راپەڕینەكەی ئەمساڵم، بێ هەڵمەت و چاوەڕوانی هەڵمەتێكە
راپەڕینەكەی ئەمساڵیشم، بێ هەڵمەت بوو. هەڵمەتەكەم، هەڤاڵم، رۆح و گیانم، زۆر چاوم گێڕا، نەتمبینی.
راپەڕینەكەی ئەمساڵیشم، بێ هەڵمەت بوو. هەڵمەتەكەم، هەڤاڵم، رۆح و گیانم، زۆر چاوم گێڕا، نەتمبینی.
راپەڕینەكەی ئەمساڵیشم، بێ هەڵمەت بوو. هەڵمەتەكەم، هەڤاڵم، رۆح و گیانم، زۆر چاوم گێڕا، نەتمبینی. بەشەوقی تۆوەوە كە بۆنی راپەڕینت پێوە بوو، خۆشەویستیم بۆ راپەڕین، دەیبردمەوە بۆ راپەڕین، بۆ ساڵەكانی بەرخۆدان و خۆڕاگری. بۆ نێو شەقام و كۆچە و كۆلانی رانیە و قەڵادزێ و حاجیاوا، بۆ بڕبڕەی پشتی چیا، بۆ ناو گەرمەی بارووت و خوێن، بۆ هەناسە و بۆنی عارەقە و رەنجی بێكەران، بۆ شۆڕشی لای شۆڕشگێڕان. دەیبردمەوە بۆ شەقامەكانی نێودڵی گەل، بۆ هەناسە گەرم و گۆڕەکانی نێو شادەمارەكانی جوانیی گەل. دەیانبردینەوە بۆ ئەو كاتانەی تۆ بووی بەسیمبۆل و بەرهەمی ئەو چاخە و ئەو دیرۆكە، دەچووینەوە بۆ سەرەتای ژیان و نوێ بوونەوە، بەڵام ئەمڕۆ دڵ شكاوە و گەل زەویرە، دەستی جەلاد، هی برا گەورە و ماڵەلاسارە.
پێنجی ئادار بوو، ئەمڕۆ؛
چاوەم گێڕا نەتمبینی، وام دەزانی لەنێو ئاپۆرای گەلدای، وتار دەدەی و پیرۆزبایی دەكەی، وام هەست دەكرد، دەستی دایكان ماچ دەكەی و بەدەم منداڵەكانەوە راوەستاوی و خەندە و پێكەنینيان لەگەڵ دابەش دەكەی. وامدەزانی لەبەردەم پیرپیاوانی داغ لەدڵ، دانیشتووی و دڵدارییان دەدەیتەوە. وام دەزانی و نەتمبینی. هەڤاڵم وا بزانم نەهاتبووی. ئەمجارەش راپەڕینم بەبێ تۆ تێپەڕی. نەسەما بوو و نە خۆشی و نە گۆرانی و نە هەلەهەلەی دایكان و نە ئاواز و هەڵبەست و دروشمی راپەڕین.
ئەمساڵیش وەكو پار، كەم بایەختر بوو، پێنجی ئادار. هەڤاڵم بیرم ناچێت، كە مانگی ئادار دەهات، قەڵەم بەدەست، بەرنامەی بۆنە و یادەكانی راپەڕین و پێنجی ئادار و مانگی ئادارت دەنەخشاند. ساڵیادی راپەڕین و دامەزراندنی پارتەكەمانت بەیەكەوە دەتەنیەوە و بەحەماسەتێكی راپەرین ئاسا دەتگووت؛ دەزانن هەڤاڵان ئێمە و پارتەكەمان بەرهەمی راپەڕینین. ئەوەندە لەگەڵ ئامانجەكانی راپەڕیندا یەكانگیر و تێكەڵ بووی، رۆحت دەبەخشی كاروباری" پ چ د ك" و هەركات دەتگووت؛ هەڤاڵان بیرنەكەن، ئێمە رێبوارانی راپەڕینین، لێگەرینوانانی ئامانجی شەهیدان و ئامانجی راپەڕینین و بەو شێوەیە هیوا و ئاواتەكانت لەدڵماندا دەگەشاندەو.
هەڵمەت بەزێنەكەی راپەڕینم"ئەی هەڤاڵی شەهیدم"، تۆ بەعەشقی راپەڕینەوە، شاری هەڵمەت و قوربانی، نازناوی هەڵمەتت هەڵبژاربوو، بەڵام راپەڕینی ئەمساڵیشمان بەبێ پێكەنین و بزەی سەر لێوەكانی تۆ، عەتری راپەڕین و گوڵ و شایی و شكۆداری راپەڕین تێپەڕی. هەرچی دەچێ، هاواری راپەڕین بۆ نان و ئازادی، یادی ساڵانی شۆڕشم دێننەوە یاد. راپەڕینم نەبینی، تەنیا تۆڕەیی پەنگخواردووی سێ سەدە لەراپەڕین و شەقامێكی چۆڵ و وێرانە وەها بیروهۆشمی بردبوو، نەمدەزانی ئادارە، ئادار. بیرمی دەبردەوە رۆژانێك لەسەر ئەم شەقام و كۆچە و كوڵانە بەبەرد و دار و قڵماسك و قۆچەقانێَ چاو و سەرو كەلاك و دڵی نەیارانمان لەسەر دەستی شێرە كۆڕان و كچان و دایكان و باوكان كەوتبوونە زیڕە.
هەڵمەتەكەم؛ شارە شێواوە و بازاڕ وەستاوە و دڵەكان شكاون و شووشەی سەبری كۆمەڵگە و گەل، درزی تێكەووتووە كەس نابینی خۆشحاڵ بێ، كەس نابینی جل و بەرگێكی نوێ لەبەر بێ. وەكو ئەوەی مەرگەساتە، مەرگەسات.
هاواری نەمان بۆ دیكتاتۆری خۆماڵی شاری تەنیووە. ئەمجارەیان لەبەر براگەورە و بۆرە پیاوانی دۆلار كین و نفرەت و توڕەیی پەنگی خواردووەتەوە. گریان و شیوەن و بزەی سەر لێوی دایكان و سەرچۆپی و هەڵپەڕكێی شۆڕەسوارانی نیشتمان ئێدی لەراپەڕینە بێ نازەكەی سێ سەدە لەمەوبەر كۆچی كردوە، كۆچی كردوە. هەڵمەتەكەم، هەڤاڵە خۆشەویست و شیرین و هێز و ورەی بەرخۆدانم، خۆزگە دەتبینی كە گەلەكەمان شێواوە و رەق و قینیان ئەستورتر بووە، فتنە و فەساد هەڵكشاوە، بێ دادی و نەبوونی نان و ئازادی و بیرورا و رەگەزگەرایی كاسەی سەبری گەنجان و ژنانی ژاكاندوە. شۆڕشگێڕان بەسەر گۆڕی شەهیداندا، باز دەدەن، باز... زەریاچەكەی راپەڕینم لەشەپۆل و هاژە و رزگار وەستاوە هۆنەریش ئێدی حەماسەتەكەی جارانی نەماوە... هەستم دەكرد، راپەڕین بێ هەڵمەت چەندە بێنازە، تۆش نەبووی و ڕاپەڕینەكەی باشوری وڵات؛ چاوەڕوانی راپەڕین و هەڵمەتە...
بەیادی پێنجی ئادار؛ رۆژی راپەڕینە مەزنەكەی گەلەكەمان لەباشوری وڵات و یادی"پ چ د ك" و یادێك لەهەڤاڵ و فەرماندی شەهید"دیار غەریب"ناسراو بە"هەڤاڵ هەڵمەت".
ژ.ت