ماوەی هەفتەیەكە، ژەهراویكردنی كچانی خوێندكار لەخوێندنگاكانی رژێمی داگیركەری ئێران بووەتە رۆژەڤی سەرەكی و رای گشتی نێوخۆیی و دەرەوە و گومان و پێشبینیەكانیش لەسەر ئەوە چڕبووەتەوە كە كێ و بۆچی ئەو كچ و ژنانە، ژەهراوی دەكرێن و هۆكاری سەرەكی و مەرامە گڵاوەكانی پشت، ژەهراوی بوونی كچان چییە و بۆچی و بەتایبەتی كچانی خوێندكار رووبەرووی دیاردەیەكی وەها بوونەتەوە؟
بەشێوەیەكی كڵیشەیی ئەوەی دیارە، سەرەتا و لەرۆژی یەكەمدا، ژمارەیەك لەكچان لەخوێندنگایەك لەشاری قوم ژەهراوی دەبن و رەوانەی نەخۆشخانە دەكرێن و هەر پاش ئەو رووداوە، لەچەند شارێكی تردا و بەهەمانشێوە ژمارەیەكی تر لەخوێندكارانی كچ ژەهراوی دەكرێن و ئەوانیش دەگوازرێنەوە بۆ نەخۆشخانە بەبێ ئەوەی هیچ كام لەدام و دەزگاكانی دەوڵەت و رژێم شتێك بدركێنن و باس لە هۆكاری راستەقینەی ژەهراوی بوونەكەی ئەو كچانە بۆ رای گشتی بكەن. نە وەزارەتی ئیتلاعات و نەش وەزارەتی تەندروستی كەسیان راستی رووداوەكان بۆ رای گشتی ئاشكرا ناكەن. بەڵام ئەوەی دیارە و لەبەرچاوە، گومانەكان بە لای خودی رژێم دا دەسوڕێت و دەستێك لە پشت ئەو بەئامانجگرتنەی كچانی خوێندكار و شێوەی ژەهراوی كردنی ئەو كچانەیەوەیە.
كێ لەپشت ژەهراوی كردنی كچانەوەیە؟!
رایەداران و دەسەڵاتداران و دام و دەزگا پەیوەندیدارەكانی رژێم لەو بارەیەوە خۆیان لەئاست ئاشكرا كردنی راستیەكان دەشارنەوە و هاوشێوەی سێ مەیموونە"كەڕ و لاڵ و كوێر"ەكە بێدەنگیان لەسەر ژەهرخواردكردنی ژنان و كچانی خوێندكار هەڵبژاردوە ولەئێستادا سەرقاڵی داڕشتنی سیناریۆیەكن بۆ ئەوەی رووی راستی رووداوی ژەهراوی كردنی كچان لەرای گشتی نێوخۆ و دەرەوە بشارنەوە. هەر ئەمڕۆش بەشێوەیەكی نابەرپرسیارانە لەهەندێ لەتۆڕە مەجازیەكان و راگەیاندنە بێ سەروپێیەكانی خۆیانەوە، بانگەشەی ئەوەیان بڵاوكردۆتەوە كە گوایە گروپێك بەناوی"هەزارەگەرا"كان كە دژی خوێندنی ژنانن دەستیان لەو بابەتەدا هەیە و دەیانەوێت بەو شێوەیە رووی گڵاوی رژێم و بەرپرسان و دام و دەزگاكانی رژێم زیاتر لەوە كەهەیە لەبەرچاوی رای گشتیەوە ناشرینتر نەبێت. رژێمی داگیركەر و دژە ژن و سیستەمی سێدارە لەئاستی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی دەستەوەستان ماوەتەوە و بۆ دامركاندنی ئەو شۆڕشە، پەنا بۆ هەر رێ و رێبازێك دەبات؛ چونكە رۆژانە ئەو شۆڕشە رەوایەتی رژێم زیاتر لەهەركاتێك دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
رژێمی داگیركەری ئێران، تۆلە لەژنان دەستێنێت
بەدەستپێكردنی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی كە بەكوشتنی ژینا ئەمینی كچە كوردێكی رۆژهەڵاتی كوردستان هاتە ئاراوە، رژێم هەر زوو ویستی بەهێرش و پەلاماری سەر ژنان و گەلانی راپەڕیوو، كۆتایی بەراپەڕین و شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بهێنێت، و لەو پێناوەشدا هەموو دام و دەزگا سەركوتكاریەكانی خۆی هەر لە سیستەمی عەقیدەتی، سیاسی، ئەمنی، ئیستخباراتیەوە بگرە، تا دەزگاكانی راگەیاندن و پۆلیس و ئەرتەش و هێزی تایبەت و سەماعەی مەزگەوتەكانەوە هەموو بەئامانجی ئەوەی شۆڕشەكە بخنكێنێت، بەڵام كاتێك بینی، سەركوتكردن و رێگریكردن لەهاتنە سەر شەقامەكان و دامركاندنی شۆڕش هیچ سوودێكی نییە، ئەمجارە دەستی بەدەستگیركردن و تاوانباركردن و سەپاندنی سزا و لەكونجی زیندانەكانی كردنی گرتەبەر و بۆ بەلارێدابردنی شۆڕشەكە، هەوڵیدا دانپیانانی ناچاری لەدەستگیركراوەكانی شۆڕشەكە بگرێت، ئەو رێبازەش هاوشێوەی فرت و فێلەكانی تری بێ كەڵك بوو و سەری لەبەرد كەوتەوە، ئێستاكەش بەشێوەیەكی نائەخلاقانە و بەدوور لەهەموو پرەنسیپ و پێودانگەكانی مرۆڤیی لەزیندانەكان دەستی داوەتە تەجاوزكردن و دەستدرێژیكردنی سەر ژنان و كچان و دەیەوێـت بەو رێبازە لەدژی ژنان و شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بگاتە ئەنجام. ئێستاكەش دەیانەوێت هاوشێوەی رژێمەكەی تاڵیبان، رێگری لەچوونی ژنان و كچان بۆ خوێندنگا و زانكۆكان بكەن و بەژەهرخواردكردنی كچان و ژنان، دەیانەوێت تۆڵەی خۆیان لەشۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بكەنەوە.
رژێمی ئێران، رژێمێكی دژە ژن و دژە مرۆڤایەتیە
كاراكتهری راستەقینەی رژێم بەم هێرش و پەلامارانەی بۆ سەر ژنانی ئێرانی بەگشتی و بەبێ جیاوازی، نیشانەی ئاستی بێ ئەخلاقی ئەو رژێمە خوێنمژە نیشاندەدات كە هیچ پێوانێكی ئەخلاقی و مرۆڤیی ناناسێت و دەیەوێت بەزەبری هێز و دەسەڵات و زیهنیەتی پیاوسالارانەی، تەمەنی دەسەڵاتداریەتی ناڕەوای خۆی درێژ بكاتەوە. هەرچەندە رەوایەتی ئەو سیستەمە لەساڵی 1379ی هەتاویەوە تا ئێستا لەلای ژنان هیچ واتایەكی نییە و تەنیا دەسەڵاتێكە لەسەر بنەمای بن پێ كردنی مافی ژنان و نەتەوەكان و چین و توێژە ئازادیخوازەكانی كۆمەڵگە خۆی سەپاندوە. ئێستاكەش بەهۆی ئەوەی ترس و دڵەڕاوكێیان لەشۆڕش و سەرهەڵدان و بەرخۆدانی ژنان لێنیشتووە، بەهەموو شێوەیەكی نامرۆڤانە پەلاماری ژنان و كچانی ئێران دەدەن. ئەوە لەحاڵێكدایە كە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی هەم لەسەر ئاستی ناوچەكە و هەمیش لەسەر ئاستی جیهان پشێوازیەكی گەرمی لێكرا و بەهەزاران كەسی ئازادیخواز و دیموكرات، رۆشنبیر، ئەكادیمی و هۆنەرمەند و سینەماگەر و وەرزشكار لەهەموو نەتەوەكان پشتیوانی خۆیان لەشۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی دەربڕی و خۆیان وەكو بەشێك لەشۆڕشی ژنانی ئێران بەگشتی بەناو كرد. ئەو هەستە ئازادیخوازیە هەم لەناوچەكە و هەمیش لەسەر ئاستی جیهان بووەتە هیوا و ئۆمیدێك بۆ تەواوی ژنان و ئازادیخوازان و گەلانی ئازارچەشتوو و زوڵملێكراو. بۆیەش هەر بێ رێزیكردن و دەستدرێژی و ئەشكەنجەدانێك بەواتای، دەستدرێژی و بێ رێزی و ژەهرخواردكردنی هیوا و ئاواتەكانی ژنان و گشت مرۆڤایەتیە و شەرم و ئابڕووچوونێكە بۆ مرۆڤایەتیش ئەگەر لەبەرامبەر بەكردەوە نامرۆڤیەكانی رژێمی داگیركەر و فاشیستی ئێران هەروا بێدەنگ بن. چونكە رژێمێكی وەها بێ ئەخلاق مەترسیەكی راستەقینەیە بۆ سەر بەها و نرخە هاوبەشەكانی كۆی گشتی مرۆڤایەتی.
ژنانی وڵاتەكەمان، چاوەڕوانی یاری دەبستانی خۆیانن!!
هەر لەسەرەتای شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی چینی خوێندكار و بەتایبەتی چینی گەنجان، یار و پشتیوانی شۆڕشەكەن، بەڵام ئەمڕۆ ئیدی شۆڕشی ژنان و گەنجان و خوێندكاران و گەلان، بەو بێ رێزیانەی رژێمی داگیركەر و دژە كۆمەڵانی ئێرانی دەستی داوەتێ، شۆڕش دەربازی قۆناخێكی دیكە لەتێكۆشان بۆ ئازادی بووە. ئەگەر ئەمڕۆ و بەرۆژی روناك، كچان و ژنان بەشێوەیەكی وەحشیانە لەخوێندنگا و زانكۆوەكان ژەهرخوارد دەكەن، ئەوا دوو سبەی رەحم بەكەس ناكەن، ئەو رژێمە، رژێمی خوێن و ئەشكەنجە و دەستدرێژی و نائەخلاقیەكانە، هیچ بەهایەكی مرۆڤیی ناناسێت، بۆیەش دەبێت كەس چاوەڕوانی ئەوە لەو رژێمە نەكات كە هەروا بەئاسانی گوێ لەداواكاریە رەواكانی گەلانی ئێران و چین و توێژەكانی كۆمەڵگەی ئێران بگرێت. دەبێت خوێندكاران و مامۆستایانی رۆشنبیر و پێشهنگ رۆڵی مێژوویی و كۆمەڵایەتی خۆیان هاوشێوەی مێژوویی پڕ لەشانازیان لەئەستۆ بگرن. ژنانی ئێرانی بەتێكڕا هەمیشە پێشەنگی شۆڕش و وەرچەرخانە دیموكراتیەكانیان لەئێران كردوە، بۆیەش رەوا نییە لەئاست ئەو بێ رێزیانە، چین و توێژەكانی تری كۆمەڵگە و بەتایبەتی یارانی دەبستانی چاو و دەم و گوێی خۆیان دابخەن. خوێندكارانی ئێران هەم رابردوو و هەمیش داهاتوو رۆڵیان هەبووە لەدیاری كردنی رێڕەو و وەرچانە كۆمەڵایەتیەكان، بۆیەش ئەمڕۆ دەبێت رۆڵی لەمێژینەی خۆیان هاوشێوەی رابردوو نیشانی هەموو جیهان بدەن و هەست و سۆزیان لەگەڵ ژنان پتەوتر بكەن لەپێناو داهاتوویەكی گەشتتر بۆ هەموو گەلانی ئێران و دەبێـت ئەوەش باش بزانن كە تەمەنی زوڵم و زۆرداری زۆر كورتە و زاڵمانیش هاوشێوەی زوحاكەكان و نەمروودەكانی رابردوو كۆتایەكەیان لەناوچوونە. داهاتووش هی ئەو كەسانەیه كە ئەوینداری ئازادی و كۆمەڵگەیەكی ئازادن.
ژ.ت