و وەبیرهێنانەوەی ئەو قارەمانانەیە کە لە رێگەی ئازادی‌دا گیانیان بەخت کردووە."

مێژوو و گەلی بۆتان بۆ هەڤاڵ ئاسۆ زۆر جیاواز بوو

رێبوارتی هەڤاڵ ئاسۆ لە کرماشانەوە دەستی پێکرد هەتا بۆتان. هەڤاڵ ئاسۆ لە ساڵی ١٣٩٠ لە قەندیل بەرامبەر بە دەوڵەتی داگیرکەری ئێران بە شداری شەڕی حیماسی قەندیل بوو. لە دوای سەرکەوتنی بزوتنەوەی ئازادی لە بەرامبەر بە رژێمی داگیرکەری ئیران هاوڕێ ئاسۆ رووی لە شەمزینان کرد و بەشداری هەڵمەتی شەڕی گەلی شۆڕشگێڕی بوو. لە دوای شەمزینان هەڤاڵ ئاسۆ چووە پەروەردەی لەشکەری و دوو دەورەش خەباتی پەروەردە کردنی شەرڤانانی ئازادی گرتە سەر شانی خۆی. هەڤاڵ ئاسۆ لەدوای پەروەردەکردنی زۆر شەرڤانان‌دا لە ساڵی ١٣٩٣ بۆ ئەوەی راستەوخۆ لە بەرامبەر بە چەتەکانی داعیش شەڕ بکات چووە کەرکووک و لە ماوەی ٣ ساڵ دا لە کەرکوک کار و خەباتی شۆڕشگێڕی راپەڕاند و بەرامبەر بە نەیارانی کورد شەڕی کرد. هەڤاڵ ئاسۆ لە ساڵی ١٣٩٦ دیسانەوەی رووی لە چیا ئازادەکانی کوردستان کرد و بەشداری پەروەردەی شەهید حەقی قەرار بوو و لە دوای پەروەردە بە پێشنیازی خۆی تێپەڕی باکووری کوردستان و ئەیالەتی بۆتان بوو. مێژوو و گەلی بۆتان بۆ هەڤاڵ ئاسۆ زۆر جیاواز بوو. بۆتان مەڵبەندی فەرمانداری مەزن فەرماندار عەگید جۆش و خرۆشێکی زۆری لە هەڤاڵ ئاسۆدا ئاوا کرد. ئەو دەیزانی کە شەڕی بۆتان هیوایەکە بۆ گەلی کورد لە هەر چوار بەشی کوردستان.

دەنگی ئەو تێگەڵ بە بای شەماڵ دەبوو و لە کرماشان هەتا بۆتان هەموو دڵەکانی دەلەرزاند

هاوڕێ ئاسۆ بە دنگی چیایی خۆی هەموو چیا و سروشتی دێنایە جۆش و هەموو مەل و باڵندەکان لەگەڵ ئەوا دەستیان بە نەغمەی سەرکەوتن دەکرد. لە دەنگی هەڤاڵ ئاسۆدا هەم ئێش و ژانی بە سەدان ساڵەی گەلی کورد بەدی دەبوو و هەم هیوا و مسۆگەرکردنی سەرکەوتن لە دەنگی‌دا زایەڵەی دەهات. دەنگی ئەو تێگەڵ بە بای شەماڵ دەبوو و لە کرماشان هەتا بۆتان هەموو دڵەکانی دەلەرزاند. دەنگی هەڤاڵ ئاسۆ هەموو گوێیەکانی بە نە‌غمەی سەرکەوتن پڕ دەکرد و ئەوە ئاوازی ئازادی بوو کە بە دەنگی هەڤاڵ ئاسۆ لە کوردستان‌دا زایەڵەی دەدایەوە.

رێگەیەک کە هەڤاڵ ئاسۆ بڕی، بۆ هەموو ئازادیخوازانی نیشتمان بوو بە ئاسۆیەک بەرەو ئازادی

هەڤاڵ ئاسۆ لە ساڵی ١٣٩٧دا لە ناوچەی گوندکرەمۆی سەر بە بۆتان لە ئاکامی هێرشی هەوایی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بەشداری کاروانی نەمرانی کوردستان بوو. رێگەیەک کە هەڤاڵ ئاسۆ بڕی، بۆ هەموو ئازادیخوازانی نیشتمان بوو بە ئاسۆیەک بەرەو ئازادی و رۆژانە رێبوارانی ئەم رێگەیە زیاتر و زیاتر دەبن و وەک چۆن هەڤاڵ ئاسۆ ناوی شەهید ئاسۆ مەهابادی هەڵگرت و پێی نایە ئەم رێگەیەوە زۆر لاوی تری کوردستان ناوی هەڤاڵ ئاسۆ هەڵدەگرن و پێ لەسەر شوێن پێیەکانی هەڤاڵ ئاسۆ دادەنێن و بەردەوامی رێگەی هەڤاڵ ئاسۆ رووەو ئاسۆی ئازادی دەبڕن.

هـ ب