'پێویستە دەوڵەتی عێراق بەرپرسیاری خۆی لەبەرانبەر داگیرکەری تورک جێبەجێ بکات'

لە شاری سلێمانی باشوری کوردستان ژمارەیەک نووسەر، ئەکادیمی و سیاسەتمەدار بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی هێرشی داگیرکەری دەوڵەتی تورک کۆبوونەوە و دواتر ئەنجامنامەی کۆبونەوەکە راگەیەنرا.

لە ناوچەی مێرگەپانی سلێمانی، بە شێوەیەکی فراوان، داگیرکەری دەوڵەتی تورک لەلایەن، ژمارەیەک نووسەر، ئەکادیمی و سیاسەتمەداری باشوری کوردستان، ئەندامانی پارتی یەکێتی دیموکراتی و خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریاوە گفتوگۆی لەسەر دەکرێت. دواتر ئەنجامنامەی کۆبونەوەکە راگەیەنرا.

ئەنجامنامەکە لەلایەن رۆژنامەنووس و چاودێری سیاسی کەمال رەئۆفەوە خوێندرایەوە و بریارە پێشکەشی سێ سەرۆکایەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بکرێت.

ئەنجامنامەکە بەم شێوەیەیە؛

بەڕێزان…. لەئەنجامی گفتوگۆکانمان‌و بۆ دەربازبوون لەو دۆخەی ئێستا هەرێمی کوردستانی تێدایەو مەترسی حەتمی داگیرکاریی بەشێکی زۆر لەخاکی هەرێم هەیە، ئەگەر بەری پێنەگیرێت، چەند خاڵێک وەک ڕاسپاردەی کۆبونەوەو یاداشتێک دەخەینە بەردەستی بەڕێزتان، کە خۆی لەم خاڵانەدا دەبینێتەوە:

ـ بەشی یەکەم: لەشکرکێشیەکانی تورکیا‌و هەوڵی داگیرکاریی خاکی هەرێم:

١ـ سەبارەت بەلەشکرکێشی‌و هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆسەر خاکی هەرێم، ئێمە هۆشداری توند دەدەینە لایەنە پەیوەندیدارەکان لەهەرێم‌و عێراق‌و یۆنامی‌و باڵیۆزو نوێنەرایەتی وڵاتان لەهەرێم، کە دەوڵەتی تورکیا مەبەستی داگیرکاری گەورەی هەیەو بەشێوەیەک دەستی بەهەنگاونان بۆ ناوخاکی هەرێم کردوە کە نیەتی گەڕانەوەی نییە، بۆ ئەم مەبەستەش لەئێستادا تورکیا ئامادەکاریی زیاتریکردووە لەڕوی سەربازیی‌و لۆجستیەوەو تائێستاش بەدیاریکراوی ٣٧ بارەگای گەورەو ٤١ بارەگای بچووکی لەهەرێمی  کوردستان‌و دەرەوەی هەرێم هەیە.

لەلایەکی ترەوە بەهۆی بۆردومان ‌و لەشكركێشییەکانی سوپای تورکیاوە تائێستا زیاتر لە ٦٥٠ گوند چۆڵکراون، بەدیاریکراویش لەساڵی پارەوە تائێستا ٣٤ گوند چۆڵکراون چەندینی تریش لەبەردەم مەترسی چۆڵکردندان.

هێزەكانی تورکیا لەهەندێک شوێن پێنج، لەهەندێک شوێنیش ١٠و لەهەندێک شوێنى دیكه‌ ٢٠ بۆ ٣٠ کیلۆمه‌تر هاتۆنەتە ناو خاکی هەرێمی کوردستانەوە بنکەو بارەگای سەربازیی جێگیریان دامەزراندوە.

پێویستە پەرلەمانی عێراق بەپێی یاسا بەرکارەکان‌و پاراستنی سەروەری خاک‌و ئاسمانی وڵات هەوڵی جدی بدات بۆ بەرگرتن بەهێرش‌و لەشکرکێشیەکانی سوپای تورکیا لەنێو خاکی هەرێم‌و عێراقدا، بەتایبەت قەدەغەکردنی کردنە ئامانجی خەڵکی مەدەنی‌و هێرش بۆسەر گوندەکانی هەرێم کە لەدوو هەفتەی ڕابردوودا لەچەند شوێنێک ژمارەیەک قوربانی مەدەنی لەئەنجامی هێرشەکان کەوتەوە.

٢ـ سوپای تورکیا لەسنوری ناحیەی باشیک نزیكەی ١٠٠ کیلۆمه‌تر هاتونەتە پێشەوەو بنکەو بارەگایان چەسپاندوەو تەنها ٢٠ کیلۆمه‌تر دورن لەشاری موسڵەوە، بەپێی زانیاریەکانیش هەوڵەكانی ئێستاو چڕكردنەوەی پەلاماردانەكان بۆ ئەوەیە دەیەوێت سەرەتا شریتێك بەدرێژایی هەموو سنوورو قوڵایی ٣٠ بۆ ٤٠ كیلۆمه‌تر داگیربکەن‌و هێزی سەربازیی خۆیان لەناوچەکە جێگیربکەن.

پێشبینیدەكرێت گەر ئەو هانگاوانەی بۆبنرێت‌و سەركەوتوبێت، ئەوا هێزەكانی بەناوەندی سەربازگەی باشیکەوە گرێبدات‌و دواتر كار لەسەر داگیركردنی موسڵ  بکات، بۆیە حکومەتی عێراقی فیدراڵ لەبەردەم بەرپرسیارێتی گەورەدایە بۆ پاراستنی سەروەری خاکەکەیی‌و دورخستنەوەی مەترسی داگیرکاری تورکیا لەبەشێکی گرنگ‌و فراوانی خاکی وڵاتەکەی، لەگەڵ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی پەرلەمانی عێراق‌و هەرێمی کوردستان سەبارەت بەدەرکردنی هێزەکانی تورکیا لەنێو خاکی عێراق‌و هەرێم.

 

٣- لایەنە ئەمنییەکانی هەرێم‌و عێراق کاری جدی‌و مکوڕ بکەن بۆ نەهێشتن‌و بەرگرتن لەتیرۆری هاوڵاتیان‌و چالاکانی بەشەکانی تری کوردستان لەنێو خاکی هەرێمی کوردستانداو پاراستنیان وەک میوانێک لەڕوی ئەمنیەت‌و ژیان‌و ماڵەوە.

لەلایەکی ترەوە پاراستنی پەنابەرانی سیاسی‌و خەڵکی مەدەنی لەکەمپەکانی ناوخاکی هەرێمی کوردستان کە ناوبەناو دەکرێنە ئامانجی فڕۆکەو بۆردومانه‌كانى سوپای تورکیاو شەهیدو برینداری لێدەکەوێتەوە، ئەمە تاوانێکی دژ بەمافی پەنابەریی‌و مافی مرۆڤە لەهەموو دونیادا.

٤ـ پەرلەمانی عێراق بەرپرسیارە لەپێداچونەوە بەڕێککەوتنی ئەمنی نێوان هەردوو دەوڵەتی عێراق‌و تورکیا بەجۆرێک کە ڕێگە لەداگیرکاری دەوڵەتی تورکیا بگرێت لەنێو خاکی عێراق‌و هەرێمی کوردستان.

٥ـ سەرجەم کونسوڵخانەو نوێنەرایەتی وڵاتان لەهەرێمی کوردستان‌و ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتوەکان‌و نێردەی تایبەتی نەتەوەیەکگرتوەکان  لەبەردەم بەرپرسیارێتیدان‌و لەسەریانە کاری جدی بکەن لەگەڵ لایەنە پیوەندیدارەکان‌و فشاری بەهێز لەسەر دەوڵەتی توركیا دروستبکەن بۆ هەرچی زووە ڕاگرتنی هێرش‌و لەشکرکێشەکان‌و چونەوە شوێنەکانی خۆیان لەپێش هێرش‌و لەشکرکێشیەکانی ئەمدواییەو گەڕانەوەیان بۆ چارەسەری ئاشتیانەی دۆزی کورد لەتورکیا، ناچارکردنی بەبەڵێندان بەپاراستنی ئارامیی ناوچەکە‌ و کۆتاییهێنان بەهێرش ‌و بۆردومانی گوندەکانی کوردستان.

لەکاتێکدا کە سوپای تورکیا بێگوێدانە خەڵکی مەدەنی لەقوڵایی خاکی هەرێمداو لەناوچەکانی دور لەسنورەکانی وڵاتەکەی هێرش‌و بۆردومانی چڕدەکات‌و لەئەنجامدا هاوڵاتی مەدەنی دەبێتە قوربانی‌و لەحەوت ساڵی ڕابردودا ١١٣ هاوڵاتی سیڤیل شەهیدبوون کە لەناویاندا ژمارەیەکی زۆری منداڵ هەیە.

دەبێت هەرچی زووە ئەمکارە ڕابگیرێت ‌و سەرکۆنە بکرێت لەکاتێکدا کە دیموگرافیاو ژینگەو سروشتی کوردستان تێکدراوەو بەچەکی کیمیاییش هێرشکراوەتەسەر ناوچەکە.

ـ بەشی دووەم: دۆخی هەرێمی کوردستان، مەترسیەکان‌و چارەسەر:

١ـ سەبارەت بەمەترسیەکانی سەر هەرێمی کوردستان، پێمانوایە کە دەبێت حکومەت‌و پەرلەمانی کوردستان بەشێوەیەکی جدی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بکەونە گفتوگۆی بابەتە هەڵپەسێرداوە چارەسەرنەکراوەکانی نێوان هەردولاو هەرچی زوە چارەسەری بنەڕەتی بۆ کێشەکان بدۆزنەوە بەتیابەت مەلەفی سوتەمەنی‌و وزە، کە گەورەترین بابەتی جێناکۆکییە لەئێستاداو هەردوولا پێداگرن لەسەر خواستەکانی خۆیان، پێویستە دەستور بکرێتە خاڵی یەکلاکەرەوەی دۆسیەکان‌و هیچ لایەک بەپێی مەزاجی کەسی‌و حزبی‌و سیاسی بیر لەبابەتەکە نەکاتەوەو بڕیار لەدۆسیەکان نەدات، لەبەرامبەردا دەستور بکرێتە بنەمای پەیوەندیەکان‌و چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەکانی نێوان هەردوولادا.

٢- نابێت بەهیچ جۆرێک دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان ڕێگە بەخۆیان بدەن سەرکێشی بەکیان‌و سەروەری خاک‌و خەڵکی هەرێمی کوردستانەوە بکەن‌و پێداگربن لەخواستە دارایی‌و ئابوریەکانی خۆیان کە جگە لەدەستەبژێرێکی سیاسی دەستڕۆیشتوو هیچ کەسی تر سودمەند نەبوە لەو پێداگریانە، بگرە مەترسی جدی لەسەر هەرێمی کوردستان دروستبوە کە نوێنەری یۆنامی چەندجارێک ئاماژەی پێکردوەو لەکۆتایی مانگی ڕابردوشدا باڵیۆزی ئەمریکا بەڕونی ئاماژەی بەبونی مەترسی سەر قەوارەی هەرێمی کوردستاندا.

٣ـ حکومەتی عێراق وەک دەوڵەتێکی فیدراڵی لەسەریەتی شایستەی دارایی‌و ژیانی خەڵکی هەرێم‌و سەروەری خاکی هەرێمی کوردستان نەکاتە بەشێک لەململانێ سیاسی‌و یاسایی‌و ئیداریەکان‌و لەپێناو سزادانی بەشێک لەسەرکردە سیاسیەکانی هەرێمدا چارەنوسی خاک‌و خەڵکی هەرێم بکەوێتە بەردەم مەترسیەوە، عێراق خاوەنی دەستورێکی فیدراڵییەو دەبێت بۆ هەر هەنگاوێک پەنا ببرێتەوەبەر دەستورو سەرپێچیکاران ئەگەر هەبن بەپێی دەستورو یاسا بەرکارەکان مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت نەک سزادانی بەکۆمەڵی گەلێک کە بەشێکە لەو دەوڵەتە فیدراڵییە."

ف.ق