بە بەشداری هەرچوار پارچەی کوردستان، ڤستیڤاڵی شانۆی کەرکوک ڕاگەیاندرا

بەڕێوەبەری دەزگای ڤستیڤاڵی شانۆی کەرکوک: "پێداگیریمان کردووە کە ناسنامەی ڤستیڤاڵ بپارێزرێت کە بریتییە لە ڤستیڤاڵی کوردستانی هەرچوار پارچەی کوردستان".

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە سەنتەری رۆشنبیری شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، سێ-هەمین ڤستیڤاڵی شانۆی کەرکوک ڕاگەیاندرا، ، ڤستیڤاڵەکە ماوەی پێنج رۆژ دەخایەنیت، لە رۆژی ٥ی نۆڤەمبەر تا ١٠ی نۆڤەمبەر، لەماوەی ڤستیڤالەکەدا بۆ یەکەم جار زنجیرەیەک شانۆی هەردوو شانۆی شەقام و شانۆی ناو هؤڵ پێشکەش دەکرێت، ئەو شانۆیانەش لە چەندین شوێنی جیاوازی شاری کەرکوک نمایش دەکرێت.

هەروەها جێگای باسە نەک تەنها لە کەرکوک و باشوری کوردستان بەڵکو لە رۆژئاوا، رۆژهەڵات و باکوری کوردستانیش تیبی شانۆی بەشداری لە سێ-هەمین ڤستیڤاڵی شانۆیی کەرکوک دەکەن.

 محەمەد سەید بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی رۆشنبیری و هونەری کەرکوک، سەبارەت بە سێ-هەمین ڤستیڤاڵی شانۆی کەرکوک، لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا ڕایگەیاند: "بەو پەڕی خۆشحاڵیەوە سێ-هەمین ڤستیڤاڵی شانۆی کەرکوک ڕادەگەینین، ئەم ڤستیڤاڵە جێگای خۆی لە دڵی سەرتاسەری کوردستان کردۆتەوە بۆیە جێگای شانازییە ئەم ڤستیڤاڵە ڕادەگەینین، وە ئەم ڤستیڤاڵە لەسەر بودجەی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دابین کراوە".

 هەروەها سەبارەت بە زانیاری زیاتری تایبەت بە شانۆکارییەکانی ڤستیڤاڵەکە، بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی رۆشنبیری و هونەری کەرکوک ڕایگەیاند: "ڤستیڤاڵەکە لە ٢٠ شانۆکاری پێکهاتووە، کە ١١ شانۆیان شانۆی سەرشەقامن و ٩ شانۆیانیش شانۆی ناو هۆڵن، جێگای خۆشحاڵیە کە دوای ماندووبوونێکی زۆر توانیمان ڤستیڤاڵەکە لەکاتی خۆی ئەنجام بدەین کە رۆژی ٥ی مانگی داهاتوو دەستپێدەکات تا رۆژی ١٠ی مانگی داهاتوو بەردەوام دەبێت".

لەلای خۆیەوە شکۆ کەرکوکی بەڕێوەبەری دەزگای ڤستیڤاڵی شانۆی کەرکوک، ڕایگەیاند: "ڤستیڤاڵی ئەمساڵمان تایبەتمەندیەکی جیاوازی هەیە بەراورد بە ڤستیڤاڵەکانی سالانی پێشو کە لە ڤستیڤاڵی ئەمساڵ بۆ یەکەم جار هەوڵی تەواوی شانۆکاران یەکخراوە بۆ ئەوەی هەردوو جۆری شانۆی شەقام و شانۆی هۆڵ لە چوارچیوەی یەک ڤستیڤاڵەدا کارەکانیان پێشکەش بکەن، وەکو ئاماژەی پێکراوە ٢٠ شانۆ پێشکەش دەکرێت لەگەڵ کۆڕی ڕەخنەی و سیمینار و پانێڵ".

 لە کۆتایدا بەڕێوەبەری دەزگای ڤستیڤاڵی شانۆی کەرکوک، ووتی: " ئەوەمان لەبیر نەچێت هەردوو لایەنی شانۆی شەقام و هۆڵ بەخۆشحاڵیەوە پێداگیریمان کردووە لەوەی کە شوناس و ناسنامەی ڤستیڤاڵ بپارێزرێت کە بریتییە لە ڤستیڤاڵی کوردستانی بە بەشداری هونەرمەندان و شانۆکارانی هەرچوار پارچەی کوردستان".

هـ . ب